سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى ئێران كۆده‌بێته‌وه‌

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێکی باڵا دەچێتە تاران و لەگەڵ به‌رپرسانى باڵاى ئێران کۆدەبێتەوە.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئـاماژەی بەوە کرد، ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه، 05-05-2024، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌ بانگهێشتێكى فه‌رميى كۆمارى ئيسلاميى ئێران و به‌ ياوه‌ريى شاندێك سه‌ردانى تاران ده‌كات.

شاندەکە، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە جێگرانى سه‌رۆك و وه‌زیری ناوخۆی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تی و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان پێكدێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، له‌ ميانى سه‌ردانه‌كه‌يدا نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى كۆمارى ئيسلاميى ئێران كۆده‌بێته‌وه‌ و ده‌رباره‌ى بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، گفتوگۆ ده‌كه‌ن.

ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی “ئیمامی خومەینی” لە تاران و لەلایەن شاندێکی باڵاوە پێشوازی لێ دەکرێت.