ئەمڕۆ چوارشەممە 2026.8.19، هەریەك لە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەردەوامی گەیاندنی دەستی خزمەتگوزاری بۆ سەرجەم ناوچە و گەڕەکەکانی هەولێری پایتەخت، لە ڕێورەسمێکدا بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەكی گرنگی قیرتاوکردن و دروستکردنی شەقامیان بەگوژمەی ( 540 ملیۆن دینار ) لەسەر داهاتی 15%ی سەرۆكایەتی شارەوانی دانا.
پڕۆژەكان بریتی بوون لە:-
1- :گەڕەکی سەربەخۆیی (کەرتی 3000 – قۆناغی سێیەم)، دروستکردنی چەندین شەقام بە درێژایی 2 کم، کە کارەکانی کردنەوەی ڕێگا، تێکەڵەڕێژکردن، و لێدانی قالبی شۆستە دەگرێتەوە.
2- پیشەسازی باشوور (قۆناغی دووەم)، قیرتاوکردنی 8 شەقامی سەرەکی و لاوەکی بە ڕووبەری 14,500 مەتری چوارگۆشە، کە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردنی خێرادان.
3- گەڕەکی ڕۆشنبیری (قەرەبووی 5ی حەسارۆک)، کارەکانی دانانی سەرەبلۆک، دیاریکردن، و کردنەوەی شەقامەکان بە قەبارەی 18,000 مەتری سێجا.
4- گوندی تۆبزاوەی ئەحمەد، دروستکردنی شەقام بە درێژایی 1.5 کم بە سەرجەم قۆناغەکانی تێکەڵەڕێژ و شۆستە، لەگەڵ دانانی تۆڕی نوێی ئاوەڕۆ بۆ ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی ئاوی باران.

