رۆژنامەی ھەولێر

پرسەنامەی ڕۆژنامەی هەولێر بۆ کۆچی دوایی نووسەرو ڕۆژنامەنووس هاوكاری ئازیزمان ( فەرهاد محەممەد سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان)

بە داخ و پەژارەیەکی قووڵەوە، هەواڵی کۆچی دوایی نووسەری دیار و ڕۆژنامەنووس، هەڤاڵ و هاوكاری دێرین و خۆشەویستمان كاكە، ( فەرهاد محەممەد) ڕادەگەیەنین.
كاك فەرهاد قەڵەمێكی بەبڕشت و شڕۆڤەكارێكی سیاسی بەتواناو دەنگێکی زوڵاڵ و خەمخۆرێکی ڕاستەقینەی كارەكەی خۆی بوو. لەدەستدانی ئەم میدیاكارو ڕووناكبیرەمان، خەسارەتێکی گەورەیە و کۆچەکەی کەلێنێکی دیار لە جەستەی میدیاكەمان و ڕۆشنبیریی کوردیدا دروست دەکات.
لەم ساتە خەمناکەدا، بە ناوی خۆم و تەواوی ستافی ڕۆژنامەی (هەولێر)، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادەو بنەماڵە بەڕێزەکەی، کەسوکار و دۆست و هەڤاڵان و تەواوی كارمەندو ستافی گۆڤاری گوڵان دەکەین. هاوبەشی خەمتانین و لە یەزدانی مەزن داواکارین ڕۆحی پاکی كاكە فەرهادی جوانەمەرگ بە بەهەشتی خۆی شاد بکات و سەبووری و ئارامییش بە دڵی هەمووان ببەخشێت.

هاودەنگ فارووق
سەرنووسەری
ڕۆژنامەی هەولێر