رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ دوو یانەی کوردستانی دەیانەوێت لە بەغدا یەکەمین سەرکەوتن تۆمار بکەن

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

لە گەڕی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەکانی دهۆک و نەورۆز بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەکانی تەڵەبە و نەفت گەشتی بەغدایان کردووە، هەر دوو یانە کوردستانییەکە بە ئامانجی یەکەمین سەرکەوتن لەم وەرزە دەجەنگن.

دهۆک دەیەوێت گڕ لە نەفتی بەغدا بەردات
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە لە گەڕی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە کاتژمێر 06:30ـی ئێوارە دهۆک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە بەغدا ببێتە میوانی یانەی نەفت.
یانەی نەفت لە دوایین دوو یاری دەستپێکی ئەم وەرزە سەرکەوتنێک و یەکسانبوونێکی هەیە، لە بەرامبەردا دهۆک هێشتا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و لە هەردوو یاری بەرامبەر یانەکانی غەراف و جەویە بەرامبەر بووە.
یەحیا گوڵمحەمەدی راهێنەری یانەی دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەی نەفت رایگەیاند دەرفەتی زۆریان بۆ ئامادەکاری تاکتیکی نییە، دەشڵێت: ئێمە دوو یاریمان لە یاریگای خۆمان کردووە، بەڵام بەداخەوە نەمانتوانیوە بردنەوە بەدەست بهێنین، سەرەڕای ئەوەش یاریزانەکان ئاستێکی باشیان پێشکەش کردووە، هەروەها بۆ یاری ئەمجارە دەرفەتی زۆرمان نییە بۆ ئامادەکاری و کاری تاکتیکی، تەنها ئەوە نەبێت هەندێک هەڵسەنگاندن و کارمان لەسەر تیپی بەرامبەر کردووە، دەشزانین ئەم یارییە یەکەم یارییە لە دەرەوەی یاریگای خۆمان و نەفت تیپێکی زۆر باشە و بەدەستهێنانی خاڵ بەرامبەر ئەو یانەیە زۆر قورسە و پێشبینی یارییەکی قورس دەکەین.
یەحیا گوڵمحەمەدی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا سوپاسی هاندەرانی دهۆکی کرد و گوتی: خۆشحاڵین کە دەبینین هاندەرەکانمان بەم شێوەیە پێشوازیمان لێدەکەن و بێگومان ئەمجۆرە پێشوازییەش دەبێتە هۆی ئەوەی، وزەیەکی زیاتر بە یاریزانەکان بدرێت، ئامانجی سەرەکیمان بۆ یاری داهاتوو سەرەتا بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە و پێشکەش کردنی ئاستێکی باشە.
هەڵۆیەکانی بادینان لە مێرکاتۆی ئەم هاوینە گرێبەستی 11 یاریزانی وەرزی رابردووی نوێ کردووەتەوە، لە بەرامبەردا دەستبەرداری 12 یاریزان بووە و 15 یاریزانی نوێی گواستووەتەوە.

نەورۆز دەیەوێت وانەیەک پێشکەشی تەلەبەکانی بەغدا بکات
لە گەڕی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی نەورۆز لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی تەڵەبە، ئەو یارییە لە کاتژمێر 09:45 خولەکی ئەمشەو بەڕێوە دەچێت.
دۆخی هەردوو یانەی نەورۆز و تەڵەبە لە سەرەتا ئەم وەرزە هاوشێوەی یەکترن، هەردووکیان خاوەنی شکستێک و یەکسانبوونێکن، تەڵەبە لە یەکەمین یاریی ئەم وەرزە بەرامببەر دیالا دۆڕا، دواتر بەرامبەر دهۆک خاڵێکی بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا نەورۆزی کوردان لە یاریی کردنەوەی ئەم وەرزە بەرامبەر قوە جەوییەی پاڵەوان بە 3 گۆڵ بۆ هەر لایەکیان بەرامبەر بوو. دواتر لە گەڕی دووەم بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرامبەر یانەی غەراف دۆڕا.

