رۆژنامەی ھەولێر

كیلیان ئمباپێ تووشی پێكان بووە و نازاندرێ كەی دەگەڕێتەوە یاریكردن

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

دوو پێكان، دڵی ڕیاڵ مەدرید دەلەرزێنێ

پێكانی تازە بەرۆكی یانەی ریاڵ مەدریدی گرت و هەریەك لە یاریزانان فرانكۆ ماستانتۆنۆ و كیلیان ئمباپێ، تووشی پێكان هات.
فابریزیۆ ڕۆمانۆ، رۆژنامەنووسی متمانەپێكراو و شارەز لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان و راهێنەران لە ئەورووپا، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی (ئێكس) بڵاوی كردەوە: فرانكۆ ماستانتۆنۆ، یاریزانی یانەی ریاڵ مەدرید، تووشی پێكان بووە و دوای هەڵسەنگاندنی لەلایەن تیمی پزیشكیی هەڵبژاردەی ئەرژەنتینەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ریاڵ مەدرید.
لە هەمان هاتدا، رۆژنامەنووس خۆسیە لویس سانچێز، رۆژنامەنووسی ناسراو لە بەرنامەی چێرنجیتۆ، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) ڕایگەیاند: ماستانتۆنۆ، بەهۆی گرژبوونی ماسوولكەوە هەڵبژاردەی وڵاتەكەی جێ هێشت، دوای پشكنینەكان دەگەڕێتەوە ریاڵ مەدرید، ڕەتیشی كردەوە كە تووشی پێكانێكی مەترسیدار بووبێتەوە.
ماستانۆنۆ لە 14ی ئابی ساڵی 2007 لە شاری ئەزۆل لە بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرژەنتین لە دایك بووە، بە یەكێك لە دیارترین ئەستێرە ئاستهەڵكشاوەكانی تۆپی پێی جیهان دادەنرێ.
ماستانتۆنۆ لە ژینگەیەكی وەرزشدا پێگەیشتووە، هەر لە تەمەنێكی زوودا تۆپی پێی لەژێر چاودێریی باوكی وەكوو راهێنەر لە یانەی ریڤێر دی ئەزۆل كردووە و هەر لە ساڵانێكی زووی تەمەنیدا بەهرەوەرییەكەی دەركەوت.
لە سەرەتاوە جگە لە تۆپی پێ، چەند یارییەكی دیكەشی دەكرد، وەكوو تێنس، بەشداریی چەند پاڵەوانیەتییەكیشی كرد، بەڵام دواتر بە تەواوی خووی دایە تۆپی پێ.
لە تەمەنی 11 ساڵیدا، ماستانتۆنۆ چووە یانەی سیمینتۆ ئەرمادۆ، پێش ئەوەی لە ساڵی 2019ـدا بچێتە ئەكادیمیای یانەی ریڤەرپلێت، بەوەش كاروانی پیشەگەرییەكەی هەنگاوی گرنگ و گەورەی نا.
ئەو یاریزانە لەنێو ئەكادیمیای یانەكەدا، بە خێراییەكی زۆر خۆی سەلماند، بۆیە لە ئۆگێستی ساڵی 2023ـدا، یەكەمین گرێبەستی پیشەگەریی واژۆ كرد و مەرجسزای هەڵوەشاندنەوەی بۆندەكەشی 30 ملیۆن یۆرۆ بوو، ئەوەش وەكوو ڕەنگدانەوەی بەهرەوەرییەكەی و پێشبینیی بۆ زیاتر هەڵشكانی ئاستی، هەر واش دەرچوو.
لە یەنایەری ساڵی 2024ـدا، ماستانتۆنۆ، یەكەم بەشداریی فەرمی لەگەڵ تیمی یەكەم كرد، بووە سێیەم بچووكترین یاریزان كە نوێنەرایەتیی یانەی ریڤەرپلێتیان كردبێ لە مێژوودا. دواتر لە مانگی شوباتی هەمان ساڵدا، یەكەم گۆڵی بە درێسی یانەكە تۆمار كرد و بووە بچووكترین یاریزان گۆڵی بۆ یانەكە كردبێ لە مێژوودا. ژمارەی پێوانەیی خافیێر ساڤیۆلای شكاند.
ماستانۆنۆ، بە شێوازێك ناسراوەتەوە، كە هونەر و خێرایی و توانای باشی شووت و یاریكردن بە شێوەیەكی زۆر باش لە باڵی ڕاست و یاریزانی ناوەڕاستی هێرشبەرییەوە، پێكەوە دەكا. هەروەها زۆر بە باشی لێدانە ڕاستەوخۆمان جێبەجێ دەكا و یاری بە یاریزانان و بەرگریكاران دەكا، بە شێوەیەكی تەواو پشت بە پێی چەپ دەبەستێ، هەندێ لە شیكەرەوەكان بە ئەستێرەی گەورەی وەكوو مێسیی دەچووێنن.
راهێنەر و یاریدەدەرانی دەڵێن، كە بیرۆكە و تێڕوانینی جوانی تەكتیكیی هەیە. حەزیی لە یاریی بەكۆمەڵە و پاشەكشە لە بیرۆكەی بەرگریكردن ناكا، هەرچەندە حەزی هێرشبەریی هەیە.
لەسەر ئاستی هەڵبژاردەیش، لە تەمەنی 15 ساڵی ماستانتۆنۆ بانگی هەڵبژاردەی ژێر تەمەن 17 ساڵانی ئەرژەنتین كرا. دواتر بۆ ریزی تیپی ژێر 20 ساڵان بانگ كرا، لە ئایاری 2025ـدا بانگی ریزی یەكەمی هەڵبژاردەی ئەرژەنتین كرا. بووە یەكەم یاریزان كە لە تەمەنێكی وا بچووكدا لە ریزی تیپی یەكەمدا بانگ بكات، كە لە تەمەنی 17 ساڵی و 296 رۆژ.
لە هاوینی ساڵی 2025ـدا، ماستانتۆ بە فەرمی گواسترایەوە یانەی ریاڵ مەدرید، ئەوەیش دوای كێبەركێ و ململانێی چەندان یانەی گەورەی ئەورووپا.
ئێستە هاندەرانی مەدرید، چاویان لەسەر ئەو یاریزانەیە و بە داهاتووی خۆیانی دەبینن. دەیانەوێ دەستكەوتی گەورە بۆ یانەكەیان تۆمار بكا و ببێتە درێژەپێدەری ڕێبازی ئەستێرەكانی پێشتری یانەكە.

