رۆژنامەی ھەولێر

یاریزانێكی پێشووی ریال مەدرید لەبەرخاتری مێسی پەیوەندی بە ئینتەر مەیامی كرد

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

لە 24 كاتژمێری رابردوو زۆرترین هەواڵ لەبارەی گواستنەوەی یاریزانان بڵاو كرایەوە، لە لایەكی دیكەیشەوە هانزی فلیك، راهێنەری بارسێلۆنا رایگەیاند ئەم وەرزە توانای بردنەوەی سەرجەم نازناوەكانیان هەیە.

بێشتكتاش دیسان داخوازی تێر شتیگن دەكات
یانەی بێشیکتاشی تورکی بە فەرمی بۆ دووەمجار لەم وەرزە ئۆفەرێکی دیكەی بۆ گواستنەوەی مارک ئاندرێ تێر شتیگنی گۆڵپارێزی ئەڵمانی، پێشکەشی یانەی بارسێلۆنا کردووە.
ئەکرەم کونور رۆژنامەنوسی تورکی بڵاویکردەوە، کارگێری یانەی بێشتیکتاشی تورکی بە فەرمی ئۆفەرێکی بۆ گواستنەوەی مارک ئاندرێ تێرشتیگن، پێشکەشی یانەی بارسێلۆنا کردووە و ئامادەن زستانی داهاتوو ئەو گۆڵپارێزە ئەڵمانیە، بە شێوەیەکی کاتی بگوازنەوە ریزەکانیان و چاوەڕێ وەڵامی یانە کەتەلۆنیەکە دەکەن.
دوای بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵە سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا بڵاویان کردووەتەوە، گۆڵپارێزە ئەڵمانیەکە ئامادەنیە ریزەکانی یانەکەی بەرەو خولێکی هاوشێوەی تورکیا جێبهێڵێت و چاوەڕێ ئۆفەری یانەیەکی دیکەی دیار دەکات.
بەگوێرەی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی كەتەلۆنیا شتیگن رایگەیاندووە لەبەرخاتری بارسێلۆنا مووچەكەی كەم كردووەتەوە و ئامادە نییە یانەكە جێبهێڵێت.
مارک ئاندرێ تێرشتیگن گۆڵپارێزی ئەڵمانی هاوینی ساڵی 2014 پەیوەندی بە یانەی بارسێلۆنا کرد و گرێبەستی لەگەڵ ئەو یانەیە، هاوینی ساڵی 20287 کۆتایی دێت، هەروەها بەهاکەشی لە ماڵپەری ترانسفێرمارکێت بە حەوت ملیۆن یۆرۆ خەمڵێندراوە.

ئەمساڵ بۆ مانوێل نۆیەر كۆتایی هات
مانوێل نۆیەر گۆڵپارێزی ئەڵمانی یانەی بایرن میونشن، بەهۆی پێکان ئەمساڵ بەشداری هیچ یارییەکی دیکەی یانەکەی ناکاتەوە.
ماڵپەری فەرمی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، مانوێل نۆیەر گۆڵپارێزی یانەکەیان لە یاری رابردوویان بەرامبەر ماینز، لە دەستی تووشی پێکان بووە و بەم هۆیەوە ماوەیەک لە یاریگاکان دادەبڕێت، یانە باڤارییەکە هیچ ئاماژەیەکی بە وادەی تەواوەتی دوورکەوتنەوەی نۆیەر نەکردووە، بەڵام سەرچاوەکانی ئەڵمانیا باس لەوە دەکەن، گۆڵپارێزەکەی بایرن میونشن نزیکەی سێ بۆ شەش هەفتە لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە.
مانوێل نۆیەر ئەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی، لە سەرجەم خوڵ و پاڵەوانێتیەکان بەشداری 25 یاری کردووە 27 گۆڵی لێکراوە و لە 7 یاریش کلین شیتی کردووە.

