رۆژنامەی ھەولێر

سیروانی نوێ وەک یەکەم یانە گەیشتە یاریی پێش کۆتایی خولەکە

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

 

دوای ئەنجامدانی تیروپشکی قۆناغی دووەمی خولی ژێر ٢٠ ساڵانی کوردستان، ١٢ یانەی سەرکەوتوو بۆ ئەم قۆناغە بەسەر چوار کۆمەڵەدا دابەشکران، بە ئەنجامدانی چوار یاری یارییەکانی گەڕی چوارەمی قۆناغ دووەم بەڕێوەچوون و یانەکانی سیروانی نوێ، هەولێر، زاخۆ، رزگاری سەرکەوتنیان تۆمار کرد

سبەی گەڕی پێنجەمی یارییەکان دەکرێن
دوای تەواو بوونی قۆناغی یەکەمی خولی ژێر ٢٠ ساڵانی کوردستان و گەیشتنی ١٢ یانە بە قۆناغی دووەم، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان تیروپشکی یارییەکانی قۆناغی دووەمی ئەنجامدا، دوای ڕاوێژ و گفتووگۆ لەگەڵ نوێنەری یانە سەرکەوتووەکان، بڕیاردرا یانەکان بەسەر چوار کۆمەڵەدا دابەش بکرێن و هەر کۆمەڵەیەک سێ یانە لە خۆ دەگرێت، یارییەکان بەشێوازی چوون و هاتن دەکرێن، واتا هەر یانەیەک دوو یاری لە یاریگەی خۆی و دوو یاری لەدەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجام دەدات، پاڵەوانی هەر چوار کۆمەڵەکە دەگەنە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین و بەیەکەوە یاری دەکەن، دوو یانە دەگەنە یاری کۆتایی و پاڵەوانی خولەکە دیاری دەکرێت.
دوای ڕاکێشانی تیروپشکەکە، یانەکان بەمشێوەیە دابەش بوون:
کۆمەڵەی یەکەم: هەولێر، پیشەسازی، ئاکرێ، کۆمەڵەی دووەم: پێشمەرگەی هەولێر، زاخۆ، هەندرێن، کۆمەڵەی سێیەم: رانیە، سیروانی نوێ، شۆریجە، کۆمەڵەی چوارەم: قەڵادزێ، خاک، رزگاری
لەگەڕی چوارەمی یارییەکاندا و لە کۆمەڵەی یەکەم یانەی پیشەسازی لەسەر یاریگەی خۆی بە سێ گۆڵی بێ بەرانبەر لەگەڵ هەولێر دووچاری شکست بوو، لە کۆمەڵەی دووەمدا زاخۆ بە چوار گۆڵ بەرانبەر بە دوو گۆڵ لە هەندرێنی بردەوە، لە کۆمەڵەی سێیەم سیروانی نوێ لەسەر یاریگەی خۆی سەرکەوتنی تۆمار کرد و بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر لە شۆریجەی بردەوە و وەک یەکەم یانە خۆی گەیاندە قۆناغی پێش کۆتایی، لە کۆمەڵەی چوارەم رزگاری بە پێنج گۆڵ بەرانبەر بە دوو گۆڵ لە قەڵادزێی بردەوە.
یارییەکانی گەڕی پێنجەمیش سبەی دووشەممە بەمشێوەیە بەڕێوەدەچن، لە کۆمەڵەی یەکەم و لەسەر یاریگەی خۆی لاوانی هەولێر میوانداری لاوانی ئاکرێ دەکات، لاوانی پیشەسازی چاوەڕوانە، لە کۆمەڵەی دووەم لاوانی زاخۆ میوانداری لاوانی پێشمەرگەی هەولێر دەکات، لاوانی هەندرێن چاوەڕوانە، لە کۆمەڵەی سێیەم لاوان شۆرجە میوانداری لاوانی رانیە دەکات و لاوانی سیروانی نوێ چاوەڕوانە، لە کۆمەڵەی چوارەم و کۆتایی، لاوانی رزگاری میوانداری لاوانی خاک دەکات و لاوانی قەڵادزێ چاوەڕوانە، سەرجەم یارییەکانیش لە کاتژمێر ٤:٣٠ خولەک بەڕێوەدەچن.

ڕیزبەندی خولەکە دوای یارییەکانی گەڕی چوارەم
کۆمەڵەی یەکەم:
١-هەولێر ٣ یاری ٦ خاڵ
٢- پیشەسازی ٣ یاری ٦ خاڵ
٣- ئاکرێ ٢ یاری سفر خاڵ
کۆمەڵەی دووەم:
١-زاخۆ ٣ یاری ٧ خاڵ
٢-هەندرێن ٣ یاری ٣ خاڵ
٣- پێشمەرگەی هەولێر ٢ یاری ١ خاڵ
کۆمەڵەی سێیەم:
١-سیروانی نوێ ٣ یاری ٩ خاڵ
٢-شۆریجە ٣ یاری ٣ خاڵ
٣- رانیە ٢ یاری سفر خاڵ
کۆمەڵەی چوارەم:
١-رزگاری٣ یاری ٧ خاڵ
٢-خاک ٢ یاری ٤ خاڵ
٣- قەڵادزێ ٣ یاری سفر خاڵ

ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکە
دوای تەواو بوونی گەڕی یەکەمی قۆناغی دووەمی خولەکە تا ئێستا کۆمەڵێک یاریزان بەمشێوەیەی خوارەوە لە ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکەن:
١- باوان ستار – ١٠ گۆڵ یانەی شۆریجە
٢- فەرهاد عوسمان – ١٠ گۆڵ یانەی خاک
٣- کاردۆ کاوە – ١٠ گۆڵ یانەی رزگاری
٤- موسا محەمەد – ٨ گۆڵ یانەی شێروانە
٥- هێژا خۆشناو – ٨ گۆڵ یانەی هەولێر
٦- مستەفا عودەی – ٨ گۆڵ یانەی سیروانی نوێ
٧- یونس ئەحمەد – ٨ گۆڵ – یانەی زاخۆ
٨- رەهەند ڕێبوار – ٧ گۆڵ یانەی قەڵادزێ
٩- داود سلێمان – ٧ گۆڵ یانەی چەمچەماڵ
١٠- ماکۆک ئەسوەد – ٦ گۆڵ یانەی برایەتی
١١- بەهەشت ئەحمەد – ٦ گۆڵ یانەی چوارقوڕنە