مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
ئەشرەف حەكیمی لە یاریگەكان دوور دەكەوێتەوە
ڕاپۆرتی مێدیا فەرەنسییەكان، باس لەوە دەكەن، كە چاوەڕوان دەكرێ، بەرگریكاری ڕاستی یانەی پاریس سان جێرمان بەهۆی ئەو پێكانەی تووشی هاتووە، ماوەی مانگێك لە یاریكردن دوور بكەوێتەوە.
ئەو یاریزانە مەغریبییە، لە یاریی نێوان یانەكەی و بایرن میونشن لە گەڕی چوارەمی قۆناغی خولی چامپیۆنس لیگ، كە یارییەكەیان 1-2 گۆڵ دۆڕاند، خۆشی تووشی پێكان هات.
لە خولەكی یەكەمی كاتی زیادكراوی نیوەی یەكەم، حەكیمی بە تۆپەوە لەلای ڕاستەوە دەرچوو، بەڵام لەلایەن لویس دیازی كۆڵۆمبییەوە ڕێی لێ گیرا و بە سەختی لێی درا، ئەو كارتی زەردی وەرگرت و ئەمیش تووشی پێكان هات و كاریگەریی سەختیی پێكانەكەی پێوە دیار بوو، كە لە گۆزینگی پێی چەپیدا بوو، دوای لێدانەوەی سیستەمی ڤار، لویس دیاز كارتی سووری وەرگرت.
لویس ئێنریكی، راهێنەری یانەی پاریس سان جێرمان، ناچار بوو گۆڕانكاریی پێ بكا و سینی مایۆلۆی لە خولەكی شەشی كاتی زیادكراو بردە جێگەكەی.
دوێنێ ساڵیادی لەدایكبوونی حەكیمی بوو، بەڵام بەهۆی ئەو پێكانەی، نەیتوانی یادی 27 ساڵەی لەدایكبوونی بكاتەوە.
سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، كە ئەو پێكانەی ئەستێرە مەغریبییەكە، ڕەنگە ماوەیەكی زۆر لە یاریكردن دوور بكەوێتەوە، بە تایبەت كە گومان دەكرێ بۆ جامی نەتەوەكانی ئەفریقاش ئامادە بێ، كە 21ی مانگی 12 تا 18ی یەكی ساڵی داهاتوو، لە وڵاتەكەی خۆی بەڕێوە دەچێ.
لای خۆیەوە رۆژنامەی لیكیپی فەرەنسی بڵاوی كردەوە: ئەشرەف حەكیمی، بۆ ماوەی 3 تا 5 هەفتە لە یاریكردن دوور دەكەوێتەوە، بەڵام هێشتا چاوەڕێی ئەنجامی پشكنینەكانی دیكە دەكرێ.
لەلایەكی دیكەوە، لیكیپ باسی لەوە كردووە: عوسمان دێمبلی، پێكانەكەی پێشتری نوێ نەبووەتەوە، بەڵكوو لە ماسوولكەی ڕانی هەستی بە ئازار كردووە.
ئەشرەف حەكیمی یەكێكە لە دیارترین بەربژێرەكانی بردنەوەی خەڵاتی تۆپی زێڕین بۆ باشترین یاریزانی ئەفریقا لەم ساڵدا، ئەوەش بەهۆی ئەو دەستكەوتانەی لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان بەدەستی هێناون، كە دیارترینیان چامپیۆنس لیگی ئەورووپا، جامی سوپەری ئەورووپا بۆ یەكەمجار لە مێژووی پاریس سان جێرمان.
چابی ئەلۆنسۆ: كۆرتوا لە شكستێكی گەورە بەرانبەر لیڤەرپوول، ڕزگاری كردین
راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید چابی ئەلۆنسۆ، ئاماژەی بە ئاستی گۆڵپارێزەكەیان (كۆرتوا) كرد، لەو یارییەی بەرانبەر یانەی لیڤەرپوول لە گەڕی چوارەمی چامپیۆنس لیگ كردیان و ئاماژەی بەوە كرد كە كۆرتوا وای كرد بەرانبەر لیڤەرپوول بە ئەنجامێكی گەورە نەدۆڕین.
