رۆژنامەی ھەولێر

نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان لە ئەنتالیا کۆبوونەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری ئەنتالیا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە و پێکەوە تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیایان کرد و جەختیان لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کردەوە.

لە میانی بەشدارییان لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجامداوە. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بەهێزکردنی هاوکارییەکانی نێوان تورکیا و عێراق و هەرێمی کوردستان کرا، هاوکات بیروڕا لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا کە هەردوولا جەختیان لە پابەندیی هاوبەش بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و ئاسایشی گشتی کردووەتەوە. هەروەها نێچیرڤان بارزانی سوپاسی سەرۆککۆماری تورکیای کرد بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی لەپێناو هێورکردنەوەی بارگرژییەکان و پاراستنی ئارامی لە ناوچەکەدا.