ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
دوای ئەوەی لە کۆتاخولەکەکانی یاریی نێوان ریاڵ مەدرید و بەرشلۆنە لە یاریی جامی سوپەری ئیسپانیا، چابی ئەلۆنسۆ گۆڕانکاریی بە هێرشبەری بەڕازیلیی یانەکەی کرد، ڤینیسسۆس جۆنیۆر تووڕەیی پێوە دیار بوو لە جێی خۆیەوە یاریگەی جێ هێشت و بە دەست و جووڵەکانی ئاماژەی توورەبوونی پێوە دیار بوو، بەڵام ئەلۆنسۆ دەڵێ خۆی داوای کردووە بیگۆڕێ.
چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، لەبارەی ڤینیسسۆس جۆنیۆری ئەستێرەی یانەکەیەوە، دوای شکستیان ٢-٣ بە بەرشلۆنە لە یاریی جامی سوپەری ئیسپانیا کە لە جددەی سعوودیە بەڕێوە چوو، ڕایگەیاند ئەو یاریزانە ئاستێکی باشی پێشکەش کردووە.
چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری شایانە، لە ڕێگەی کەناڵی مۆڤیستارەوە رایگەیاند: ڤینیسسۆس جۆنیۆر لە یارییەکەدا ئاستێکی باشی پێشکەش کرد و هەڕەشە و مەترسیی ڕاستەقینەی بۆ سەر تیپی بەرانبەر دروست کرد، گۆڵێکیشی بە شێوازێکی بەهرەوەریی جوان تۆمار کرد.
لەبارەی هۆکاری گۆڕانکاریپێکردن بە ڤینیسسۆس جۆنیۆر لە خولەکی ٨٥ی یارییەکەدا، وتی: داوای کرد گۆڕانکاریی پێ بکەم لە خولەکی ٨٥، چونکە هەستی بە شەکەتبوون کرد، چونکە ڕێژەی شێ یەکجار بەرز بوو، ڤینیسسۆس جۆنیۆریش هەوڵێکی زۆری دا و جووڵەی زۆری هەبوو.
لەبارەی کیلیان ئمباپێشەوە، ڕایگەیاند: لە رووی جەستەییەوە ئامادە نەبوو بە شێوەی سەرەکی یاری بکا، بڕیارم دا لە نیوەی دووەمەوە بۆ مەترسیخستنە سەر بەرشلۆنە، بەشداریی پێ بکەم، بەڵام بە داخەوە پێش ئەوەی بێتە نێو یاریگە، گۆڵی سێیەممان لێ تۆمار کرا.
دەشڵێ: هەستم لە نێوان شانازیکردن بە ئاستی یاریزانان و هەوڵیان تا کۆتایی یارییەکە و بێهیوابوون تێکەڵ بوو، چونکە نەمانتوانی ناسناوەکە بەدەست بهێنین، ئاستمان لێک نزیک بوو، لە دواساتەکانیشدا دوو هەلمان لە دەست دا.
راهێنەرەکەی یانەی ریاڵ مەدرید دەڵێ: ئەم لاپەڕەیە بە زوویی هەڵدەدەینەوە بۆ ئامادەکاریی بۆ داهاتوو، سوودمان لەو دیارییە بینی بەرانبەر دوو ڕکەبەری دیار لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا.
لەبارەی قسەکردنی لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە لە دوای یارییەکە، دەڵێ: لەسەر شتێکی وا قسەمان نەکرد، بەڵکوو بە خێرایی گفتوگۆمان کرد.
بەرشلۆنە ١٦ـەمین ناسناوی جامی سوپەری ئیسپانیای لەمێژووی خۆی و بۆ دووەمین جار لەسەر یەک لەسەر حسابی ریاڵ مەدرید لە سعوودیە بەدەست هێنا.

