ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
گەڕی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق کۆتایی هات و هەولێری هۆلاکۆبەزێن لە لوتکەی خولەکە مایەوە، یانەی دهۆکیش ریمۆنتادایەکی مێژوویی لە دژی قوە جەوییەی بەغدا تۆمار کرد.
شورتەی بەغداش نەیتوانی هەولێر رابگرێت
لە یاریی لوتکەی گەڕی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی شورتە لەنێو جەرگەی بەغدا لە یاریگەی شەعب لەبەردەم ئاپۆڕای هاندەرانی میوانداریی هەولێری کوردانی کرد.
هەولێر ئەو یارییەی بەبێ چەندان ئەستێرەی کرد، دیارترینینان میۆلین ناتانی هێرشبەری بەرازیلی بوو کە بەهۆی پێکانەوە لەو یارییە ئامادە نەبوو، جگە لەوەش هومام تاریق، عەلا رەعد و حوسێن رائیدیش بەهۆکاری جیاواز نەیانتوانی هاوشانی هەولێر گەشتی بەغدا بکەن.
هەولێر لەو یارییە چەندان دەرفەتی گۆڵی بۆ رەخسا بەڵام مستەفا قابیل و ئیڤیانی ئیزێ نەیانتوانی سوود لە دەرفەتەکان وەربگرن.
لە لایەکی دیکەشەوە هێڵی بەرگری هەولێر ئاستێکی مێژووییان پێشکەش کرد و بەتەواوەتی شورایەکیان لە دژی هێرشبەرانی شورتە دروست کرد.
موهەند عەلی ناسراو بە میمی هاوشانی فیدلیس کۆکۆ و حوسێن عەلی و لیۆنێل ئاتیپا هەوڵی زۆریاندا بەڵام نەیانتوانی بەربەستی یەکسانبوون و شورای پۆڵایینی هێڵی بەرگری هەولێر بشکێنن.
یارییەکە تاکۆتایی بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتایی هات، ئەنجامەکە بۆ شورتە بە تامی شکست بوو، بەڵام بۆ هەولێرییەکان تامی سەرکەوتنی دەدا.
هەولێر بە کۆکردنەوەی 11 خاڵ لە سەرلیستی یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق مایەوە.
هەولێر گەڕایەوە پایتەختی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە ئامادەکارییەکانی بە چڕی بۆ یاریی رۆژی سێشەممە بەرامبەر دیالا دەستپێدەکات کە بڕیارە لە نێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری ئەو یارییە ئەنجام بدات.
هەولێر ئەم وەرزە بە راهێنەرایەتی لوئەی سەڵاح لە کۆی پێنج یاری تەنیا یەک گۆڵی لێکراوە، ئەمەش کەمترین رێژەی گۆڵلێکرانە لەسەر ئاستی سەرجەم خولەکە.
شۆڕشەکەی دهۆک بە تێکشکاندنی جەوییە دەستیپێکرد
چاوەڕوانییەکانی هاندەرانی دهۆک لە یەحیاگوڵمحەمەدی ئێرانی کۆتایی هات، ئەو راهێنەرە دوای چوار یاری یەکەمین سەرکەوتنی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ یانەی دهۆک بەدەستهێنا، بەڵام بردنەوەکە تامی شەش خاڵی دەدا.
لە گەڕی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دهۆک لە بەردەم هەزاران هاندەری، میوانداریی قوە جەوییەی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکەی کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو یانەیە ئەم وەرزە بەشداریی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا دەکات.
قوە جەوییە لە خولەکی 15 لە رێگەی کاپتن و مایسترۆی یانەکە سەعد عەبدولئەمیر بە گۆڵێک پێشکەوت، بەڵام لە کۆتاییەکانی یارییەکە جەنگاوەرەکانی بادینان وانەیەکی وایان بە قوە جەوییەدا هەرگیز لەبیری نەکەن.
