ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
وەزارەتی وەرزشی ئێران فیفا بەوە تۆمەتبار دەکات، کە نەیتوانیوە هاوشێوەی رووسیا مامەلە لەگەڵ ئیسرائیل بکات، لە هەمان کاتدا داواشی کردووە ئەندامێتی ئەو وڵاتە لە فیفا هەڵپەسێرێت. لە لایەكی دیكەیشەوە لە كۆی 16 یانەی خولی نایابی ئێرانی، 12 یانە داوا دەكەن خولەكانی ئەم وەرزە دەست پێ نەكاتەوە.
ئێران فیفا تۆمەتبار دەكات
ئەحمەد دونیا مالی، وەزیری وەرزشی ئێران لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵوی تورکی، سەبارەت بە هەڵپەساردنی ڕووسیا لەلایەن ڕێکخراوە وەرزشییە نێودەوڵەتییەکانەوە دوای جەنگی ئۆکرانیا، لە کاتێکدا هیچ بڕیارێک دژی ئیسرائیل نەدراوە سەرەڕای ئەو کۆمەڵکوژییە تۆقێنەرانەی لە کەرتی غەززە ئەنجامدراون و هێرشکردنە سەر ئێرانیش لە دوو بۆنەی جیاوازدا لە ماوەی 9 مانگدا، گوتی: ”ئیسرائیل لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پشتگیری دەکرێت، سەرەڕای ئەوەی ئێران لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا دوو جار ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە، کەچی دووفاقی لە پێوەرەکاندا دەبینین. ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر غەززە و زیاتر لە 80 هەزار کەس لە کۆمەڵکوژییەکی ترسناکدا کوژراون، ئەم دووفاقییە لە وەرزشیشدا پەیڕەو دەکرێت. هیوادارم جیهانی وەرزش بگاتە ئاستێکی دادپەروەرانەتر و ڕۆحیەتێکی وەرزشیی پاکتر”.
سەبارەت بە دەستەوەستانبوونی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە دەرکردنی بڕیاری سزادان بەسەر ئیسرائیلدا لە پای ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ، دونیا مالی ڕایگەیاند ”ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، پێوەری دووفاقی پەیڕەو دەکەن، ئەوان یان بێدەنگی هەڵدەبژێرن، یان لە بەرژەوەندیی دەستدرێژیکاردا قوربانییەکە سەرکۆنە دەکەن. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە لە ڕاستیدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوونێکی نییە و لاواز بووە”.
لەوەتەی دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە رۆژی 28ـی مانگی شوباتی ئەمساڵ بۆ سەر ئێران، یارییەکانی خولی نایابی ئەو وڵاتە لەو کاتەوە وەستێندراون و بەهۆی بارودۆخی ئەو وڵاتە، هیچ یارییەک لەو کاتەوە بەڕێوەنەچووە.
یانەكانی ئێران رازی نین
فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران بڵاویکردەوە، بە ئامادەبوونی مەهدی تاج سەرۆکی فێدراسیۆن و ئامادەبوونی ئەندامانی سەرجەم 16 یانەکەی خولی نایابی وڵاتەکەیان، کۆبونەوەیەکی نائاسایی رێکخرا، بە مەبەستی یەکلایی کردنەوەی چارەنوسی خولی وڵاتەکەیان، بەڵام لەو کۆبونەوەیە هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە نەدرا.
سەرچاوەکە بڵاویکردەوە لە کۆی 16 یانەکەی خولی نایابی ئێران 12 یانە دژی دەستپێکردنەوەی خولی وڵاتەکەیانن و پێیانوایە لەم دۆخەدا ناکرێت یارییەکانی بەڕێوەبچن، هەروەها تەنها 4 یانە لەگەڵ ئەوەن خولی وڵاتەکەیان دەست پێ بکاتەوە، چوار یانەکەش بریتین لە پێرسپۆلیس و ئیستیقلال و فەجر سپاسی و هەروەها خەیبەر.
فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران بڵاویشی کردەوە، بڕیاروایە لە ماوەیەکی نزیک ئەنجومەنی خولی وڵاتەکەیان کۆبونەوەیەکی چارەنوسازی لەسەر چارەنوسی خولی نایابی وڵاتەکەیان ئەنجام بدات و یەکێک لە پێشنیارەکانیش بۆ دەستپێکردنەوەی خولەکە ئەوەیە، یارییەکان لە پارێزگایەک یاخود دوو پارێزگای دیاریکراو بکرێن.
نزیکەی دوو مانگە وەرزی نوێی ساڵی 2026 خولی ئەمریکا ناسراو بە MLS دەستی پێکردووە و لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی ئینتەر مەیامی، هاوشێوەی وەرزی رابردوو بە تۆمار کردنی گۆڵەکانی، دەیەوێت رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتی گۆڵکاری خولەکە بکات، بەڵام یاریزانێکی فەلەستینی ئەویش دەیەوێت ئەو خەڵاتە بباتەوە.
ویسام ئەبو عەلی یاریزانی فەلەستینی یانەی کولۆمبۆس، دوای پەیوەندی کردن بەو یانەیە لە کۆی شەش یاری رابردووی یانەکەی توانیویەتی 5 گۆڵ و ئاسیستێک بۆ یانەکەی تۆمار بکات، بۆیە زۆرێک پێیانوایە ئەو یاریزانە دەتوانێت رکابەری یاریزانە گەورەکانی هاوشێوەی مێسی بکات، بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی گۆڵکاری خولەکە.
ئەو یاریزانە لە یاری رابردووی یانەکەی بەرامبەر ئاتلانتا یونایتد لە گەڕی شەشەمی خولی ئەمریکا، توانی دوو گۆڵ و ئاسیستێک تۆمار بکات و ژمارەی گۆڵەکانیشی لەم وەرزە گەیاندە 5 گۆڵ و لە ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکە لە پلەی سێیەم دێت و پێشەنگ و دووەمی ریزبەندییەکە خاوەنی 7 گۆڵن.

