‎دایكه‌ حه‌لیمه‌ هێمای خۆشه‌ویستیو به‌خشین

دهۆک بەرۆژی

دایكه‌ حه‌لیمه‌ دایكە چوار شەهید بە هێمای خۆشه‌ویستی و به‌خشین و قوربانیدان و دڵنه‌وایی و دڵسۆزییه‌كی بێ سنووره‌ بوو.

دایكه‌ حه‌لیمه‌، چ دایكێكی مه‌زن و چ ژنێكی گه‌وره‌ بووه‌، كه‌وا له‌ناو ئه‌و ئازاره‌ گه‌وره‌یه‌دا بتوانێت هه‌ناسه‌ بدات، له‌ناو چ هه‌ست و چ دونیایه‌كی جیاوازدا، چركه‌ ساته‌كانی دوای شه‌هیدكردنی كوڕه‌كانی به‌ڕێ كردبێت.
دایكه‌ حه‌لیمه‌ ساڵی 1918ز له‌دایك بووه‌، ناوی ته‌واو حه‌لیمه‌ عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د به‌ (دایكه‌ حه‌لیمه‌) ناسراوه‌بوو، خاوه‌نی چوار كوڕ و كچێك بووه‌، كوڕه‌كان به‌ناوی (عه‌بولقادر حه‌سه‌ن وسو، عبدولخالق،وسو حه‌سه‌ن، مجید)، كچه‌كه‌ی به‌ناوی (نیشتیمان حه‌سه‌ن وسو)، كه‌ هه‌ر چوار كوڕی به‌یه‌كه‌وه‌ گولە‌ باران ده‌كرێن.
له‌23/5/1986ز خوپیشاندانێكی جه‌ماوه‌ری به‌بێ جیاوازی چین و توێژو ئاین و ڕه‌گه‌ز، له‌ شه‌قڵاوه‌ دژ به‌ جه‌ور وسته‌مكاریی ڕژێمی به‌عس و ده‌زگا داپلوسێنه‌ره‌كان ئه‌نجام ده‌درێت. ئاپۆره‌ی جه‌ماوه‌ر له‌ هه‌موو كۆڵانێكی شه‌قڵاوه‌ ده‌بیندرا، به‌ دروشمی پڕ ئۆقره‌یی و نیشتمانی، شه‌قڵاوه‌ی پڕ كردبوو، هه‌ر بۆیه‌ به‌عسییه‌كان له‌ به‌ره‌به‌یانی 16-10/1986ز، به‌ بیانووی سه‌رژمێركردنه‌وه‌ نه‌یانهێشت كه‌س له‌ماڵ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌هێزێكی زۆر و پڕ چه‌كه‌وه‌، به‌ كۆپته‌ر و تانك و زرێپۆشه‌وه‌، ده‌ستیان به‌ ڕه‌شبگیری دژ به‌ خه‌ڵكی شه‌قڵاوه‌ كرد.
له‌و ڕه‌شبگیرییه‌دا نزیكه‌ی (160) هاوڵاتی سڤیل له‌ ژن و پیاو و گه‌نج و منداڵ، ده‌گیرێن، دواتر هه‌موویان ده‌گوازنه‌وه‌ ناو شاری هه‌ولێر و ژماره‌یه‌كیان ئازاد ده‌بن، به‌ڵام (22) كه‌س له‌و خۆپیشانده‌رانه‌، له‌گه‌ڵ كه‌سێكی تر، كه‌ پێشتر گیرابوو،كه‌ چوار كوڕكانی دایكه‌ حه‌لیمه‌ له‌گه‌لبوون له‌ 1986ز له‌ گۆڕستانی كارگه‌ی قیری هه‌ولێر له‌سه‌ر ڕێگای هه‌ولێر مه‌خمور گولە باران ده‌كرێن و ده‌یانخه‌نه‌ ژێر گڵه‌وه‌. ته‌نها به‌ڵگه‌نامه‌ی كۆچی دوایی (وه‌فاتنامه‌) بۆ خانه‌واده‌كانیان ده‌نێرنه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت پاره‌ی فیشه‌كه‌كانیشیان لێ ده‌ستێنن و پرسه‌دانانیان لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌كه‌ن. دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی 1991ز، به‌ هه‌وڵی خه‌مخۆران و به‌دوا گه‌ڕانیان و هه‌بوونی شایه‌دحاڵی ناو ئه‌و