رۆژنامەی ھەولێر

پڕۆژە ژینگەیی و ستراتیجییەکەی ڕیسایکلینی ئاوی قورسی هەولێر پێی نایە قۆناغی دووەم

قۆناغی دووەمی ڕیسایکلینی ئاوی قورسی هەولێر لە گەڕەکی عەرەبکەند، توانای چارەسەری ئاوی گەیاندووەتەوە زیاتر لە ٢٦٢ هەزار مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا، کە لەسەر ڕووبەڕی ٦٠ دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت. هاوکات هەلی کاریشی بۆ ٢ هەزار کارمەند ڕەخساندووە.

کارکردن لەسەر قۆناغی دووەمی پڕۆژەی چارەسەری ئاوی قورسی هەولێر لە گەڕەکی عەرەبکەند بە هەمان تەکنەلۆجیای قۆناغی یەکەم، واتە Activated Sludge، بەردەوامە، لە ماوەی یەک مانگی دەستپێکردنی قۆناغی دووەم، ١٠٪ پڕۆژەکە جێبەجێکراوە و پێشبینی دەکرێت قۆناغی دووەم لە کۆتای مانگی ئاداری ٢٠٢٨ کۆتایی پێبێت.

دوای تەواوبوونی ئەم قۆناغە، توانای چارەسەری ئاوی قورسی هەولێر بۆ ٢١٠ هەزار مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا بەرز دەبێتەوە. ئەمەش لەگەڵ توانای قۆناغی یەکەم، کۆی گشتی توانای چارەسەری ئاوی قورسی پایتەخت دەگەیەنێت بە ٢٦٢ هەزار و ٥٠٠ مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا و قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە، دەرفەتی کاری بۆ نزیکەی ٢ هەزار کارمەند دابین کردووە.

وێستگەی ڕیسایکلینی ئاوی قورسی هەولێر، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیجی و هەنووکەییەکانی کابینەی نۆیەم، کە ئامانج لێی چارەسەر و خاوێنکردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆکانی هەولێرە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی بە مەبەستی ئاودێری و کشتوکاڵ و پاراستنی ئاوی ژێرزەوی. وێستگەکە بە تەکنەلۆجیایەک کاری پێدەکرێت کە تەنیا لە وڵاتی ژاپۆن هەیە و ئێستا لە قۆناغی دووەمیەتی.