کەمی رێژەی بەشداربووان لە هەڵبژاردنی عێراق، دەکرێت ئێمە وەکو زەنگێک وەریبگرین

نێچیرڤان بارزانی: پێشەکی سوپاسی کاک دکتۆر دلاوەر دەکەم بۆ ئەم دەرفەتە و سوپاسی جەنابیشت [بیلال وەهاب] دەکەم. بابەتی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی عێراق، بە بۆچوونی من ئەگەر بەراورد بکرێت لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشوو کە لە عێراق کراوە، دەتوانم بڵێم ئەم هەڵبژاردنە یەکێک بووە لە باشترین هەڵبژاردنەکان لەڕووی تەکنیکییەوە، لەڕووی بابەتی ساختەکاری و ئەوانەوە، یەکێک بووە لە باشترینیان. بە دڵنیاییەوە گلەیی هەیە، خەڵکانێک گلەییان لە پرۆسەکە و ئەنجامەکەی هەیە، من پێموایە ئەوانیش حەقی خۆیانە و دەبێت بۆچوونی ئەوانیش بە نەزەری ئیعتیبار وەربگیرێت، بەڵام ئێمە بەراوردێک بکەین لەنێوان ئەم هەڵبژاردنە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی دیکەی عێراق لە ساڵی 2003 تاوەکو ئێستا، پێموایە ئێمە قۆناخێکی زۆر باش بەرەو پێشەوە چووین.

ئەوەی کە گرنگە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەگشتی، ئەوەیە کە ئەگەر ئێمە سەیری رێژەی بەشداربووان بکەین لە هەڵبژاردن، دەتوانم بڵێم لە هەموو عێراق بەشێوەیەکی گشتی، رێژەکە کەم بووە، ئەم کەمبوونی رێژەش دەکرێت ئێمە وەکو زەنگێک وەریبگرین، زەنگێک کە خەڵک ئەوەی کە دەیەوێت زۆر زیاترە لەوەی کە ئەمڕۆ و ئێستا دەکرێت، خەڵک شایستەی ئەوەن ژیانێکی باشتریان هەبێت، پەیامی خەڵکەکە روونە کە دەیانەوێت شێوەی بەڕێوەبردن باشتر بکرێت، شێوەی خزمەتگوزاری باشتر بکرێت.

هیوادارم هەموو سیاسییەکانی عێراق ئەمە وەکو دەرفەتێک وەربگرین بۆ خۆگونجاندن و باشترکردنی ئەدائی خۆمان لە هەموو روویەکەوە. جەنابت ئاماژەت پێدا، بابەتی دیموکراسییەت، بابەتەکە ئەوە نییە کە پاکێجێک بێت یان بڵێین دیارییەک نییە پێشکێشی دەکەیت بە خەڵک و بڵێیت، فەرموو ئەوە ئێمە دیموکراسیمان بۆ هێناون.

دیموکراسییەت، پرۆسەیەکی بەردەوامە، پرۆسەیەکە کە ئەو وڵاتانەی ئەمڕۆ گەیشتوونەتە لووتکەی دیموکراسییەت، هەر ئاوا دەستیانپێکردووە. بە بۆچوونی من، عێراق تاوەکو ئێستاش بە ماوەیەکی ئینتیقالی [راگوزەر] گوزەر دەکات. ئەم ماوە ئینتیقالییە [راگوزەرە] پێویستی بەوەیە باشتر بکرێت. مەسەلەی دیموکراسییەتیش، ئەوەی کە گرنگە خەڵک ببینێت لەسەر رێچکەیەکی دروست دەڕوات، ئەگەر خەڵک ئەوە ببینێت، ئومێدیان زیاتر بۆ پەیدا دەبێت. مەسەلەی هەڵبژاردن و چوونە سەر سندووقی دەنگدانیش یەکێک لە پێوەرەکانی دیموکراسییەتە، هەموو شت نییە، بەڵام ئەوە یەکێکە لەوان.بە بۆچوونی من، لەم رووەوە ئەگەر بەراورد بکرێت و سەیری رابردووی عێراق بکرێت، لەو سیستەمی حوکمڕانییەی کە هەیبوو و ئەوەی ئێستا هەیەتی، پێموایە دەبێت ئێمە زیاتر خۆشبین بین، بەوەی کە عێراق لەسەر رێچکەیەکی راست دەڕوات.

ھەواڵی زیاتر