نووسینگەی سوودانی: وادەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان دەستنیشان دەکرێت

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، خشتەی کاتی دیاریکراو بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عێراق دادەڕێژرێت.

نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، ئەمڕۆ شەممە، 27-01-2024، بە پاڵپشتیی سوودانی، کارەکانی لیژنەی باڵای هاوبەشی سەربازیی نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا “بۆ پێداچوونەوە بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان، دوای سەرکەوتنی عێراق بەسەر بەهێزترین گرووپە تیرۆریستییەکانی جیهان” دەستیانپێکرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، پسپۆڕە سەربازییەکان ئەرکی کۆتاییهێنان بە “ئەرکە سەربازییەکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، دوای دەیەیەک لە کارکردن و ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق لە دژی داعش بەدەستدەهات” لە ئەستۆ دەگرن.

دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ؛ کارەکانی ئەو لیژنە باڵایە لەسەر ئاستی سێ گرووپی کار دەستپێدەکەن کە بریتین لە: ئاستی مەترسی و هەڕەشەکانی داعش، پێداویستیی ئۆپەراسیۆنەکان و بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی هێزە ئەمنییەکان عێراق.

نووسینگەی سوودانی دەڵێت: لە چوارچێوەی ئەم پێداچوونەوەیەدا، خشتەی کاتی دیاریکراو بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دادەڕێژرێت و دواتر هەنگاو دەنرێت بۆ پەیوەندییە ئەمنییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا و ئەو وڵاتانەی لە هاوپەیمانییەکەدا بەشدارن.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لایەنەکان پابەند دەبن بە ڕێککەوتنە ستراتیژییەکەی ساڵی 2008ـی نێوان عێراق و ئەمەریکا، ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە قۆناغی دانوستان لە سەرتاسەری وڵات پارێزراو دەبن و ڕێگری دەکرێت لە پەرەسەندنی گرژییەکان.

لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێزانینی خۆی بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بۆ ئەو هاوکارییە سەربازییانەی  پێشکەشی عێراقی کردن لە شەڕی دژ بە داعش، دەربڕی. هەروەها خواستی عێراق بۆ هەنگاونان بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ هەموو وڵاتانی هاوپەیمان دووپاتکردەوە.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە 07ـی ئۆکتۆبەری 2023، زیاتر لە 120 جار لە عێراق و سووریا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی “سەر بە ئێران” کە خۆیان بە “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” ناساندووە، هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا.

ئەمەریکاش وەکو تۆڵەکردنەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هێزەکانی لە عێراق و سووریا، چەند جارێک بنکە و کۆگاکانی ئەو گرووپانەی بۆردوومانکردووە و بەهۆیەوە دەیان چەکدار کوژراو و برینداربوون؛ بۆیە لەنێوخۆی عێراق فشارێکی زۆر لە سوودانی دەکرێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە ئەرکە سەربازییەکەی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بهێنێت. کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆش، بە گوتەی چاودێران، ئەنجامی ئەو فشارە سیاسییانە بوو، کە لەسەر سوودانی بوون.

ھەواڵی زیاتر