ڕووداوه‌، له‌ 16/9/1991ز به‌ره‌ی كوردستانی، ئێسك و پڕوسكی پیرۆزی هه‌موو ئه‌و قوربانی و تیكۆشه‌رانه‌، ده‌گوازنه‌وه‌ شه‌قڵاوه‌ و له‌وێ له‌ گۆڕستانی زه‌یتوون، به‌شێك جیاده‌كرێته‌وه‌ به‌ناوی (گۆڕستانی 23شه‌هیدانی شه‌قڵاوه‌) و گۆڕستانێكی تایبه‌تیان بۆ دروست كرد، بۆیه‌ ئه‌و شه‌هیدانه‌ ده‌بن به‌ بیست و سێ شه‌هید، چونكه‌ دوای گیرانی ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ و له‌و سه‌روبه‌نده‌دا مه‌فره‌زه‌یه‌كی حزبی شیوعی عێراقی، چالاكییه‌كی پارتیزانی دژ به‌ ڕژێمی به‌عس له‌ گه‌ڕه‌كی (كریكۆر) له‌ شه‌قڵاوه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن. له‌و چالاكییه‌دا (11) یازده‌ كه‌س له ‌پیاوانی ڕژێمی به‌عس ده‌كوژرێن. دوای چه‌ند ڕۆژێك ڕژێمی به‌عس، خانوو و ئۆتێلی سه‌لیم و ئه‌و شوێنه‌ ده‌ته‌قێنێ ته‌وه‌، كه‌وا چالاكییه‌ پارتیزانه‌كه‌ی لێ ئه‌نجام درابوو، بۆیه‌ كاتی ته‌قاندنه‌وه‌ی ئوتێل و شوێنی چالاكییه‌كه‌دا، به‌ردێك به‌سه‌ر سه‌ری كچێك به‌ناوی (چیمه‌ن خورشید مه‌لا) ده‌كه‌وێت و شه‌هید ده‌بێت، بۆیه‌ له ‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێسك و پڕوسكی 22 شه‌هیده‌كه‌، ڕوفاتی مامۆستا چیمه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌و بیست و دوو كه‌سه‌ ده‌بێته‌ (23) و له‌ گۆڕستانی 23 شه‌هیدانی شه‌قڵاوه‌ به‌ خاك ده‌سپێردرێن.
ئه‌م ڕووداوه‌ گه‌وره‌یه‌، ناوێكی گه‌وره‌ی دروست كرد، به‌ ناوی دایكه‌ حه‌لیمه‌، كه‌وا چوار كوڕی له‌و 22 كه‌سه‌ ده‌بن، كه‌ ڕژێمی به‌عس گولە‌ بارانیان كردوه‌ و ته‌نانه‌ت پاره‌ی گولەكانی لێ ده‌ستێندرێت. كه‌ كوڕه‌كانی پێ كوژراوه‌، هه‌روه‌ها ڕێگه‌یان ناده‌ن پرسه‌ بۆ مه‌رگی كوڕه‌كانی دابنێت، ته‌نانه‌ت باوكی ئه‌و چوار قوربانی و شه‌هیده‌، باری ده‌روونی تێكده‌چێت و شێت ده‌بێت، وه‌ك نه‌وه‌ی دایكه‌ حه‌لیمه‌ و كوڕی یه‌كێك له‌ شه‌هیده‌كان به‌ناوی (هیوا وسو حسن) ده‌ڵێت: (باپیرم) دوای ئه‌و ڕووداوه‌ شێت ده‌بێت و تا مردن به ‌زنجیر ده‌مان به‌ستاوه.
دایکە حەلیمە لە 14/6/2007
له‌ شاری شه‌قڵاوه‌، وه‌ك ڕێزگرتنێك له‌ دایكه‌ حه‌لیمه‌، لەلایەنی سەنتەری ڕۆشنبیڕی شەقلاوە له‌ ناوه‌ڕاستی شه‌قڵاوه‌ په‌یكه‌رێكیان بۆ دایكه‌ حه‌لیمه‌ی مه‌زن دروست كردووه‌.هه‌رگیز نابێت چاكه‌ی ئه‌و ئافره‌ته‌ تێكۆشه‌ره‌كانی كوردستان له‌بیر بكه‌ین چونكه‌ خزمه‌تیان به‌ نیشتمان كرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بتوانین به‌ ئازادی بژین له‌ كوردستان.