چین: ئەمەریکا سنوورییە ئاوییەکانی ئێمەی بەزاندووە

سوپای چین رایگەیاند، کەشتییەکی جەنگی ئەمەریکی بە شێوەیەکی نایاسایی چووەتە ناو ئاوەکانی تەنیشت دوورگەی تۆماس شوالی لە دەریای باشووری چین کە کێشە لەسەرە.

 ئەمڕۆ دووشەممە، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی باشووری چین لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئەمەریکا بە شێوەیەکی جددی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدات.

 ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکا بە ئەنقەست گرژییەکان لە دەریای باشووری چین بەرزدەکاتەوە و بە جۆرێک سەروەری چین پێشێل دەکات

 چین کێشە و ناکۆکی لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی دراوسێکانیدا هەیە، کە لە چەند مانگی رابردوودا چەندین جار رووبەڕووی کەشتییەکانی فلیپین بووەتەوە و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەوریەی کەشتییەکان دەربڕیوە.

 گوتەبێژەکە باسی لەوەشکرد، سوپای رزگاریخوازی گەلی چین هێزێکی دەریایی ئامادەکردووە بۆ بەدواداچوون و چاودێریکردنی کەشتییە ئەمەریکییەکان، هەروەها “هێزەکانی ئۆپەراسیۆنەکان لە هەموو کاتێکدا لە ئامادەباشییەکی بەرزدان بۆ ئەوەی بەرگری لە سەروەری نیشتمانی بکەن”.

چین و ئەمەریکا وەکو دوو زلهێزی جیهان، چەندین ساڵە کێشە و ناکۆکیان هەیە، دواین دیداری هەردوو سەرۆکانی چین و ئەمەریکا لە پەراوێزی كۆڕبه‌ندی هاریكاری ئابووری ئاسیا و زه‌ریای هێمن، کە له‌ ویلایه‌تی كالیفۆرنیا بەڕێوەچوو کۆبوونەوە و چەندین بابەتییان تاوتوێ کرد، یەکێک لەوانە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین بوو.

ھەواڵی زیاتر