فلیك: توانای بردنەوەی سەرجەم نازناوەكانمان هەیە
هانزی فلیك، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا لە دوایین كۆنگرەی رۆژنامەوانی دا بەمشێوەیە وەڵامی رۆژنامەنووسەكانی دایەوە: بەڵێ ئامانجی ئێمە بردنەوەی جامی شایە، دەمانەوێت هەموو نازناوەكان ببەینەوە، پێموایە كوالیتی و توانای ئەوەمان هەیە ئەو كارە بكەین، بەڵام هێشتا رێگای بردنەوەی نازناوەكان دوور و درێژە. ئێمەش هاوشێوەی ناوبژیوانان هەڵە دەكەین، ئەوان بەشێكن لە یارییەكە و بەبێ ئەوان هیچمان پێناكرێت، واباشترە سەرنجمان لەسەر تیپەكە و شێوازی یاریكردنی خۆمان بێت.
ئێمە باشترین سێ گۆڵپارێزمان هەیە، بەڵام قسەكەم روونە خوان گارسیا گۆڵپارێزی یەكەمە، بۆ ئەم یارییە خوان گارسیا پشوو وەردەگرێت و بە سەرەكی یاری ناكات. چیزنی بۆ ئێمە گرینگە تەنانەت لە دەرەوەی یاریگەش، مانەوە و رۆیشتنی تیر شتیگن لەدەستی خۆیەتی و من رێزی لێدەگرم.

كۆمپانی بە باشترین راهێنەری ساڵی 2025 دیاریكرا
ڤینسێنت کۆمپانی راهێنەری بەلجیکی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیا، خەڵاتی باشترین راهێنەری لە وڵاتەکەی بۆ ساڵی 2025 بەدەستهێنا.
فێدراسیۆنی تۆپی پێی بەلجیکا براوەی خەڵاتی باشترین راهێنەری ئەمساڵی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە، ڤینسێنت کۆمپانی راهێنەری یانەی بایرن میونشن، توانی خەڵاتی باشترین راهێنەری وڵاتەکەی بباتەوە و پێش نیکی هاین راهێنەری پێشووی یانەی کلەب بروج و هەروەها سێباستیان پۆکونیولی راهێنەری پێشووی یانەی ئونیەن کەوت و خەڵاتەکەی بردەوە.
ڤینسێنت کۆمپانی ئەمساڵ لەگەڵ یانەی بایرن میونشن لە سەرەتای وەرز، توانی ناسناوی جامی سوپەری ئەڵمانیا بباتەوە، هەروەها یانەکەشی بە جیاوازی هەشت خاڵ پێشەنگی خولی ئەڵمانیای گرتووە و لە چامپیۆنزلیگیش، لە کۆی شەش یاری لە پێنج یاری براوە بووە.

داوای نوێكردنەوەی گرێبەستی بێنزێما دەكات
سێرجیۆ کۆنسێساو راهێنەری پۆرتوگاڵی یانەی ئیتیحادی سعوودی، داوای لە کارگێری یانەکەی کردووە گرێبەستی کەریم بێنزێما و نگۆلی کانتی نوێ بکەنەوە.
رۆژنامەی یەومی سعوودی زانیاری دەستکەوتووە، سێرجیۆ کۆنسێسائۆ راهێنەری پۆرتوگاڵی یانەی ئیتیحاد، داوای لە کارگێری یانەکەی کردووە بۆ وەرزی داهاتوو، گرێبەستی کەریم بێنزێما هێرشبەری فەڕەنسی یانەکەیان نوێ بکەنەوە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ئەو یاریزانەی پێشووی یانەی ریاڵ مەدرید، بۆ وەرزی داهاتووش لەگەڵ یانەکەی بەردەوام بێت.
بێنزێما هاوینی ساڵی 2023 ریزەکانی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیای جێهێشت و پەیوەندی بە یانەی ئیتیحاد کرد و ئەم وەرزەش گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت، کەریم لەگەڵ یانە سعوودیەکە بەشداری 74 یاری کردووە و 49 گۆڵ و 17 ئاسیستی تۆمار کردووە.

لەبەرخاتری مێسی چووەتە ئینتەر مەیامی
سێرجیۆ ریگلیۆن، بەرگریكاری پێشووتری یانەی ریال مەدرید و یاریزانی ئەم وەرزەی تۆتێنهامی ئینگلیزی بە فەرمی پرێمەرلیگی جێهێشت و روویكردە یانەی ئینتەر مەیامی.
ریگلیۆن لە یەكەمین لێدوانیدا رایگەیاند لەبەرخاتری لیۆنێل مێسی هاتووەتە خولی ئەمریكا.
لەمبارەیەوە ریگلیۆن گوتی: نامەوێت درۆتان لەگەڵ بكەم، هاتوومەتە ئینتەر مەیامی بۆ ئەوەی ئاستی خۆم هاوشانی مێسی پێشبخەم، دڵنیام لەگەڵ مێسی ئەزموونێكی نوێتر فێر دەبم.