رۆژنامەی ھەولێر

یانەی بەرشلۆنە چ بڕیارێك لەسەر لیڤاندۆڤسكی دەدا؟

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

چارەنووسی لیڤاندۆڤسكی لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە چی لێ دێ؟
یانەی بەرشلۆنە ئامادەیە كە هەنگاوێكی یەكلاكەرەوە لەبارەی داهاتووی هێرشبەرە پۆڵەندییە بەئەزموونەكەی (رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی) بنێت، بە جۆرێكە یانەكە نیازی وای نییە كە گرێبەستی ئەو یاریزانە نوێ بكاتەوە، بۆیە لە ئێستەوە بۆ جێگرەوەی لە وەرزی داهاتوودا دەست بە گەڕان دەكات.
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی بڵاوی كردەوە، كە یانەی بەرشلۆنە، گرێبەستی لیڤاندۆڤسكی نوێ ناكاتەوە و ئەوە نیمچەمسۆگەر بووە، چونكە لەنێو دەستەی كارگێڕیی یانەكەیشدا، بروایەك دروست بووە كە چی دیكە لیڤا ناتوانێ بە هەمان توانای جەستەیی و هونەریی پێشووەوە لە یانەكە ڕۆڵی هەبێ، بە تایبەت ئەو ئاستەی لە وەرزی یەكەم پیشانی دا، كە لە هەموو خول و پاڵەوانیەتییەكاندا 33 گۆڵی كرد و ڕۆڵی لەوەدا هەبوو یانەی بەرشلۆنە ناسناوی خولی ئیسپانیای وەرزی 2022 – 2023 بباتەوە.
بەڵام لە وەرزی ڕابردوودا، ئاستی كەمێك داكشا و گۆڵەكانی بۆ 24 گۆڵ كەم بوونەوە، ئەوەش واتەی كاریگەریی بەرانبەر گۆڵی تیپەكانی دژبەریان، كەم بووەوە.
كارگێڕیی وەرزشیی بەرشلۆنە بە سەركردایەتیی دیكۆ، پێی وایە كە ئەو ماوەیەی لیڤا لەگەڵ بەرشلۆنە دەبوو بیگوزەرێنێ، گەیشتووەتە كۆتایی، بە تایبەت كە تەمەنی 37 ساڵانە، توانای فشار و ڕۆڵی لە ڕیتمی یاریكردنی بەرشلۆنەدا، كەم بووەتەوە، كە راهێنەر ئێستە لەسەر یاریزانانی جێبەجێ دەكات.
ڕاپۆرتە مێدیاییەكان باسیان لەوە كردووە، كە فلیك ڕێگر و لاریبوونی لە رۆیشتنی لیڤا نییە، بۆ ئەوەی هەرچی زووە جێگرەوەی بتوانێ بە خێرایی لەگەڵ یانەكە خۆی بگونجێنێ.
بەرشلۆنە ئێستە هەنگاوی ئەوەی ناوە، كە هێڵی پێشەوە مسۆگەر بكا، ئەو دۆسیەیە لە چوارچێوەی پێشینكارەكانی ماوەی گواستنەوەی داهاتووە، لەگەڵ بەهێزكردنی هێڵی بەرگریی ڕاست و ناوەڕاستی بەرگری.
سەرچاوەكان روونیان كردەوە، كە بەرشلۆنە ڕووەو چەند ناوێكی گەورە دەڕوات، وەكوو جۆلیان ئەلڤارێزی ئەستێرەی ئەتلەتیكۆ مەدرید، پێی وایە گرێبەست لەگەڵ یاریزانێكی ئاستهەڵكشاو بكا باشترە.
باس لەوەش دەكرێ، چەند ناوێكی دیكە بەربژێرن، وەكوو كارل ئیتا ئیۆنگ یاریزانی یانەی لێڤانتی، كە بە هێز و خێرایی و كۆتاییهێنانی سەركەوتووانەی هێرشبەر، دادەنرێ.
لەلایەكی دیكەوە، چارەنووس و داهاتووی لیڤاندۆڤسكی، هێشتا ناڕوونە، كە 123 یاریی بۆ بەرشلۆنە كردووە، لە ماوەیدا 60 گۆڵی كدووە، بەڵام بڕیاری كۆتایی لەسەر درێژكردنەوەی گرێبەستەكەی بۆ ساڵێكی دیكە نەداوە. یان بیر لەوە بكاتەوە كە لە یانەی بەرشلۆنە واز لە یاریكردن بهێنێت. بژاردەكە ڕەنگە خۆی پێی خۆش بێ بمێنێتەوە، بە تایەبت كە ئانای هاوسەری، لە ناوچەكە كاری مێدیایی و وەرزشی دەكات.
رۆژنامەی سپۆرت باسی لەوە كردووە، كە بەرشلۆنە بە شێوەی كاتی بیری لەوە كردەوە گرێبەستەكەی بۆ ساڵێك نوێ بكاتەوە، پێش ئەوەی بە یەكێك لە یانەكانی كەنداوی بفرۆشێ. بەڵام لەم هەفتانەی دواییدا، ئەو سیناریۆیە گۆڕاوە، ئەوەش بەهۆی هەڵوێستی لیڤاوە، كە ڕەتی كردەوە بچێتە خولی وڵاتانی عەرەبی، پێی باشە لە كاتی رۆیشتن، بچێتە خولی فەرەنسا، یان ئیتاڵیا، بە تایبەت كە یانەكانی مۆناكۆ و ئینتەر میلان بایەخی پێ دەدەن.
لیڤاندۆڤسكی كاروانی پیشەگەرییەكەی لە پۆڵەنداوە دەست پێ كرد، لەگەڵ زنیچ برۆسكۆڤ، دواتر لیچ بۆزنان، ئینجا لە ساڵی 2010ـدا چووە بوڕوسیا دۆرتمۆند و لەوێ بە سەرۆكایەتیی یۆرگن كلۆپ ئاستی زۆر هەڵكشا، ئینجا ڕۆڵی لەوەدا هەبوو دوو ناسناوی لەسەریەكی خولی ئەڵمانیای بردەوە، 100 گۆڵ زیاتر لە 4 وەرز بۆ ئەو یانەیە تۆمار كرد.
دواتر لە 2014 چووە یانەی بایرن میونشن و 344 گۆڵی لە 375 یاریدا تۆمار كرد و مێژووی گەورەی تۆمار كرد، 8 ناسناوی خولی ئەڵمانیاشی لەگەڵ ئەو یانەیە بردەوە، لەگەڵ خولی ئەورووپای ساڵی 2020 و خۆیشی بووە گۆڵكەری پاڵەوانیەتییەكە.
لە هاوینی 2022ـدا بە بۆندێكی 45 ملیۆن یۆرۆیی چووە یانەی بەرشلۆنە و یەكەم وەرز ناسناوی لا لیگا و جامی سوپەری ئیسپانیای بردەوە.
بەكۆی گشتی، 60 گۆڵی بۆ بەرشلۆنە لە 120 یاریدا تۆمار كردووە.