کۆمپانیای دابەشکردنی بەرھەمە نەوتییەکان ڕێکارە تایبەتەکانی دابینکردنی نەوتی سپی بۆ ھەرێمی کوردستان تەواو کردووە و نەوتەکە ئامادەیە و نوێنەرایەتیی ھەرێمی کوردستان ئاگادار کراوەتەوە بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی وەرگرتن و پاشانیش دابەشکردنی نەوتەکە لەلایەن خۆیانەوە. پارێزگاری ھەولێریش، دەڵێت: لەگەڵ گەیشتنی بەشە نەوتی بەغدا، ٢٠٠ لیتر نەوت بەسەر ھەر ماڵێکدا دابەش دەکرێت.
یەکێک لە بڕیارە گرنگ و پێویستییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە ھاووڵاتییان چاوەڕێیان دەکرد دابەشکردنی نەوتی سپی بوو، سەرۆکی حکوومەت لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەو بڕیارەی دا و دەست بە دابەشکردنی نەوت بەسەر ھاووڵاتییانی کوردستان دەکرێت، کە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دابەش دەکرێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان تەواو کراون و بەپێی پلانەکە بڕی ٢٠٠ لیتر نەوت بەسەر ھەر خێزانێکدا دابەش دەکرێت.
پارێزگاری ھەولێر سەبارەت بە میکانیزم و کاتی دەستپێکردنی پرۆسەکە، ڕوونیکردەوە: خشتەیەکی تایبەت و ڕێکخراومان بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر ھاووڵاتییاندا ئامادە کردووە، بەڵام ھۆکاری دەستپێنەکردنی پرۆسەکە ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا بەغدا ئەو بەشە نەوتەی کە وەک پشک بۆمان دیاری کراوە نەناردووە.
ئومێد خۆشناو، ھاووڵاتییانی دڵنیا کردەوە کە لەگەڵ گەیشتنی بەشە نەوتەکەی بەغدا، بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کورتھێنانەکە پڕ دەکرێتەوە، تاوەکو ھیچ خێزانێک بێبەش نەبێت و پشکی دیاریکراوی خۆی کە ٢٠٠ لیترە بە تەواوەتی وەربگرێت.
سەبارەت بە بڕی پێداویستیی ھەرێمی کوردستان، پارێزگاری ھەولێر، ئاماژەی بەوە کرد، ھەرێم پێویستی بە نزیکەی ٢٨٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی ھەیە، بۆیە ئەو ٥٠ ملیۆن لیترەی عێراق بڕیاری لەسەر داوە، تەنیا بەشێکی زۆر کەم لە پێداویستییەکان پڕ دەکاتەوە و دەکاتە نزیکەی ١٤ بۆ ١٥ لەسەدی کۆی پێداویستیی گشتیی ھەرێمی کوردستان.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشتر بە مەبەستی پێدانی ٢٠٠ لیتر نەوت بە ھەر خێزانێک، داوای نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپیی ماڵانی لە حکوومەتی عێراق کردبوو، بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی وەرزی زستان بەتەواوی بۆ ھاووڵاتییان پڕبکرێتەوە.
ھاووڵاتییان دەڵێن، بە دابەشکردنی نەوت، نرخەکەی لە بازاڕ ھەرزان دەبێت، ئەو کات دەتوانین لەگەڵ ئەو بەرمیل نەوتەی کە وەردەگرین چەند بەرمیلێکی دیکە بکڕین و خۆمان لە سەرمای زستان بپارێزین.
مەغدیدی نەوتفرۆش، کە لەناو بازاڕی سۆران خەریکی فرۆشتنی نەوت بوو، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لە دوو ڕۆژدا نرخی یەک بەرمیل نەوت ١٥ ھەزار دیناری دیکە گرانتر بووە و ئێستا لە بازاڕدا بە ٣١٥ ھەزار دینارە، بەڵام لەگەڵ دابەشکردنی نرخەکەی لە بازاڕ ھەرزانتر دەبێت.
ئەو نەوت فرۆشە، گوتیشی: لەو دوو ڕۆژەدا بەھۆی ساردبوونی کەشوھەوا و بارینی باران خەڵک ناچار بووە بە ھەر نرخێک بێت نەوت بکڕێت.

