یاسین قادر بەرزنجی
مامۆستا تەها بابان، هونەرمەندو نووسەرو یاساناس و ژینگەناسی کورد، لە سلێمانی لەدایک بووەو ساڵی ١٩٥٨ بڕوانامەی لیسانسی لە کۆلیژی یاسای زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە.
وەک ئەکتەرو نووسەرو وەرگێڕ ساڵانێکی زۆر بەشداریی لە بزوتنەوەی شانۆی کوردیدا کردووە، لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا ئەندامی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان بووە لە سلێمانی.
خاوەنی خەڵاتی (بابان)ـه کە بەنرخترین خەڵات بووەو چەند ساڵێک بەخشیویە بە شانۆکارە بەتواناکانی کورد.
ساڵانێکی زۆر پارێزەر بووەو ساڵی ٢٠٠٠ چووەتە مەیدانی دادوەری و ئەرکی بەڕێوەبەری گشتیی دادی هەرێمی کوردستانی پێ سپێردراوە.
ساڵی ٢٠٠٥ بووەتە ئەندامی دەستەی پێداچوونەوەو جێگری سەرۆکی دادگای باڵای تاوانەکانی ڕژێمی بەعس.
بە هۆی کاری پارێزەرییەوە زۆر لە دێهاتەکانی کوردستان گەڕاوەو پەی بە زۆر نهێنیی زمان و کلتوورو ژیانی دێهاتنشینان بردووەو دەرفەت بووە بۆی بۆ ژینگەو رووەکناسی و ئەوانەش لە نووسینیدا ڕەنگیان داوەتەوەو بەرهەمی لێ نەخشاندووە.
وەک نووسەرو ئامادەکارو ئەکتەری سەرەکی، ئەم کارانەی کردووە :
*درامای تاوانێک لە ئاسماندا، لە تۆفیق حەکیمەوە.
*ئیتر تووڕە نابم، کە درامایەکی پەروەردەیی بووە.
*شانۆگەریی داوی مەرگ، لەگەڵ تیپی نواندنی سلێمانی و لە دەرهێنانی غازی بامەڕنی، ١٩٧١.
چاپکراوەکانی مامۆستا بریتین لە :
*فریشتەکانی سەرزەمین، سەبارەت بە خزمەتگوزارانی کۆمەڵی کوردەواری.
*موعجیزە، ئەدەبی بەرگری، ڕۆمان.
*نزار قەبانی، هەڵبژاردە لە پەخشانەکانی.
*زاناکانی سرووشت، تێکستی شانۆیی فریدریش دۆرنمارت، وەرگێڕان.
*کۆستی شارێک سەبارەت بۆردومانی ساڵی ١٩٧٤ی شاری قەڵادزە.
*نوروز او حكایە عید قومی.
*عالم الكرد المرعب.
*چەپکێک ڕۆشنبیری، لە سێ بەرگدا.
*هل كان عواد بندر قاچیا ام جلادا؟
*دێی مەرگە، بەڵگەنامەی مێژوویی.
*دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی بەعس.
مامۆستا تەها بابان یەکێکە لە نیشانە درەوشاوەکانی هونەرو ئەدەب و فیکرو ڕۆشنبیریی کوردی.
لە ڕاستیدا من لە ناوەڕاستی ساڵانی حەفتاکانەوە پەیوەندیی پتەوم هەبووە لەگەڵ ئەم زاتەدا، پەیوەندیی خوێندکارێک و مامۆستایەکی بەخشندەو هەڵکەوتوو، بە دڵنیاییەوە زۆر شتی جوان و بەنرخی لێوە فێر بووم و هەمیشە ئەمەکدارم بۆی و دەست بە سنگەوەم بەرامبەری.
لە دڵەوە ئاواتەخوازی تەندرووستی و سەرفرازیم بۆ مامۆستای گەورەم تەها بابان.