وەلی کەریم ترسی لە ڤار هەیە
وەلی کەریمم راهێنەری یانەی نەورۆز پێش یارییەکەی ئەمڕۆیان بەرامبەر تەڵەبە رایەگەیاند خولی ئەستێرەکانی عێراق یەکەم خولە لە جیهان کە ئێمە وەک ڕاهێنەر ترسمان لە ناوبژیوان و ڤار هەبێت.
وەلی کەریم راشکاوانە گوتی: ئێمە ئەوەندەی لە بڕیارەکانی ناوبژیوان دەترسین دژمان بێت ئەوەندە لە بەهێزی تیپەکانی بەرانبەر مان ناترسین.
یانەی نەورۆز بە راهێنەرایەتی وەلی کەریم بۆ وەرزی نوێ گرێبەستی 11 یاریزانی وەرزی رابردووی نوێ کردووەتەوە، لە بەرامبەردا دەستبەرداری 16 یاریزانی وەرزی رابردووی بووە و 17 یاریزانی نوێی گواستووەتەوە.

یارییەکانی دیکە
لە درێژەی یارییەکانی گەری سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەمڕۆ بە ئەنجامدانی 3 یاریی دیکە کۆتایی بە یارییەکانی ئەم گەڕە دێت.
لە بەغدا یانەی کارەبا پێشوازی لە یانەی گەرمە دەکات، گەرمە بە راهێنەرایەتی موئیمن سلێمان لە یاریی رابردوو شکستی بە شورتە هێنا و جاڕی سەرکەوتنی لە دژی سەرجەم یانە بەشداربووەکانی خولەکە لێ دا، لە بەرامبەردا یانەی کارەبا هێشتا نەیتوانی لەم وەرزە تامی سەرکەوتن بکەت.
لە یارییەکی دیکە، یانەکانی مینا و غەراف رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، ئەم دوو یانەیە لە یاریی رابردوو سەرکەوتنیان لە دژی دوو یانەی کوردستانی زاخۆ و نەورۆز تۆمار کرد، ئەمەش یەکەمین سەرکەوتنی ئەم دوو یانەیە بوو لەم وەرزە. هەردوو یانەش زۆر بەباشی خۆیان بۆ ئەم وەرزە ئامادە کردووە، غەراف کەمپی مەشقی لەم هاوینە لە وڵاتی میسر کردەوە، لە لایەکی دیکەشەوە مینا ئەم وەرزە بە راهێنەرایەتی حوسێن عەبدولواحید کۆمەڵێک گۆڕانکاری کردووە و ئاستی یانەکە بەرەوپێشچووە.
لە لایەکی دیکەوە، یانەی موسڵ لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری میوانداریی کەربەلا دەکات، خەریکە لە ئێستاوە موسڵ ببێتە ئەسپە ڕەشەکەی خولەکە، بەوپێیەی دوو یاری کردووە و چوار خاڵی بەدەستهێناوە، بەرامبەر گەرمە یەکسان بوو، لە یاریی دووەمیش لە دیالای بردەوە.
ئەم یارییە بۆ یانەی موسڵ زۆر قورسە، ئەگەرچی کەربەلا ئەم وەرزە بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق سەرکەوتووە، بەڵام لە دوو یاریی دەستپێکی ئەم وەرزە بەرامبەر یانەکانی زەورا و شورتە یەکسان بووە.
یانەی موسڵ ئەم وەرزی گۆڕانکاری زۆری لە تیپەکەی کردووە، هەردوو یاریزانی کوردی وەرزی رابردووی یانەی هەولێر (عەلی شاخەوان و گەیلان لوقمان)ـی گواستووەتەوە، ئەو دوو یاریزانە لە یاریی رابردوو بە گۆڵ و ئەسیست سەرکردایەتی یەکەمین سەرکەوتنی موسڵیان لەم وەرزە کرد.