د. محەممەد شوکری: بە بڕیاری ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکوومەت کارکردن لە سەرجەم پڕۆژە تەواو نەکراوەکان دەست پێ دەکەنەوە

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەبڕیاری ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشێک لە پڕۆژە تەواو نەبووەکان تەواو دەکرێن و بەم نزیکانە دەدرێنەوە بە خاوەنەکانیان.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی ئایاری 2024، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندروێکدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ کۆمەڵێک یەکە نیشتەجێبوون تەواو بووە لە فلۆریا ستی ڕادەستی خاوەنەکانیان دەکەین و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا ئەو یەکە نیشتەجێبوونانەی دیکەش تەواو بێن.

بەگوتەی ئەو: “وەبەرهێنانی هەولێر و لێژنەی تایبەتیی هەولێر، ئەو بۆردە تایبەتەی کە لە وەبەرهێنان دەستیان پێ کردووە، لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتیی دیوان، سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی ئەم پڕۆژانە دەکەن.”

محەممەد شوکری گوتیشی: “هیوادارین بتوانن لە ماوەیەکی نزیکدا، تەواوی ئەو پڕۆژانەی گیروگرفتییان هەیە،  کێشەکانیان چارە بکرێن و تەواو بکرێن، هەروەها بەهۆی ئەو گیروگرفتانەی ماوەکانی ڕابردوو، کە ببونە بەربەست لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە و پڕۆژەکانی دیکەش لە هەولێر، ڕادەستی هاووڵاتییان بکرێن.”

ئەو سەرۆکە دەڵێت: “ئەم پڕۆژە تەواونەبووانە، ببونە گیروگرفت بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان و فەرمانگەکان، کە چەندین ساڵە پڕۆژەکان جێ هێڵدرا بوون، بە بڕیاری ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکوومەت، کار لە بەشێک لە پڕۆژە تەواونەبووەکان دەستی پێ کردەوە و بەم نزیکانە هەموویان دەدرێنەوە بە خاوەنەکانیان.”

ڕاشیگەیاند، ئەو هاووڵاتییانەی کە 10 ساڵ زیاترە ناویان تۆمار کراوە و چاوەڕوانن، بتوانن یەکەکانیان وەربگرن و تێیدا نیشتەجێبن، هەنگاو بە هەنگاو دەست پێ دەکات و ئەمە یەکەم هەنگاوە، هەنگاوی باشتریش دەبێت، لەماوەیەکی نزیکدا کێشەی سەرجەم ئەم پڕۆژە گەورانەی شاری هەولێر چارە دەکرێن.

ھەواڵی زیاتر