بەرپرسێکی کۆمسیۆنی ڕاپرسی و ھەڵبژاردن ئاشکرای کرد، ئەوانەی تەمەنیان گەیشتووەتە ١٨ ساڵ بەشداریی ھەڵبژاردنی داھاتوو دەکەن و دەشڵێت، ڕێککەوتن لە نێوان ھەردوو کۆمسیۆنی ھەرێم و فیدراڵ دەکرێت بۆ بەکارھێنانی تۆماری دەنگدەرانی بەغدا.
ئارام برادۆستی، بەرپرسی ئوفیسی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ڕاپرسی، لقی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “بەپێی ڕێککەوتنی لایەنەکان تۆماری دەنگدەرانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان بەکار دێت، ئێمە پێشتر لێکگەیشتنمان ھەبووە لەگەل کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق و لە کاتی بەکارھێنانی تۆماری دەنگدەرانی بەغدا ھەموو ئەوانەی تەمەنیان گەیشتووەتە ١٨ ساڵ مافی بەشداریکردنیان لە ھەڵبژاردنی داھاتوو ھەیە.”
بەرپرسەکەی کۆمسیۆن گوتیشی: “ئەو تێگەیشتنەی ھەیە لە نێوان ھەردوولا بۆ ھاوکاری و ھەمانگی شتێکی باشە و لە قۆناغی داھاتووش پێکەوە کار دەکەین بۆ ئەوەی چۆن بتوانین سوود لە تۆماری دەنگدەرانی بەغدا وەربگرین، نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێم لە بەغدا ھەیە و دەتوانین لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی خۆمانەوە ئەو ڕێککەوتنە بکەین.”
ئارام برادۆستی ڕوونیشی کردەوە: “جگە لە ھەوڵەکانی کۆمیسیۆن پێویستە حکوومەتی ھەرێم و سەرۆکایەتیی ھەرێمیش ھاوکار بن بۆ ئەوەی بتوانین پرۆسەکە بەڕێوە ببەین و دوای کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی ڕاپرسی و ھەڵبژاردن، یاسای ھەڵبژاردنیش ھەموار دەکرێتەوە ئەوکات دەست بە ئامادەکارییەکانی خۆمان دەکەین، بەڵام وردەکاریی بەکارھێنانی تۆماری دەنگدەران دەمێنێتەوە سەر ڕێککەوتنی نێوان ھەردوولا.”