مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
بڕیارێكی یەكلاكەرەوە لە ئێنریكییەوە لەبارەی ئەستێرەیەكی یانەكەی
لویس ئێنریكی، راهێنەری یانەی پاریس سان جێرمان، بڕیارێكی یەكلاكەرەوەی لەبارەی چارەنووسی برادلی باركۆلای یاریزانی فەرەنسیی یانەكەی دا.
فابریزیۆ رۆمانۆ، شارەزای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە ئەورووپا، ڕایگەیاند: پاریس سان جێرمان، هیچ نیازێك یان پلانێكی بۆ دەستبەرداربوون لە ئەستێرەی لاوی یانەكەی برادلی باركۆلا، یاریزانی باڵی یانەكە نییە لە ماوەی گواستنەوەی ئێستەی هاوینەی یاریزاناندا.
فابریزیۆ رۆمانۆ، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە سەكۆی (ئێكس) دوێنێ دووشەممە ڕایگەیاند: كارگێڕیی وەرزشیی یانەی پاریس سان جێرمان و لویس ئێنریكی راهێنەر، پلانی ئەوە دادەنێن كە باركۆلا ببێتە بەشێكی گرنگی یانەكە لە وەرزی 2025/2026.
باركۆلای تەمەن 22 ساڵان، لە هاوینی ساڵی 2023ـدا، لە یانەی ئۆلیمیك لیۆنی ئەو وڵاتەوە بەرانبەر 45 ملیۆن یۆرۆ چووە یانەی پاریس سان جێرمان.
ئەو یاریزانەی باڵەكانی یانەی پاریس، 21 گۆڵی كرد و 19 تۆپی گۆڵكردنی بۆ هاوڕێكانی لە كۆی 59 یاریی وەرزی ڕابردوودا تۆمار كرد و چووە ریزی یەكەمی هەڵبژاردەی فەرەنساس.
بەڵام باركۆلا، بەرەبەرە پێگەی لە پێكهاتەی سەرەكیی یانەكەی بۆ بەرژەوەندیی هاوڕیكانی وەكوو عوسمان دێمبلی و دیزیریە دۆی و خفیچا كەڤاراتسخیلیا، كە ئەمەی دوایی لە مانگی یەكی ئەمساڵ لە یانەی ناپۆلیی ئیتاڵییەوە چووە یانەی پاریس سان جێرمان.
ڕاپۆرتەكان باسیان لەوە دەكرد، كە ئەو یاریزانە لەلایەن یانەكانی ئەورووپاوە گرنگیی زۆری پێ دەدرێ، دیارترینیان بایرن میونشن.
یانەی ڕۆما، یاریزانێكی بۆ یانەی ریاڵ مەدرید پێشنیاز دەكات
یانەی ڕۆمای ئیتاڵی، یاریزانی بەرگریكاری خۆی ئیڤان ندیكا دەخاتە بەردەم یانەی ریاڵ مەدرید، بەو پێیەی یانە ئیتاڵییەكە پێویستی بە پارەی نەختینەیە بۆ ئەوەی گرێبەستی نوێ لەگەڵ یاریزاناندا واژۆ بكات.
رۆژنامەی لا گازێتتا دێلۆ سپۆرتی ئیتاڵی بڵاوی كردەوە، یانەی رۆما، ئیڤان ندیكای بەرگریكاری بۆ یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی پێشنیاز كردووە، بۆ ئەوەی ئەو یاریزانەی ببەنە ریزەكانیەوە، بە تایبەت بەردەم چابی ئەلۆزۆی راهێنەری یانەی مێرەنگی.
بەم دواییە دی هۆیسنی بردە ریزەكانی و بە دوای یاریزانێكی دڵی بەرگریدا دەگەڕێ بۆ بەهێزتركردنی هێڵی بەرگریی یانەكە، كە وەرزی ڕابردوو بە هۆی پێكانی چەندان یاریزانیەوە كێشەی زۆری بۆ دروست بوو.
ندیكا، گرێبەستی لەگەڵ یانەی رۆما تا حوەزیرانی ساڵی 2028ـە، بەڵام وەرزێكی نایابی لەگەڵ یانە ئیتاڵییەكە بەسەر برد.
لە كاتێكدا یەكێتیی تۆپی پێی ئەورووپا، بە وردی چاودێریی دارایی یانەی رۆما دەكا، بۆیە یانەكە بە دوای سەرچاوەی دیكەی داهاتدا دەگەڕێ، ڕەنگە بەو هۆیەوە چەند ئەستێرەیەكی بفرۆشێ.
یانەی رۆما پەیوەندیی لەگەڵ جۆنی كاڤلات، سەرۆكی بەشی پشكنینەكان لە یانەی ریاڵ مەدرید كردووە، كە لەو كاتەوەی یانەی ئینتراخت فرانكفۆرتی ئەڵمانی بووە چاودێریی ئەو یاریزانە دەكا، بۆ ئەوەی بەرانبەر 40 ملیۆن یۆرۆ، ئەو یاریزانەیان پێ بدەین.
ئەو بەرگریكارە كۆت دیڤوارییە خاوەنی 16 یاریی نێودەوڵەتییە و لە هەموو یارییەكان و خولەكەكانی یانەی رۆما لە وەرزی 2024/2025 بەشداری كرد، ئەوەش وای كرد چاوی بەشێك لە یانەكانی بكەوێتە سەر، بە تایبەت لە خولی ئینگلیزی وەكوو یانەی تۆتنهام و مانچستەر یونایتد.

