ڕائیب جادر – هەولێر
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری درێژکردنەوەی لێخۆشبوونی بەشێک لە سزاکانی ھاتووچۆی دەرکرد، بەپێی بڕیارەکە، داشکاندنی ٢٠% بۆ سزاکانی سەرپێچیی ھاتووچۆ بۆ ماوەی ٦ مانگی دیکە و تا ٣٠ی حوزەیران بەردەوام دەبێت.
ئەم بڕیارە لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە و لەسەر پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ بووە، مەبەست لەم ھەنگاوە، کارئاسانیی دارایی و باشترکردنی گوزەرانی ھاووڵاتییانە لە سەرتاسەری ھەرێمدا، کە پێشتریش چەندین جار لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە درێژکرابووەوە.
وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە پێناو خزمەتکردنی گشتی، بڕیاری لێخۆشبوون سەرەتا لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥ دەرچوو، ئێستاش حکوومەت بڕیاری داوە دەرفەتی زیاتر بە شۆفێران بدات بۆ پاکتاوکردنی سەرپێچییەکانیان.

