بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لە (38ـەمین) ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا، کە یەکێک بوو لە گەورەترین تاوانەکانی دەسەڵاتدارانی پێشووی عێراق دژ بە گەلی کوردستان و ئەو تاوانە نامرۆییەی بووە هۆی شەهیدکردن و بێسەروشوێنکردنی ( 182 هەزار ) هاووڵاتیی سڤیل و بێتاوانی گوند و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، کە تەنیا لەبەر کوردبوونیان و بێ ئەوەی هیچ تاوانێکیان ئەنجام دابێت، کرانە ئامانج.
لەم یادەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفال و تەواوی شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی قوربانییان دەکەین و داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین ئەم تاوانە بە جینۆساید بناسێنێت.
هەروەها داواکارین حکومەتی عێراق ئەرک و بەرپرسیارێتییە ئەخلاقی و دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووی سەرجەم بنەماڵە و کەسوکاری ئەنفالکراوان و زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو بکاتەوە.
هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی قوربانییانی ئەنفال و شەهیدانی کوردستان.
ئومێد خۆشناو
پارێزگاری هەولێر
2026.4.14

