فهرمانگهی میدیایی پهرلهمانی عێراق بڵاویكردهوه، دانیشتنی پهرلهمانی عێراق كه ئهمڕۆ بۆ ههڵبژاردنی سهرۆكێكی نوێ بهڕێوهچوو، بۆ رۆژی دووشهممه دواخرا.
پێشتریش شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگهیاندبوو، لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ بڕیار بوو کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان بەرێوەبچێت، بەڵام زۆربەی پەرلەمانتارەکان ئامادهی دانیشتنهكه نهبوون.
گوتبوشی: بەگشتی ئەستەمە پرۆسەی ههڵبژاردنی سهرۆكێكی نوێ بۆ پهرلهمان بەڕێوەبچێت، هۆکاری یەکەم، زۆربەی لایەنە شیعەکان کاندیدبوونی “شەعلان کەریم” رەتدەکەنەوە، هەروەها لەسەر ئەو بنەمایە دوو سکاڵا لەلایەن “باسم حەشان و یوسف کیلابی”یەوە تۆمار کراون، بڕیاریشە رۆژی دووشەممە، ئەو پرسە لە دادگای باڵای فیدراڵی یەکلایی بێتەوە، چونکە ئەو دوو پەرلەمانتارە و زۆربەی شیعەکان شەعلان کەریم تۆمەتبار دەکەن ستایشی بەعسییەکانی کردووە، کە لە گەڕی یەکەم 152 دەنگی بەدەستهێناوە و زۆرترین دەنگ بووە.
هۆکارێکی دیکە کە رێگرە لەسەر بەرێوەچوونی ئەو پرسە، ئەوەیە سوننەکان یەک کاندیدیان نییە بۆ ئەو پۆستە، هەروەها ئێستا تەنها دوو کاندید هەیە، یەکێکیان شەعلان کەریمە و لەلایەن حزبی تەقەدووم حەلبووسی پاڵپشتی دەکرێت، کاندیدی دووەمیش سالم عیساوییە، هاوپەیمانی سیادەی خەمیس خەنجەر و بەشێک لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان پاڵپشتی دەکەن، تەنها 97 دەنگی بەدەستهێناوە.
بڕیار بوو ئەمڕۆ کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، کە حەوت بڕگەی لەخۆ گرتبوو، بڕگەی یەکەمی تایبەت به بهڕێوهچوونی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق بوو، ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی شەممەی رابردوو، 13ـی ئەم مانگە، گەڕی یەکەم بەڕێوەچوو، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ کاندیدێک دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا، دانیشتنەکە دواخرا.
رۆژی (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوورخرایهوه.
حەلبووسی لە ساڵی 2018ـەوە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بوو، هاوکات سەرۆکی حزبی تەقەدومە. پێشتر و بەر لەوەی ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، لە 29ـی ئابی 2017، ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە زۆرینەی دەنگ حەلبووسی کردە پارێزگار.