بەردی بناخەی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی ژینگەیی لەسەر رێگای مەخموور دانرا، کە تێیدا بازاڕێکی میلی دەگۆڕدرێت بۆ پارکێکی مۆدێرن بە ڕووبەری ٤٢ هەزار مەتر دووجا.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەوبارەیەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند؛ ئەم پڕۆژەیە کە هەزاران نەمامی جۆراوجۆری وەک “سیسەم، زەیتوون و سنەوبەر” لەخۆدەگرێت، ئامانجی سەرەکی گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی ژینگەیی و باشترکردنی کوالێتی هەوای هەولێرە، ئەم پارکە ساڵانە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی زیاتر لە ٣٣ تۆن دوانە ئۆکسیدی کاربۆن، پڕۆژەکە سیستەمێکی ئاودانی مۆدێرنی بۆ دابینکراوە کە عەمبارێکی ئاوی ١٠٠ هەزار لیتری لەخۆدەگرێت.
ئاماژەی بەوە کرد، هەموو پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەت، لەوانە زیادکردنی رێژەی سەوزایی، دروستکردنی پشتێنەی سەوز و بونیادنانی بەنداو و پۆندەکان، لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بووە گوتیشی “تەنانەت لە پڕۆژەکانی کەرتی تایبەتیشدا، مەرجی رواندنی دار و نەمام وەک بەشێکی دانەبڕاو چەسپێنراوە.”
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، تیشکی خستە سەر دۆخی ژینگەیی پایتەخت و ڕایگەیاند؛ لە ساڵانی رابردوو بەهۆی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و قەیرانەکان، ئاستەنگی زۆر هەبوون، بەڵام ئێستا بەهۆی هەوڵە بەردەوامەکانەوە، دۆخی هەوای هەولێر بەرەو باشتربوون چووە، داوای لە هاووڵاتیانیش کرد کە هاوکار بن و پارێزگاری لە ژینگەی شارەکەیان بکەن.

