ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی لە بانگەوازی سەرۆک بارزانی دەکات و داوا لە تیمی وەزاریی یەکێتی دەکات بگەڕێنەوە بۆ کارەکانیان لە حکومەت
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2026، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ژمارەیەک بابەتی گرنگی پەیوەست بە بانگەوازی سەرۆک بارزانی، دوا ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و هێرشی تیرۆریستی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و لێکەوتەکانی، تاوتوێ کرد.
ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازیی و پشتیوانی لە بانگەوازی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات سەبارەت بە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ لەپێناو بەهێزترکردنی سیستەمی سیاسی و دیموکراسی و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنی وەزیران، هەروەها داواش لە هاوکارانمان، لە تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات کە بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و درێژە بە کارکردن و دەوامکردنیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بدەن و هەر سەرنج و تێبینی و پێشنیارێکیشیان هەیە، پێویستە لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت و چارەسەر بکرێن.
پاشان ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆی لەبارەی دوا سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی باڵای حکومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران عەلی ئەلزەیدی کرد.
سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بەوە دا کە لە گفتوگۆکانیدا لە بەغدا، جەختی لە پێویستیی ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵیی عێراق و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی شایستە داراییەکان و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بەشێوەیەکی دادپەروەرانە كردووە.
ئەنجومەنی وەزیران، شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد کە لەسەر بنەمای ئەو لەیەکتێگەیشتن و کەشە ئەرێنییەی لە دوا سەردانی سەرۆک وەزیران بۆ بەغدا هاتووەتە ئاراوە، لە گفتوگۆ و دانوستانەکانی بودجەی ساڵی 2027 بەردەوام بن، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بنەڕەتی و کۆتایی و دادپەروەرانە، لەبارەی جێگیرکردنی مووچە و شایستە دارایییەکان و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵدا.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەدا، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، ڕاپۆرتێکی لەبارەی لێکەوتەکانی هێرشی تیرۆریستی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر پێشکەش کرد، کە بووەتە هۆی وەستانی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە و کەمبوونەوەی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا بە هاووڵاتییان. هەروەها باسی لە هەوڵەکانی وەزارەتی کارەبا کرد بۆ قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە کەمبوونەوەی کارەبا لە ڕێگەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کە بە نەوتی ڕەش و دیزل و کارۆئاوی و فلێر گاز کار دەکەن.
پاشان وەزیری ناوخۆ باسی لە وردەکارییەکانی ئەو لیژنە ئەمنییە هاوبەشەی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە پێکهنێراوە و تا ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
ئەنجومەنی وەزیران بە توندترین شێوە، ئەم هێرشە تیرۆریستییە بۆ سەر کۆرمۆر شەرمەزار دەکات کە ئامانجی تێکدانی ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان و عێراقە و مەبەستی زيانگەیاندنە بە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان و پێویستە کۆتایی بەم هێرشانە بهێنرێت.