پێش ئەوەی ناوبژیوان فیکەی کۆتایی نیوەی یەکەم لێ بدات مەحموود مەواسی پیشەگەری سووری لێدانێکی پێناڵتی بۆ دهۆک بەفیڕۆدا و یانەکەی لە دەرفەتی یەکسانبوون بێبەش کرد، بەڵام لە نیوەی دووەم رووداوە گەورەکە روویدا و هەڵۆیەکانی یەحیا گوڵمحەمەدی ریمۆنتادایان بە سەر هێزی ئاسمانی بەغدا کرد.
لە خولەکی 75 ئیگۆر هێنریکی هێرشبەری پیشەگەری بەرازیلی گۆڵی بەرامبەربوونی دهۆکی بە لێدانی پێناڵتی تۆمار کرد.
دواتر هەمان یاریزان بە ئەسیستی مەحموود مەواس گۆڵێکی کوشندەی تۆمار کرد و یەکەمین سەرکەوتنی بۆ دهۆک لەم وەرزە بەدەستهێنا، لەبەرامبەردا جەوییە تاڵاوی یەکەمین شکستی لەم وەرزە چەشت.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە دهۆک ئامادەکارییەکانی بۆ یاریی سێشەممە بەرامبەر گازی باکوور نوێنەرەکەی شاری کەرکووک دەستپێدەکات.
ئاگری نەورۆز نەفتی میسانی کردە خەڵوز
لە گەڕی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی نەورۆز لە دەرەوەی یاریگەی خۆی شکستی بە یانەی نەفتی میسان هێنا، ئەگەر 3 خاڵی یارییەکەی تەڵەبە لە نەورۆز وەرنەگرنەوە سوورپۆشەکانی سلێمانی دەبێتە خاوەنی دووەمین سەرکەوتن لەم وەرزە.
نەورۆز ئێوارەی هەینی بە دوو گۆڵی بێوەڵام شکستی بە یانەی نەفتی میسان هێنا و بە 3 خاڵ شاری میسانی جێهێشت و گەڕایەوە سلێمانی و ئامادەکاری دەکات بۆ یارییەکەی چوارشەممە لە نێو یاریگەی خۆی بەرامبەر موسڵ.
نەورۆز بە راهێنەرایەتی وەلی کەریم یاری لە دوای یاری ئاستی بەرەو هەڵکشان و جێگیربوونی زیاتر دەڕوات.
نەورۆز لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە کۆی پێنج یاری دوو سەرکەوتن و یەکسانبوونێک و شکستێکی هەیە.
ئامانجی نوێنەرەکەی کەرکووک روون و ئاشکرایە
یانی گازی باکووری شاری کەرکووک کە ئەم وەرزە بۆ یەکەمجار بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق سەرکەوتووە، تارادەیەک ئاستی جێگەی رەزامەندی هاندەران و کوردستانیانە.
ئەگەرچی لە دوایین یاری بەرامبەر یانەی جۆلان دۆڕا بەڵام یانەکە سەرکەوتنێک و دوو یەکسانبوونی هەیە و شەڕی مان و نەمان بۆ مانەوە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکات.
موسڵ بە تامی کوردستانی
یانەی موسڵ ئەم وەرزە بە ئاستێکی تاڕادەیەک بەرز دەبینرێت و لە ریزەکانی ژمارەیەک یاریزانی کورد دەبینڕێت، دیارترین عومران زەکی گۆڵپارێزی کوردی پێشووی یانەی زاخۆ، لە ناوەڕاستیش دوو یاریزانی وەرزی رابردووی یانەی هەولێر عەلی شاخەوان و گەیلان لوقمان بە بەردەوامی لە پێکهاتەی یانەکە پشتیان پێدەبەسترێت.
موسڵ لە دوایین یاری بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەکیان لەگەڵ زەورا کەوتە داوای یەکسانبوونەوە، بە گشتی لەم وەرزە لە کۆی پێنج یاری دوو سەرکەوتن و دوو یەکسانبوون و شکستێکی هەیە.

