رۆژنامەی ھەولێر

یەكترسڕینەوە ڕووخان و بێبەهایی دێنێت!

عومەر چنگیانی
لە پەروەردە جوانەكانی قورئان بۆ شوێنكەوتوانی، فێری ئەوە كردنیانە كە دەكرێ مرۆڤەكان یەك ڕا و یەك بۆچوون نەبن و جیاوازی حەز و خواست و زمان و ڕەنگ و ڕوخساریان سروشتییە و، لەخۆبوردەیی و واز هێنان لە هەندێك مافی خود (تنازول) كارێكە تا ئەندازەیەكی زۆر نەك ڕێگەپێدراو، بگرە داواكراویشە، بۆ تێگەیشتن لەم فەلسەفەیەش دەتوانین سەیرێكی ئایەتی 118 و 119ی سورەتی (هود) بكەین كە ڕووو لە پێغەمبەر دەكات دروود و سەلامی خوای لێ بێت و دەفەرمێت:
(ئەگەر پەروەرێنی تۆ ویستیاری ئەوە بوایە مەردمگەلی دەكردە یەك نەتەوە! وە لێ بە بەردەوامی فڕە ڕایەتی و، فرە بۆچوونی و، فرە حەزیەتییان تێدا هەیە، مەگەر كەسێك پەروەرێنی تۆ میهرەبانی لەگەڵ كردبێت ـ كە یەك بیروباوەڕ بن و لەسەر ڕێبازی خوا بن ـ بۆ ئەو میهرەبانیەیەش دروستی كردوون، یان بۆ ئەو فرە بۆچوونیە دروستی كردوون، ویست و بڕیاری پەروەرێنت ـ بڕیاری ئەزەلی و كەونی قەدەری ـ خۆیی داوە كە سوێند بێ دوزەخ پڕ كەم لە مەردم و جنۆكەكان).
ئەو بۆنی تەمو مژەی ئێستا لە كوردستان دەكرێت و ئەو ترس و دڵەڕاوكێیەی لە دەنجامی ملهوڕی هەندێك، یان گوێ بۆیەكتری نەگرتن، دروستبووە، وای لە ئێمەی ئەندامانی بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی كرد، كە لە یەكێك لە دوو گوتارەی هەفتەی ڕابردوومان 13/11/2026 لەڕێگای دوانگە زۆرینەی مزگەوتەكانی كوردستانەوە، دەنگی ئەوە بڵند بكەینەوە كە خوا چۆن دەمانترسێنێت لە دەرەنجامی یەكتری سڕینەوەدا و، ئایەتی چل و شەشی سوورەتی (ئەنفال)مان هێنایەوە بیری بڕوادارن كە دەفەرمێت:
(گوێڕایەڵ و ملكەچی فەرمانی خوا و پەیامگەیێنەكەی بن و یەكتری مەسڕنەوە _ تەنازوع، واتە یەكتری سڕێنەوە و یەكتری ڕووتكردنەوە لە هەموو بەها و چاكەیەك _ گەر واتان كرد دەڕووخێن و بێبەها دەبن و ئەو گرنگییەی هەتانە لە دەستی دەدەن، پشوودرێژ بن كە بە ڕاستی خوای گەورە لەگەڵ پشوودرێژاندایە).
ئەم ئایەتە پیرۆزە پەیڕەوێکی مەزنمان لە بنیادنانی کۆمەڵگەی بەهێزدا پێ دەبەخشێت و، ڕوونی دەکاتەوە کە ناکۆکی و ململانێ تەنها نابێتە هۆی جیاوازی لە بۆچووندا، بەڵکو دەبێتە هۆی شکستهێنان و لەدەستچوونی هێز، شکۆ و، پێگە.
ناکۆکی و ململانێ هۆکاری شکست و لاوازییە:
لە مەزنترین هۆکارەکانی هێزی گەلان و کۆمەڵگەکان، یەکڕیزی و یەکگرتووییانە؛ لە مەترسیدارترین هۆکارەکانی لاوازی و ڕووخانیشیان، ناکۆکی، ناتەبایی و، لێکترازانیانە.