كیلیان ئمباپێ تووشی پێكان بووە
لە چوارچێوەی هەمان پرسدا، یاریزانێكی دیكەی یانەی ریاڵ مەدرید، تووشی پێكان هات، هەڵبژاردەی فەرەنسا ڕایگەیاند، كە لە كیلیان ئمباپێ، لە گۆزینگی ڕاستیدا و لە یاریی نێوان هەڵبژاردەی وڵاتەكەی و ئازەربایجاندا، تووشی پێكان هاتووە، بەو جۆرە دەگەڕێتەوە مەدرید و لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا بۆ یارییەكەیان بەرانبەر ئایسلەندا بەشداری ناكا.
پێشتر كیلیان ئمباپێ، لە هەمان شوێنی پێكانی هەبوو لەو كاتەی بەشداریی یارییەكانی یانەی ریاڵ مەدریدی دەكرد، پێش ئەوەی دوو گورزی دیكەی لەم یارییەی نێوان فەرەنسا و ئازەربایجاندا بەر بكەوێ.
یەكێتیی تۆپی پێی فەرەنسا لە ڕاگەیاندراوێكیدا، باسی لەوە كردووە كە سبەی دووشەممە، كیلیان ئمباپێ بەشداریی یارییەكەی فەرەنسا و ئەیسلەندا ناكات.
باس لەوەش كراوە، كە دوای گەڕانەوەی ئمباپێ بۆ بنكەی مەشقەكانی فەرەنسا لە كلێرفۆنتین، دیشامپ بڕیاری دا كە بەشداری نەكا.
یەكێتیی تۆپی پێی فەرەنسا، ڕوونی كردەوە: ڕێگەی دراوە بگەڕێتەوە بۆ یانەی ریاڵ مەدرید و جێگرەوەی ئەو بۆ یارییەكە بانگ كراوە.
كیلیان ئمباپێ، لە چەند مەشقێكی هەفتەی ڕابردووی یانەی ریاڵ مەدردیش دابڕا، بۆ ئەوەی لە پێكانی گۆزینگی چاك بێتەوە، بەڵام لە یارییەكەی فەرەنسا و ئازەربایجان، سەری هەڵدایەوە.
لە یاریی نێوان فەرەنسا و ئازەربایجان، ئمباپێ لە خولەكی 47 گۆڵی فەرەنسای كرد، پێش ئەوەی یەكەم گورز بەر گۆزینگە پێكراوەكەی بكەوێ، كە ئەحمەدزادەی یاریزانی ئازەربایجان لێی دا و بە هۆیەوە كارتی زەردی وەرگرت.
لە كۆتاخولەكەكانی یارییەكە، ئمباپێ لەلایەن خابیۆ لایێڤەوە لێدانێكی دیكەی بەركەوت، بۆیە دیشامپ ناچار بوو لە خولەكی 82 گۆڕانكاریی پێ بكات.
دیشامپ، دوای بردنەوەی فەرەنسا، ڕایگەیاند: ئمباپێ بە هەستیاریی گۆزینگەوە دەناڵێنێ، لێدانێكی بەهێزیشی بەر كەوت، بۆیە باشتر بوو لە یاریگە دەربهێنرێ، چونكە ئازارەكەی زۆر توند بوو.