مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەرانبەر یۆنان تووشی شکستێکی مێژوویی بوو
یۆرگن کلۆپ، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، لەدوای دەستبەکاربوونی وەکوو راهێنەر تووشی یەکەم شکست بوو، کاتێک یەکشەممە لە یاریگەی خۆیدا تیپەکەی لە یارییەکی خولی نەتەوەکانی ئەوروپادا بە ئەنجامی 0- 1 بەرانبەر یۆنان دۆڕا، لە یارییەکدا بە ئەنجامێکی چاوەڕێنەکراو لەقەڵەم دەدرێت.
لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ARDی ئەڵمانی، کلۆپ ئاماژەی بەوە کردووە، دۆڕاندنەکە “بەشێکە لەو پرۆسەیەی” کە بەئەستۆی گرتووە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی تیپەکە، ئاماژەی بەوەش کردووە، بەرپرسیاریەتیی تەواوی پێکهاتەی سەرەکی و پلانی یارییەکە و ئەو گۆڕانکاریییانەی لە کاتی یارییەکەدا کردوویەتی لە ئەستۆ دەگرێت.
دیمیتریۆس کۆربێلیس کە وەک یاریزانی یەدەگ بەشداریی کرد و چووە نێو یارییەکە، لە خولەکی ٧٤ بە لێدانێک کە ئاڕاستەی رێڕەوەکەی گۆڕا، تاکە گۆڵی یارییەکەی تۆمارکرد و یەکەم سەرکەوتنی بۆ یۆنان بەسەر ئەڵمانیادا بەدەست هێنا و کە سەرکەوتنێکی مێژوویی بوو. یەکەم یاریی کڵۆپیشی لە یاریگەی خۆیدا بە شکست کۆتایی پێ هێنا.
ئەم شکستە چەند ڕۆژێک دوای یەکسانبوونی ئەڵمانیا لەگەڵ هۆڵەندا بوو لە یەکەم یاریی کلۆپ دوای وەرگرتنی ڕاهێنەرایەتیی ئەڵمانیا. کلۆپ پێنج گۆڕانکاریی لە پێکهاتەی سەرەکیی خۆی بەرانبەر یۆنان ئەنجام دا، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانیەتی بۆ گەنجکردنەوەی تیپەکە و پێدانی دەرفەت بە چەند یاریزانێک.
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە نیوەی یەکەمدا کۆنتڕۆڵی یارییەکەی کردبوو و بە پێی ئامارەکانی ئۆپتا 77%ی تۆپی لە لا بوو. بەڵام کێشەیەکی گەورەی هەبوو بۆ گۆڕینی باڵادەستی خۆیان بۆ هەلی ڕاستەقینە. لێدانەکەی کەریم ئادێیمی کە بە شێوەیەکی ناوازە لەلایەن کۆنستنتینۆس تزۆلاکیس گۆڵپارێزی یۆنانی لە خولەکی ٣٢دا گەڕێندرایەوە، مەترسیدارترین دەرفەتی نیوەی یەکەمی ئەڵمانیا بوو.
لە لێدوانەکانیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا، کڵۆپ ئاماژەی بەوە دا کە یەکسانبوونی قبووڵ بوو، بەڵام شایانی دۆڕاندن نەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا جەختی لەسەر بەرزکردنەوەی متمانەی یاریزانان لە شێوازی یاریکردنیان کردەوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە هەڵبژاردەی یۆنان بە پلانێکی ڕوون هاتووەتە نێو یارییەکەوە و بە سەرکەوتوویی جێبەجێی کردووە.
یۆنان لە نیوەی دووەمدا ئاستی خۆی باشتر کرد و چەند جارێک مەترسیی لەسەر گۆڵی یانەی خاوەن یاریگە دروست کرد. فۆتیس یۆانیدیس هەلێکی مەترسیداری لەدەست دا، جۆناسان تاهی بەرگریکاریش هەوڵێکی دیکەی یۆنانی پووچەڵ کردەوە، پێش ئەوەی کۆربێلیسی یاریزانی یەدەگ گۆڵە یەکلاکەرەوەکە تۆمار بکات، ئەمەش هاندەرانی ئەڵمانیای تووشی شۆک و تێڕامان کرد.
جۆناتان تاهـ دانی بەوەدا نا کە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا ئاستی وەک پێویستی پێشکەش نەکردووە و نائومێدی و تووڕەیی خۆی لە ئەنجامەکە دەربڕی. بەڵام داوای خۆڕاگری و بەردەوامیی کارکردنی کرد، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی تیپەکە توانای ئەوەی هەیە لە یاریی داهاتوودا قەرەبووی ئەنجامەکە بکاتەوە، سەرەڕای پاشەکشەی دۆخی ئەرێنیی دەوروبەری ڕاهێنەرە نوێیەکە دوای شکستەکە.
بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە میونشن ڕووبەڕووی سربیا ببێتەوە، پێش ئەوەی ڕۆژی یەکشەممەی دواتر بۆ یاریی گەڕانەوە بۆ یۆنان گەشت بکات. کڵۆپ نیازی خۆی دووپات کردەوە بۆ بەردەوامبوون لە سیاسەتی جیگۆڕکێ و ڕۆڵگۆڕکێی نێوان یاریزانان و گۆڕانکاری لە پێکهاتەی تیپەکەیدا، لەکاتێکدا هەوڵدەدات پێکهاتەی تیپەکە دووبارە دابڕێژێتەوە.
ڕاهێنەرە ئەڵمانییەکە ڕوونی کردەوە کە ستافی ڕاهێنەران و یاریزانەکان هێشتا لە قۆناغی هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی باشترین شێوازی یاریکردنن، ئاماژەی بەوەش کرد کە یارییەکە وانەیەکی بنیاتنەرە و کار بۆ باشترکردنی ئاستی تیپەکە لە پاڵەوانێتییەکانی داهاتوودا دەکات.
ڕێگەچارەی هەڵسانەوەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا چییە؟
هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەڵمانیا مێژوویەکی پڕ دەستکەوت و ناسناو و بەرهەمی هەیە، چوار جار بووەتە پاڵەوانی جیهان، بەڵام دۆخی ئێستەی جیاوازە و وەکوو تیپێکی ئاسان دەردەکەوێ. لە جامی جیهانی ٢٠٢٦ لەسەر دەستی پاراگوای ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد. هاوکات دوای مۆندیال و گۆڕانکارییەکانیش و هێنانی راهێنەری نوێ، ئەڵمانیا هێشتا هەر ئەڵمانیایەکی لاوازە و پێویستەی بە ڕێگە و دەروازەی دیکەیە بۆ دەربازبوون لەو دۆخە ناهەموارەی دڵی ئەڵمانییەکانی تەنگ کردووە.
ئەوەی چاودێرانی وەرزشیی پێیان دەبێ بگیرێتە بەر بۆ هەڵسانەوەی ئەڵمانیا، ئەوەیە کە پێویستە یۆرگن کڵۆپ هەرچی زووە شێواز و سیستەمی خۆی بە خێرایی جێگیر بکات، چونکە هەر خەریکی ئاڵوگۆڕی یاریزان و جێگۆڕکێ و ناوەندگۆڕکێی یاریزانانە، ئەو شێوازە ناجێگیرە، ڕەنگە زیانی لێ بدات. چونکە گۆڕینی زۆری یاریزان و شێوازی یاریکردنیان دەتوانێت کێشە دروست بکات. پێویستە یەک سیستەم و یەک شێوازی یاری دیاری بکرێت و بەردەوامی پێ بدرێت.
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە یارییەکەی بەرانبەر یۆناندا کێشەی گەیشتن بە گۆڵی هەبوو؛ بۆیە پێویستی بە پلانێکی ڕوونترە بۆ شکاندنی بەرگریی تیمی بەرانبەر، بە تایبەت کە نیوەی یەکەم بە تەواوی کۆنتڕۆڵ یاریگەی کردبوو.
هاوکات پێویستە پشت بە یاریزانە لاوەکان ببەستێ، بەڵام بە هاوسەنگی، وەکوو مووسیلا و ویرتز، یاریزانە نوێیەکان دەکرێ ببنە بناغەی داهاتوو، بەڵام نابێت ئەزموونی یاریزانە گەورەکان بە تەواوی فەرامۆش بکرێت.
هاوکات کێشەی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەکەش، هۆکارێکی دیکەی لاوازیی ئاستی ئەڵمانیایە، هەریەک لە کیمیچ و نمێچا لە ناوەڕاستدا گرنگن، بەڵام تیمەکە پێویستی بە هاوسەنگیی زیاترە لەنێوان پارێزگاریکردن لە گۆڵ و دروستکردنی هێرش هەیە.
بە گشتی یۆرگن کڵۆپ پێویستە بەزویی کۆمەڵێک یاریزانی سەرەکی دیاری بکات.
هاوکات بەو پێیەی یۆرگن کڵۆپ لە ١٥ی ئاب ٢٠٢٦ دەستی بە کار کردووە وەکوو راهێنەری ئەڵمانیا و پلانی کاری بۆ یۆرۆی ٢٠٢٨ و جامی جیهانیی ٢٠٣٠ دانراوە؛ بۆیە پێویست بەوە ناکا فشاری بخرێتە سەر و دەبێ ئەم قۆناغەی وەکوو قۆناغی دروستکردن و بنیاتنانەوەی تیپەکە بۆ هەژمار بکرێ و یارییەک و دوو یاری نەکرێتە سەنگی مەحەک بۆ پێوانەکردنی ئاستی.

