بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکان لە زاخۆ دەکرێتەوە

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی زاخۆ دەکرێتەوە.

رۆژی یەکشەممە 24-10-2021 ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە یاوەریی شاندێکی وەزارەت کە پێکهاتبوون لە راوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتیی دیوان، پرۆژەکان، نەخشەدانانی ئاوەدانی، ئاو و ئاوەڕۆ، شوێنەوار و ژمارەیەکی دیکە لە بەڕێوەبەران، سەردانی ئیدارەی زاخۆیان کرد.

ساسان عەونی رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی زاخۆ دەکرێتەوە و دەرخستەیەکیش بۆ قیرتاوکردنی سەرجەم شەقامەکان بەرزکراوەتەوە.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، “لە كۆبوونەوەكەماندا لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ، باسی ئەوەمان كرد کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی زاخۆ دەكەینەوە و فەرمانی دروستكردنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانیی زاخۆشمان دەركردووە. سەبارەت بە سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی دیكەش، لەمەودوا راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەكەن و هەموو ئاسانكارییەكی كارگێڕییش بۆ دروستكردنی فەرمانگەكانی دیكە و هەروەها بۆ رێكخستنی جۆری پەیوەندییان لەگەڵ وەزارەت دەگرینەبەر”.

ساسان عەونی گوتیشی، “وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پاڵپشتیی تەواوی داواكاریی تایبەت بە قیرتاوكردنی تەواوی ئەو شەقامانەی تاوەكو ئێستا قیرتاو نەكراون دەکات، لەسەر پێشینەی سەرۆكایەتیی شارەوانیی زاخۆش هەر پرۆژەیەك پێویست بێت جێبەجێ دەكرێت و چەند رۆژێك لەمەوبەریش دەرخستەیەكمان تایبەت بە پرۆژەكانی قیرتاوكردن لە شاری زاخۆ بەرزكردووەتەوە”.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو، حکومەت سەرنجێکی سەرەکیی لەسەر زیادبوونی رێژەی سەوزاییە لە هەرێمی کوردستان و داواش لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی زاخۆ دەکەن کە لەمەودوا بەشێکی بودجەکەیان یان داهاتی شارەوانییان بۆ سەوزکردنی شارەکە تەرخان بکەن.

رۆژی 20-09-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمێکدا لە زاخۆ، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی راگەیاند.

ھەواڵی زیاتر