رۆژنامەی ھەولێر

بلیتی یارییەكە وەكو دیارییەك بۆ هاندەرانی هەولێر دەكرێتە خۆڕایی

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

یاریگەی یانەی هەولێر دوای نۆژەنكردنەوە و گۆڕینی چیمەنی یاریگەكە ئامادەیە بۆ یەكەمین یاریی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق لە نێوان هەولێر و شورتە، هاوكات سەرۆكی یانەی هەولێریش بڕیاری داوە بلیتی یارییەكە وەكو دیارییەك بۆ هاندەرانی قەڵاومنارە بكاتە خۆڕایی.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر كەوتووە، یاریی هەولێر و شوڕتە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە یاریگای فڕەنسۆ هەریری دەکرێت، لەکاتێکدا پێشتر راگەیاندرا ئەو یارییە بەهۆی ئامادە نەبوونی یاریگای فڕانسۆ هەریری لە یاریگای دهۆک دەکرێت.
سەرچاوەیەك نزیك لە كۆمپانیای جێبەجێكار كە سەرپەرشتی نۆژەنكردنەوەی یاریگەی فرەنسۆ هەریری دەكات بە رۆژنامەی هەولێری راگەیاند کارەکانی نۆژەنکردنەوەی یاریگای فرەنسۆ هەریری خێراتر و چڕتر کراونەتەوە بۆ ئەوەی رۆژی هەینی یارییەکەی هەولێر و شوڕتە لە یاریگای فڕانسۆ هەریری بکرێت.
ئێوارەی دوێنێش لێژنەیەک لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق گەیشتە هەولیر بۆ ئەوەی لە نزیکەوە یاریگای فڕەنسۆ هەریری هەڵبسەنگێنن و لەبارەی بەڕێوەچوونی یارییەکەی هەولێر و شوڕتە لە گەڕی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە یاریگای فڕانسۆ هەریری رەزامەندی داوە كە یارییەكانی یانەی هەولێر بگەڕێنتەوە نێو یاریگەی خۆی.
لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان یاریگای فڕانسۆ هەریری بە گوژمەی ملیارێک و 800 ملیۆن دینار نۆژەن کرایەوە و چیمەن و تارتان و زۆربەی بەشەکانی یاریگایەکە نوێکرانەوە، نۆژەنكردنەوەی یاریگەكەش بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەكرێت لە ماوەی دوو هەفتەی دیكە تەواوی كارەكانی گۆڕینی كورسییەكان و تەواوی ئەو شوێنانەی لەنێو پلانی نۆژەنكردنەوەدایە بە كۆتا بێت.
یانەی هەولێر بە راهێنەرایەتی باسم قاسم لەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق، چوار یاری كردووە و 3 بردنەوە و یەكسانبوونێكی تۆمار كردووە، لە دوایین یاریش هەولێر لە جامی عێراق شكستی بە یانەی جەیشت هێنا و گەیشتە قۆناغی 20ـی جامی عێراق.