یانەی ریاڵ مەدرید 0-1 گۆڵ بە لیڤەرپوول دۆڕا، لەو یارییەی لە یاریگەی ئەنفێڵدی تایبەت بە لیڤەرپوول كرا، بەڵام گۆڵپارێزە بەلژیكییەكەیان ئاستێكی باڵای پێشكەش كرد و وای كرد یانەكە لە شكستێكی گەورە بپارێزێ و راهێنەری یانەكە دانی بەو ڕاستییەدا ناوە.
رۆژنامەی ئاس، لێدوانی چابی ئەلۆنسۆی بڵاو كردەوە، كە دەڵێ: یارییەكە بە تایبەت لە نیوەی دووەم، زۆر بەهێز بوو، چەند هەڵەیەكمان كرد و هەلی گۆڵكردنمان پێ دان، هەروەها چەند فاوڵێكمان لەسەر گیرا و لێدانی گۆشەشمان پێ دان و هەلی لێدانی تۆپیشمان پێ دان، ئەوەش وای كرد فشارمان زۆر بكەوێتە سەر، لە كۆتاییدا گۆڵێكیان كرد، یارییەكە زۆر توند و بەهێز بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئاستمان بەرەبەرە پێش دەكەوت، وردەكاریی بچووك، جیاوازییەكەی دروست كرد، ئەو هەڵانە پێویست نەبوون و ڕێڕەوی یارییەكەمان لەدەست دا.
راهێنەرە ئیسپانییەكە، ڕایگەیاندووە: ڕووبەڕووی سەختی بووینەوە لە گەیشتن بە هێڵی كۆتایی، ڕكەبەرەكەمان پاشەكشەی كرد، ئەستەم بوو مەترسی لە ناو ناوچەی ئەوان دروست بكەین، یارییەكە پێویستی بە دانبەخۆداگری بوو، بەڵام لە ئەنجامدا یارییەكە بە بەرژەوەندیی ئەوان كۆتایی هات.
لەبارەی ئەوەی هەستی چۆن بوو دوای ئەو شكستە. دەلێ: یارییەكە زۆر بەهێز بوو، بە وردەكارییەوە یەكلا كرایەوە، ڕێگەی زۆر هەیە بۆ شكست، بەڵام ئەوەی رووی دا، جیاواز بوو لە شكستی پێشترمان، یانەكە ئەوەی هەیبوو پێشكەشی كرد، رۆحێكی ئیجابیمان هەبوو، هەندێ شتمان لەدەست دا، پێویستە لە داهاتوودا باشی بكەین، چونكە یاریی لەم جۆرە دووبارە دەبێتەوە. یارییەكەی لیڤەرپوومان، یەكێك لە سەختترین یارییەكانی قۆناغی گرووپەكانی چامپیۆنس لیگ بوو.
لەبارەی ئەو كارتە زەردەشەوە كە وەریگرت، ڕایگەیاند: ئەو بڕیارەكانی ناوبژیوانە و هیچی دیكە نا.
وتیشی: یارییەكە زۆر خێرا بوو، لە ڕیتمێكی باڵادا بوو، هەندێ هەلیشمان لە دەست دا،
لەبارەی ئەلێكسەندەر ئاڕنۆڵدیشەوە، وتی: یارییەكە ئاسان نەبوو، یارییەكە زۆر بەهێز بوو، هەروەك چۆن هەمیشە لە ئەنفێڵد یارییەكان بەهێزن، ئەرنۆڵد هەوڵی دەرخستنی توانا و مەترسییەكانی لەلای ڕاستەوە دا.
لەبارەی هۆكاری ئەوە چی بوو لە دواساتەكاندا نەیانتوانی كۆنتڕۆڵی یارییەكە بكەن، وتی: نەمانتوانی هێڵی بەرگریی ئەوان ببڕین و هەل دروست بكەین، لە نێو هێڵی سزا، هەستمان بە بێزاری كرد، هەوڵی هێرشی زیاترمان دا، پێكهاتە و شوێنمان گۆڕی، بەڵام سوودی نەدا و هەندێ شتمان لەدەست دا.
لەبارەی كۆرتواوە، وتی: ئەوەی نیگەرانم دەكا، ئەوەیە كە پێویستە فێر بین، چۆن ڕووبەرووی ئەو فشارانە بینەوە كە دەرخێنە سەرمان لەو ساتانەدا، پێویستە ڕێگر و بەربەستكار بین و ڕێگەیان نەدەین لێدانی ڕاستەوخۆ و گۆشەیان دەست بكەوێ، یارییەكە زۆر چڕ و پڕ بوو.

