رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگاری هەولێر، سەردانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و زانا مەلاخالید بەرپرسی لقی2ـی پارتی، بەبۆنەی 128 ساڵەی دەرچوونی یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی کوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، سەردانی بارەگای سەندیکایان کرد و لەلایەن ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی ڕۆژنامەنووسان و ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیکاوە پێشوازییان لێکرا.

لە دیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر وێڕای گەیاندنی پیرۆزبایی، ستایشی مێژووی پڕ لە سەروەریی ڕۆژنامەگەریی کوردی کرد. هەروەها بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکاوە، ڕۆڵی ئەو دامەزراوەیەی بە بەرز و کاریگەر وەسف کرد لە ڕێکخستنی کایەی ڕاگەیاندن و کارکردنی بەردەوام بۆ داکۆکیکردن لە مافە پیشەیی و یاساییەکانی ڕۆژنامەنووسان.

هەروەها جەختی کردەوە کە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان هەمیشە چەترێکی کۆکەرەوە بووە بۆ ڕۆژنامەنووسان و پارێزەری پرەنسیپەکانی دیموکراسی و ئازادیی ڕادەربڕین بووە لە هەرێمی کوردستان، هیوای خواست کە سەندیکا هەمیشە لە پێشەنگدا بێت بۆ پەرەپێدانی توانای ڕۆژنامەنووسان و پاراستنی شکۆی پیشەکەیان.

لای خۆیانەوە، نەقیب و ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیکا سوپاسی پاڵپشتی بەردەوامی پارێزگاری هەولێریان کرد و دووپاتیان کردەوە کە سەندیکا وەک ماڵی هەموو ڕۆژنامەنووسان بەردەوام دەبێت لە داکۆکیکردن لە مافەکانیان و بەرز ڕاگرتنی پەیامی پیرۆزی ڕاگەیاندن.