رۆژنامەی ھەولێر

لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر یاسای خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ دەدرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پەرلەمانی عێراق، پێشنیازەیاسای سەپاندنەوەی خزمەتی سەربازی بەسەر گەنجاندا بە گرنگترین تەوەر دادەنێت، کار بۆ ئەوە دەکات خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ بکرێت و پەسەند بکرێت و ببێتە یاسا، بۆ ئەو مەبەستە سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری گەیشتووەتە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی ئەم یاسایە تێپەڕێنرێت و خزمەتی سەربازی وەک ئەرکێکی نیشتمانی لە عێراقدا جێبەجێ بکرێت. فڕاکسیۆنی پارتی دەڵێت: لە پەرلەمانی عێراق پەسەندیش بکرێت، لە ھەرێمی کوردستان بە ھیچ شێوەیەک کاری پێ ناکرێت.

دوای ئەوەی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاساکە کرا، ھەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاند، لەبارەی پڕۆژەکە کاتی تەواو دەدرێت تا لەناو پەرلەمانتاران گفتوگۆی لەسەر بکرێت، ھەر لەسەر ئەم بابەتەش بانگھێشتی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتەکانی بەرگری، پلاندانان، دارایی و سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا دەکەن بە مەبەستی ئاگاداربوون لە تێبینییەکانیان سەبارەت بە پڕۆژەیاساکە.
ئامانجی سەرەکیی حکوومەت و پەرلەمانی عێراق لە گەڕانەوە بۆ ئەم سیستەمە دوای ٢٣ ساڵ، وەک خۆیان باسی دەکەن، بریتییە لە دروستکردنی سوپایەکی تۆکمە و بەھێزتر، ھاوکات لایەنە لایەنگرەکانی ئەم یاسایە پێیانوایە کە دەتوانن لە ڕێگەی ئەم ھەنگاوەوە بەشێک لە کێشەی بێکاری لەنێو گەنجاندا چارەسەر بکەن و دیسپلینێکی سەربازیی نوێ لە وڵاتدا بچەسپێنن، ئەمە لەکاتێکدایە کە سەرۆکی لیژنەی یاسایی، بەھا ئەعرەجی، لە نووسراوێکدا بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان دووپاتی کردووەتەوە کە ڕەشنووسەکە ھیچ ناکۆکییەکی لەگەڵ ماددەی ٦٠ی دەستوور و یاساکانی ئێستادا نییە.
جێی ئاماژەیە کە ئەم پڕۆژەیاسایە لە خولەکانی پێشووی پەرلەمانیشدا چەندین جار وروژێنراوە، بەڵام ھەموو جارێک بەھۆی ناڕەزایەتییە توندەکانی شەقامی عێراقی و ترسی خەڵک لە لێکەوتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی، پاشەکشەی لێ کراوە، ئێستاش کە جارێکی دیکە ئەم بابەتە ھێنراوەتەوە پێشەوە، دابەشبوونێکی گەورە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا دروست بووە، لایەنێک وەک ئامرازێک بۆ بنیاتنانی شوناسی نەتەوەیی سەیری دەکات و لایەنەکەی دیکەیش وەک ھەنگاوێکی نادەستووری و جێبەجێنەکراو لە قەڵەمی دەدات.
سعوود ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای کرد، فراکسیۆنەکەیان دژی ئەم پڕۆژەیاسایەیە و یاداشتێکی ناڕەزایی بە واژۆی ٣٤ پەرلەمانتارەوە پێشکەش کردووە، تێیدا داوای کێشانەوەی پڕۆژەیاساکە دەکەن، چونکە باوەڕمان وایە بردنی گەنجان بۆ سەربازیی زۆرەملێ نابێت پێش دابینکردنی سەرەتاییترین ماف بێت، کە ئەویش پاراستنیانە بەتایبەتیش کە تائێستا وڵات سیستەمی بەرگریی ئاسمانی نییە و ئەم یاسایە کێشەیە لە ڕیزبەندی کاری لەپێشینەی حکوومەت و دەوڵەتدا، لە ھەمان کاتدا ئەم یاسایە بارگرانی دارایی دروست دەکات و دەبێت کابینەی تازەی حکوومەتی عێراق ڕەزامەندی لەسەر بدات.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە شێوەیەکی فەرمی ڕەتکردنەوەی خۆی بۆ پڕۆژەیاسای خزمەتی سەربازی زۆرەملێ ڕاگەیاند، ئەم ھەڵوێستە دوای ئەوە ھات کە دەنگۆکان لەسەر تێپەڕاندنی ئەو یاسایە لە پەرلەمان چڕ بوونەتەوە و پارتیش بە ڕاشکاوی دژی وەستاوەتەوە.
زیرەک زێباری، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ھەرێمی کوردستان خاوەن پێشمەرگە و یاسای تایبەت بە خۆیەتی، بۆیە ھەرێمی کوردستان پابەندی ئەو یاسایە نابێت، ئەگەر ئەو پڕۆژەیاسایە لە پەرلەمانی عێراق پەسەندیش بکرێت، ئەوا لە ھەرێمی کوردستان بە ھیچ شێوەیەک کاری پێ ناکرێت و جێبەجێ ناکرێت، چونکە ئەم یاسایە لەگەڵ دۆخی تایبەتی ھەرێمی کوردستان و شێوازی ڕێکخستنی ھێزەکانیدا ناگونجێت.