حەمەسەعید حەسەن
شێخ ئیمام کە شیعری ئەحمەد فوئاد نەجمی بە گۆرانی دەچڕی، دەنگی دەنگی ئەوانەبوو، دەنگیان کپ کرابوو، سترانبێژێک بوو لە چەشنی ڤیکتۆر گارا، ئەوی کودەتاچییەکانی شیلی، لە سێپتێمبەری ١٩٧٣دا پەنجەکانیان بڕییەوە، ئینجا کوشتیان. شێخ ئیمام و ئەحمەد فوئاد نەجم، تەواوکەری یەکتری بوون، کەسیان نەیدەتوانی بێ ئەوی دیکەیان هەبێت، ناوبانگیان بە یەکدییەوە بەند بوو، وەک چۆن دیجلە و فورات پێکەوە ناویان دێت، ئەوانیش پێکەوە ناویان دەهات. ئەحمەد فوئاد نەجم لە زانکۆی ژیاندا دەرسی خوێندبوو، لە زینداندا بە ڕۆشنبیران ئاشنا بووبوو.
ئەحمەد فوئاد نەجم یەکەمین کۆمەڵەشیعری ناو دەنێت، (چەند دیمەنێک لە ژیان و لە زیندان) و سوهێر قەلەماوی پێشەکیی بۆ دەنووسێت. ئەوانە ستەمی لێ دەکەن کە دەڵێن، شیعری نەگوتووە، هەر کێش و سەروای بۆ دروشمی سیاسی دۆزیوەتەوە، ئاخر ئەو پشتی بەو گوتە میللییانە قایمبوو کە پڕبوون لە مانا و دەوڵەمەندبوون بە موزیک. ئەو قامووسێکی شیعریی تایبەت بە خۆی هەبوو، قامووسێک زوو کاروانی وشەی، دەگەیشتە هەواری ویژدانی خەڵک.
ئەحمەد فوئاد نەجم کە تەمەنیشی هەڵکشابوو، مەشخەڵی ڕۆحی هەر لە هی گەنجێک دەچوو، هەر بە خوێنگەرمییەکی گەنجانەوە، گۆرانیی بۆ شۆڕش دەگوت. زمانێکی بێداری بریندارکەری هەبوو، زمانێک چێژی گشتیی بریندار و دەسەڵاتداری ستەمکاری هەراسان دەکرد. تۆماری شیعری تژییە لە هێرشکردنە سەر، ناسر، سادات، موبارەک و فریای (مورسی)یش کەوت. ئەگەر هەست بە ئازار و خەمی هەژاران نەکەین، با دەست لە ئینسانبوونی خۆمان بشۆین، ئەو بە هەق شاعیری هەژاران بوو، ئاخر بە درێژایی تەمەنی سەنگەری هەژارانی چۆڵ نەکرد. ئەوی ئەحمەد فوئاد نەجمی بۆ سەفیری هەژاران پێشنیاز دەکات، نیلسۆن ماندێللا دەبێت. ئەو هەر شۆڕشگێر نەبوو، عاشقێکی گەورەی شۆڕش بوو، هەمیشە دڵی بۆ شۆڕش لێی دەدا و کە شەقام شەپۆلی دەدا، ئەو هەمیشە لە پێشەوە بوو. سەروەختی شۆڕشی ٢٥ی یەنایەری ٢٠١١ و شۆڕشی ٣٠ی یۆنیۆی ٢٠١٣ تاقە شتێک کە هەموو لاوانی میسر کۆ دەکاتەوە، شیعری ئەحمەد فوئاد نەجم دەبێت.
ئەزموونی ئەحمەد فوئاد نەجم لە دڵ و لە ئاوەزی چەپی میسرەوە نزیک بوو، کە چەپ دەکەوتە بەر پەلامار، ئەویشی دەگرتەوە، ئیدی ڕاونان بووایە، یان زیندانیکردن. نیکراسۆڤ دەیگوت: (ناچار نیت شاعیر بیت، بەڵام ناچاریت هاونیشتمانییەکی مەزن بیت.) شاعیر زۆرن، بەڵام کەمن ئەو شاعیرانەی بە درێژایی عومریان، هەڵوێستیان جێگیر بێت، کەمن ئەو شاعیرانەی، نە سامان و پلە و پایە فریویان دەدا، نە گوشار و زیندان، بێدەنگیان دەکات، ئەحمەد فوئاد نەجم یەکێک بوو لەو شاعیرە دەگمەنانە. ئەمیش وەکوو سەلاح چاهین و بەیرەم تونسی و فوئاد حەداد، شیعری بە شێوەزاری پەیڤینی میسرییەکان دەنووسی، بەڵام وەک ڕەچاوکردنی هونەری شیعر، ئەوان لەم شاعیرتر بوون، وەک چۆن ئەم، لەوان شۆڕشگێڕتربوو.
ئەو شیعرەی ئەحمەد فوئاد نەجم دەینووسی، شیعرێک بوو هاندەرانە، شیعری هەڵچوونی شەقام بوو، شیعری بەرەنگاربوونەوەی ستەم بوو، شیعری دژە نائومێدی و دژە ملکەچی بوو. خۆیشی ویژدانێک بوو، یاخی و چاوکراوە و زیندوو، ویژدانێکی کڵپەسەندووی عاشقی گۆڕانکاری و هەمیشە نزیک لە خەمی خەڵک. شیعری بۆ کەسانی سادە و پەراوێزخراو دەنووسی، بەڵام خۆی شاعیرێک نەبوو لە پەراوێزدا. مەحموود دەرویش بە ئەحمەد فوئاد نەجمی دەگوت: شاعیرێکی ڕووتوقووت، ئاخر شاعیرێک بوو، بێ دەمامک، هیچی وای نەبوو کە شەرمی پێی بێت و بیشارێتەوە.
ئەحمەد فوئاد نەجم و عەبدولحەلیم حافیز لە خانەیەکی تایبەت بە پەروەردەکردنی منداڵانی بێ سەرپەرشتیاردا یەکدییان ناسیبوو، دواتر ئەمیان نازناوی (ڕاستگۆی چاونەترس) و ئەویان نازناوی (شالوور)ی پێ بەخشرا. ئەحمەد فوئاد نەجم ساڵانێکی دوورودرێژ، بە چەکی وشە و بە شیعری گاڵتەجاڕانە، بە گژ عەسکەری ستەمکار و ئیسلامچیی فاشیستدا دەچووەوە. بڕووخێت حوکمی ڕێبەری ئیخوان! ئەوە دوا هاواری ئەو بوو. لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی (٣٠ی یۆنیۆی ٢٠١٣ )ەوە دەڵێت: (ئێستا لە سەرەتای ڕێداین.)
نەریتێک هەیە ڕۆشنبیرانی ڕووس ڕەچاوی دەکەن، کە یەکێکیان کۆچی دوایی دەکات، بۆ دوا ماڵئاوایی لە دەوری مەزاری کۆ دەبنەوە، چەپڵەی بۆ لێ دەدەن و پڕ بە گەروویان پێی دەڵێن: براڤۆ. ئەحمەد فوئاد نەجم کە نموونەی باڵای بوێری و پاکژی بوو، هەقی خۆی بوو لە دڵەوە پێی بگوترێت: براڤۆ.
*

