گوهدار شوكری ئاكرەیی
شەڕکردن لەگەڵ ئەو شتانەی ناتوانین بیگۆڕین بۆ ئێمەی بەستەزمان زەحمەتە، بەڵام دەتوانین شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەمان لەگەڵیان بگۆڕین. چونکە هەموو شەڕێک نیشانەی هێز نییە؛ هەندێک شەڕ تەنها ئازاردانی خۆمانە
تا کەی شەڕ لەگەڵ ژیان بکەین، بێ ئەوەی بزانین لە کۆتاییدا لەگەڵ چی دەجەنگین؟ راستە سەرەڕای خۆشیەکانی، ژیان پڕە لە کێشە و ناخۆشی و ئازاریش بەڵام ئازار بەو مانایە نییە کە ژیان هەمیشە دژمنی مرۆڤە. هەندێک جار، ژیان وەک مامۆستایەک فێرمان دەکات کە هەموو شتێک بە خواستی ئێمە ناگۆڕدرێت. ڕاستە، شەڕکردن لەگەڵ ئەو شتانەی ناتوانین بیگۆڕین بۆ ئێمەی بەستەزمان زەحمەتە، بەڵام دەتوانین شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەمان لەگەڵیان بگۆڕین. چونکە هەموو شەڕێک نیشانەی هێز نییە؛ هەندێک شەڕ تەنها ئازاردانی خۆمانە؛ لە هەمانکاتدا ژیانکردنی ڕاستەقینە ئەوە نییە هەموو شتێک بە خواستی خۆمان بگۆڕین؛ بەڵکو ئەوەیە بتوانین جیاوازی بکەین لەنێوان ئەو شتانەی ناتوانین بیگۆڕین و ئەو شتانەی دەتوانین بیگۆڕین. چونکە زۆر شت هەیە کە دەبێت بۆی بەرەنگار بین، گۆڕینیان لە تواناماندا هەیە؛ بەڵام لە بەرامبەر ئەو شتانەی ناتوانین بیگۆڕین، شەڕکردن لەگەڵیان هەمیشە چارەسەر نییە وەک نەخۆشی، لەدەستدان و هەندێک لە ڕاستییە بنەڕەتییەکانی بوون؛ بە پێچەوانەوە دەبێت فێر بین چۆن لەگەڵیاندا بژین؛ سروشتی خۆمان بناسین کەوا ئێمەی ساویلکە، بەوەوە بەهێز نیین کە هەمیشە لەگەڵ ژیان بجەنگین، بەڵکو بەوەوە بەهێزین کە بزانین کەی بەرەنگار ببینەوە، کەی بوەستین و کەی دەست لە شەڕ هەڵبگرین؛ چونکە شەڕکردن لەگەڵ ئەوەی ناتوانین بیگۆڕین، تەنها هێزمان لێ دەخوات؛ بەپێچەوانەوەش کاتێک فێر دەبین چۆن لەگەڵ ژیان بژیین، هەندێ شت قبوڵی پێویستە؛ وا نەزانین دەستهەڵگرتن لە ژیانە، بەڵکو واتە ناسینی سنووری تواناییمانە؛ لە کۆتاییدا، ژیان لەوانەیە هەمیشە ئەوە نەبێت کە ئێمە دەمانەوێت و، هەموو ڕووبەڕووبوونەوەیەکیش پێویست بە شەڕ ناکات؛ ئای کە بەستەزمانین!