خوای گەورە نەیفەرمووە: لە بۆچوونەکانتاندا جیاواز مەبن، بەڵکو فەرموویەتی: ململانێ و کێشمەکێش مەکەن؛ چونکە جیاوازیی بۆچوون کارێکی سروشتییە، بەڵکو ڕەنگە ڕەحمەتیش بێت ئەگەر مرۆڤ پابەندی ئاداب و ڕێز بێت، بەڵام ململانێ و ناکۆکی ئەوەیە کە جیاوازی بگۆڕێت بۆ دژمنایەتی، ڕق، کینە و، پێکدادان. چەندین خێزان بە هۆی ناکۆکییەوە هەڵوەشاونەتەوە؟ چەندین دامەزراوە بە هۆی ململانێوە پەک خران؟ چەندین کۆمەڵگە بە هۆی لێکترازانەوە هێزیان لەدەست دا؟ چەندین نەتەوەش دەرفەتیان لەدەست چوو بە هۆی ئەوەی ڕۆڵەکانیان سەرقاڵی شەڕکردن بوون لە دژی یەکتر؟
چارەسەرکردنی بابەتەکە بە یەکڕیزی و دەستگرتن بە دینی خواوە:
چارەسەری ناکۆکییەکان لە ناخی خۆمانەوە دەست پێ دەکات، لە ماڵەکانمانەوە، لە دامەزراوەکان و کۆمەڵگەکەمانەوە؛ ئەمەش لە ڕێگەی چەند پرسێکەوە بەدی دێت:
١. دڵسۆزی بۆ خوای گەورە و دەستگرتن بە پەتە پتەوەکەیەوە: تا ئارەزوو و بەرژەوەندییە تایبەتەکانمان نەخەینە سەرووی بەرژەوەندیی ئاین و کۆمەڵگەوە.
٢. دیالۆگی لەسەرخۆ و هێمن: گفتوگۆ، لەیەکگەیشتن و، ڕێککەوتن لەسەر خاڵە هاوبەشەکان بنچینەی چارەسەرن.
٣. لێبوردەیی و سازشکردن لە هەندێک داواکاری لە پێناو بەرژەوەندیی باڵادا: ئەمەش بێهێزی نییە، بەڵکو بەڵگەیە لەسەر بەهێزیی دەروون و بەرزیی ڕەوشت.
٤. وریابوون لە دووزمانی و دەنگۆکان و گوێپێنەدانیان: چونکە ئاگری فیتنە هەڵدەگیرسێنن و تۆوی دژمنایەتی لە نێوان خەڵکیدا دەچێنن.
تەوەری سێیەم: یەک بگرن پێش ئەوەی کات بەسەر بچێت.
هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیار و بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت، ئەمەش یەکڕیزی و هاوپشتی دەکاتە بەرپرسیارێتییەک لەسەر شانی هەمووان. ئەمڕۆ ئێمە پێویستمان بە زیادکردنی ناکۆکییەکان نییە، بەڵکو پێویستمان بە بەهێزکردنی یەکڕیزی کوردستانییە.
ئەو کەسەی لە مێژووی گەلە مەزڵوومەکەمان ورد دەبێتەوە، دەبینێت زۆرێک لە پاشەکشەکان بەهۆی کەمیی ژمارە یان لاوازیی تواناکان نەبووە، بەڵکو بەهۆی پەرتەوازەیی و ململانێی ناوخۆییەوە بووە.
لەبەر ئەوە ئاyینەکەمان هانمان دەدات لەسەر یەکڕیزی و دەست لەناودەستنان.
ئێمە ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بەم مانایانەیە؛ لە ماڵەکانمان، لە دامەزراوەکانمان و، لە زانکۆکانماندا؛ لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە دەمارگیری، حزبیبوون و، دژمنایەتییە کەسییەکان، تا جیاوازی بکەینە هۆکارێک بۆ تەواوکردنی یەکتر نەک هۆکارێک بۆ دابەشبوون. ڕەنگە لە کاردا جیاواز بین، بەڵام دروست نییە لە برایەتیدا لێک داببڕێین؛ ڕەنگە لە دیدگا و بۆچووندا جیاواز بین، بەڵام نابێت ڕق و کینە لە نێوانماندا ئاڵوگۆڕ بکرێت.
با جیاوازیمان جیاوازیی جۆراوجۆری و تەواوکاری بێت، نەک جیاوازیی دژمنایەتی و کێبڕکێی زیانۆک.
ئەی خەڵکی کوردستان، ئەی ئازیزانمان: لە بۆچوونەکانتاندا جیاواز بن، بەڵام لە خۆشەویستیی نیشتماندا جیاواز مەبن. پێشبڕکێ لە خزمەتکردندا بکەن، بەڵام پێشبڕکێ لە ڕووخاندنی یەکتردا مەکەن. نیشتمان لە حزبەکان گەورەترە و، بەرژەوەندیی گەلیش لە هەموو بەرژەوەندییەکی تایبەت بەرزترە.
با ببینە یەک دەست، یەک دڵ و، یەک ڕیز لە بەرامبەر ئالنگارییەکاندا.