رۆژنامەی ھەولێر

چاوپێكەوتنێكی تایبەتی كریستیانۆ رۆناڵدۆ

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

كریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی لە چاوپێكەوتنێكی دیكەی لەگەڵ پیێرس مۆرگانی پێشكەشكاری بەریتانیا رایگەیاند بردنەوەی مۆندیال خەونی ئەو نییە، دەشڵێت: هاندەری ئارسێناڵم و دەتوانێت ببێتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ.

پیێرس مۆرگانی پێشكەشكاری ناوداری تەلەڤزیۆنی بەریتانیا بەشێكی یەكەمی چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یانەی نەسری سعوودیە لە چەناڵی یوتیووبی خۆی بڵاو كردەوە و بڕیاریشە بەشی دووەمی چاوپێكەوتنەكەی سبەی پێنجشەممەی بڵاو بكرێتەوە.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە دەستپێكی قسەكانیدا گوتی: من كەسێكی راستگۆم، زۆر حەزم لە دەركەوتن و چاوپێكەوتنی میدیایی نییە، بەڵام لەگەڵ مۆرگان ئاسوودەم.
كریس بەرسیڤێكدا رایگەیاند چەند جارێک نزیک بووە پەیوەندی بە ئارسێناڵ بكات، بەڵام رووینەدا، لەبەر ئەوەیە دڵخۆش دەبێت کاتێک دەبینێت ئارسێناڵ سەركەوتن لە دوای سەركەوتن تۆمار دەكات.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەبارەی یانەی مانچێستەر یونایتد دەڵێت: دڵتەنگم كە یەكێك لە گەورەترین یانەكانی جیهان كە مان یونایتدە هیچ بناغەیەكی تۆكمەی نییە، ئەو یانەیە جێگەیەكی گەورەی لەنێو دڵمدا هەیە و بەردەوام سەیری یارییەكانی مانچێستەر یونایتد دەكەم و هیوادارم لە داهاتوودا ئەم یانەیە راست بكرێتەوە و بەرەو قۆناغێكی باشتر بگۆڕێت، من 3 نازناوی چامپیۆنزلیگم لەگەڵ مان یونایتد بەدەستهێناوە، باڵۆن دۆرم بردەوە و 14 نازناوم لەو یانەیە بەدەستهێناوە، هەرگیز لەبیری ناكەم و لای من یەكێكە لە خۆشەویسترین یانەكان.
كریستیانۆ لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: گرانبەهاترین شتێك كە كڕیومە فرۆكە بووە، ناشزانم چەند ئۆتۆمبێلم هەیە، بەڵام سەرووی 40 ئۆتۆمبێلە، زۆر دڵخۆش بووم كاتێك بوومە ملیاردێر، چونكە یەكێك بوو لە ئامانجەكانی ژیانم، سرووشتی مرۆڤیش ئاوهایە، تا پارەی زیاتری هەبێت ئارەزووی زیاتری بۆ زیادكردنی داهاتی دەبێت، پارە گرینگە، بەڵام لە پارەش گرینگتر هەیە.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ گوتیشی: بردنەوەی مۆندیال خەونی من نییە، بەبێ بردنەوەی مۆندیال ژمارەكانی من درۆ ناكەن، كاتێك سەیری ئامار و ریكۆردەكانی كاروانی وەرزشی من دەكەن، هەمیشە من لە لوتكە دەردەكەوم.
كریستیانۆ هێمای بۆ ئەوەش كرد كە وادەی وازهێنانی لە یاریی تۆپی پێ نزیكە، دەشڵێت: كاتێك وازدەهێنم بۆ من دەبێتە بڕیارێكی كارەساتبار، هیچ كاتێكیشم بۆ وازهێنان دیاری نەكردووە، بەڵام كاتێك ئەو بڕیارە دەدەم زۆر دەگرییەم، بەنیازیشم لە دوای كۆتایی هاتنی مۆندیالی 2026 هاوسەرگیری لەگەڵ جۆرجینا رۆدریگێزی هاوڕێم بكەم.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ رایگەیاند بردنەوەی نازناوی مۆندیال خەونی ئەو نییە، دەشڵێت: بردنەوەی 6 بۆ 7 یاری لە مۆندیال پێوەر نییە بۆ دیاریكردنی باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ، ئەوەی بە خەیاڵی كەس دا نەهاتووە من بەدەستمهێناوە و پێموا نییە هیچ كەموكورتییەكم هەبێت و هەرگیز بڕوام بەوەش نییە لیۆنێل مێسی لە من باشتر بێت.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ جەختی لەوەش كردەوە كاتێك هەواڵی مردنی دیێگۆ جۆتای پۆرتوگالیم بیست زۆر گریاوە، دەشڵێت: زۆر بیرەوەری خۆشم لەگەڵ ئەو یاریزانە هەیە، هێشتا بڕواناكەم كە ئەو یاریزانە لە ژیاندا نەماوە.
كریستیانۆ رۆناڵدۆی تەمەن 40 ساڵ، گۆڵكاری مێژوویی یارییە نێودەوڵەتییەكانە، بەوپێیەی لە 225 یاری 143 گۆڵی بە درێسی هەڵبژاردەی پۆرتوگال كردووە، هاوكات گۆڵكاری مێژوویی چامپیۆنزلیگیشە لە كۆی 183 یاری، 140 گۆڵی لە چامپیۆنزلیگ كردووە، بە گشتی ئەو ئەستێرە پۆرتوگالییە 36 نازناوی لە كاروانی وەرزشی خۆی بەدەستهێناوە، پێشبینی دەكرێت لە كۆتایی ئەم وەرزە بە فەرمی ئەو یاریزانە واز لە یاریكردن بهێنێت، هەرچەندە گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی نەسری سعوودیە لە هاوینی 2027 كۆتایی دێت، دوای چوار مانگی دیكەش دۆن تەمەنی دەبێتە 41 ساڵ.