رۆژنامەی ھەولێر

پەنجەرەیەك بەرەو پەروەردە (13) ڕابەرایەتیی پەروەردەیی و سەردەم

خەرمان كەمال پیربال
ئاستی گەشەكردنی هۆشیاری كۆمەڵگا تا ڕادەیەكە زۆر پەیوەندی بە كوالێتی بەڕێوەبردنی پەروەردەیی یەوە هەیە كە پەروەردە یەكێكە لە گرنگترین بنەماكانی پێشكەوتنی كۆمەڵگا، ڕابەرایەتیی پەروەردەیی ڕۆڵێكی بنەڕەت و گرنگ دەگێرێت لەو پێشكەوتنە. ئیستا لە بەردەم كۆمەڵێك گۆڕانكاری نەچاوەڕوانكراوداین كە پەیوەست نیە بە گۆڕانكاری لە سەدەیەكەوە بۆ سەدەیەكی تر؛ پەیوەندیی بە كاتەوە نیە تەنها ئەنجام و دەستپێكی سەردەمە، كە پارێزگاری لە گۆڕانكاری و كاروانی بەرەوپێشچوونی پەروەردەیی دەكات كە پێشتر پێی نەگەیشتووە و گۆڕاوە بۆ ڕكابەرایەتی لەسەر بیر و باوەڕی نوێبوونەوە و ئەدای داهێنان و چەندایەتی و چۆنایەتی، هەربۆیە ئەم سەردەمە سەردەمی زانینە. پێویستە (زانستی بەڕێوەبردن) بە تایبەتی بەڕێوەبردنی پەروەردەیی وەك بابەتێكی سەرەكی بخوێندرێ لە زۆربەی ناوەندە ئەكادیمیەكان و زانكۆكاندا، یەكێكە لەو زانستە سەرەكیانە كە زۆربەی وڵاتان پشتیان پێ بەستووە بۆ گەشەپێدان و بەرەو پێشچوون و بەرزكردنەوەی ئاستی ژیان، ئەگەر بەڕێوەبەر زۆرترین شارەزایی نەبێت لە بواری بەڕێوەبردندا ناتوانیت بە ئاسانی ڕووبەڕوی ئاستەنگە جیاوازەكانی سەردەم ببێتەوە و چارەسەری كرداریی پێ بێت وەك سەركردەیەكی پەروەردەیی، پێویستە بەڕێوەبەر هۆشیار بێت لە ڕووی گۆڕانكاریەكاندا كە لەو سەردەمەدا بە خێراییەكی گەورە گەشە دەكەن، هەربۆیە پێویستە هاوكاری و هەماهەنگی بەردەوام لە نێوان وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتیە پەروەردەییەكان و بەڕێوەبەران، مامۆستایان، دایبابان و كۆمەڵگادا هەبێت هەر لایەنێك بە پێی ئەرك و توانای خۆی بەشداری لە دروستكردنی ناوەند و ژینگەیەكی باشتری پەروەردەیی بكات. بۆ هەر پێشكەوتنێك یان تازەگەریەك خول و ڕاهێنانی گۆڕانكاریەكان بكرێت لە ناوەندە پەروەردەییەكاندا و لە سای ڕۆشنایی ئامانجەكاندا، گۆڕانكاری لە هەڵسەنگاندن، بەرپرسیاریەتی كۆمەڵایەتی قوتابخانە، گۆڕانكاری تەكنەلۆجیای سەردەم، پرۆسەكانی بەڕێوەبردن و پەیكەری ڕێكخستنی بەڕێوەبردن لە داهاتوو. بەڕێوەبردنی پەروەردەی ئێستا پرۆسەی دروستكردنی بڕیارە، جەختكردنەوەیە لەسەر تەكنەلۆجیای سەردەم و بەكارهێنانی شارەزایان و پسپۆڕان بە ڕاوێژكردن و بۆچوون بڕیارەكان وەردەگیرێن، ئنجا لێرەوە ڕابەرایەتیەكی پەروەردەیی دەست پێ دەكات كە باوەڕی بە توانا و هێزی پەروەردەكاران هەیە، كە لە فێربوونی بەردەوام پشتگیری دەكات و هەموو هەوڵەكانی بۆ بنیاتنانی داهاتوویەكی باشتر تەرخان دەكات. چونكە وا پێویست دەكات بەڕێوەبەری پەروەردەیی پشت بە زانیاری و بەڵگە ببەستێت نەك تەنها بۆچوونی تاكەكەسی، دۆخی قوتابخانەكان، هەڵسەنگاندنی ئەنجامەكان وگفتوگۆكردن لەگەڵ مامۆستایان و بەدواداچوون بۆ ئەنجامەكان دەتوانن بنەمایەكی بەهێز بۆ بڕیارێكی دروست دابین بكەن.