حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه‌ به‌ بایه‌خه‌وه‌ ستراتیژی پاراستنی ژینگه‌ی كوردستانی داڕشتووه‌

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پشتیوانی بۆ ستراتیژی جیهانی به‌ مه‌به‌ستی رێگری له‌ گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا و گه‌رمبوونی زه‌وی ده‌ربڕی.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، رایگه‌یاند، گفتوگۆكانی لوتكه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گۆڕانی كه‌ش و هه‌وای زه‌وی پشتیوان و هانده‌ر بوو بۆ هه‌نگاونان له‌ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ییه‌كی جیهانی. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شداربوو له‌ لوتكه‌كه‌ بۆ به‌جێهێنانی رۆڵی له‌م هه‌ڵمه‌ته‌ جیهانییه‌. ئێستا كاتی كاره‌.

‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه‌ به‌ بایه‌خه‌وه‌ ستراتیژی پاراستنی ژینگه‌ی كوردستانی داڕشتووه‌ و له‌ ماوه‌ی كاركردنیدا هه‌وڵیداوه‌ سوود له‌ وزه‌ی خاوێن وه‌ربگرێت و ده‌ردراوه‌ مه‌ترسیداره‌كان بۆ كه‌شوهه‌وا كه‌مبكاته‌وه‌ و بایه‌خ به‌ پاراستنی سامانی ئاو و زیادكردنی رێژه‌ی سه‌وزایی بدات.