رۆژنامەی ھەولێر

“دژایەتیکردنی ئازادییەکانی ئافرەت هێڵی سوورە”

فەزیلە شۆرش
لە هەموو کۆمەڵگەکانی جیهاندا، پرسی ئافرەت یەکێکە لە گرنگترین پرسە کۆمەڵایەتی، یاسایی و کولتوورییەکان، لە کوردستانیش بە هەمان شێوەیە. ئاستی پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک، ڕەنگدانەوەی ئاستی پێشکەوتن و بەرقەراربوونی دۆزی ئافرەتە. هەر باسێک پەیوەندی بە ئافرەتەوە هەبێت —چی لە کۆمەڵگە بێت یان لە میدیاکان بە هەموو جۆرەکانییەوە— دەبێت بە پیرۆزی و سەنگینییەوە باسی لێوە بکرێت. نابێت بە هیچ شێوەیەک سەیرکردنی ئافرەت وەک بابەتێک بێت بۆ سەرنجڕاکێشان؛ ئافرەت زۆر لەوە مەزنترە و بوونەوەرێکی زۆر پیرۆزە، کەس مافی ناشرینکردنی بوونی ئافرەتی نییە و دژایەتیکردنی ئازادییەکانی ئافرەت هێڵی سوورە.
جێگەی شانازییە کوردستان چەترێکی ئاشتییە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری، یەکسانی و شکۆی مرۆڤ بەبێ گوێدانە ڕەگەز. لە سایەی یاسا و ڕێساکانی حکومەتی هەرێمدا، ڕۆڵی ئافرەت لە چوارچێوەی ڕۆڵی دایک و خێزاندا چەقبەستوو نەماوە و ڕانەواستاوە، بەڵکو ئافرەت هەنگاوێکی باشی ناوە لە بەشداریکردنێکی کاریگەرانە لە بڕیارە چارەنووسسازە کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، سیاسی و ئابوورییەکاندا. بێگومان داهاتوویەکی گەشتر بۆ خێزان، کۆمەڵگە و نیشتمان تەنیا کاتێک دێتە دی کە بڕیارە چارەنووسسازەکان بە هاوبەشی لە نێوان پیاوان و ئافرەتاندا بدرێن، چونکە بەبێ بەشداریی کارای ئافرەت، هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێت بەرەو پێش بچێت. بەرزبوونەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی هەر کۆمەڵگەیەکیش، بەستراوەتەوە بە ئاستی ڕۆشنبیری، ئازادی و پێگەی ئافرەتەوە.
کاریگەرترین ڕۆڵی ئافرەت لە خێزاندا، ڕۆڵی دایکە کە یەکەم فێرگەی پەروەردە و مرۆڤایەتییە بۆ ڕۆڵەکانی. کەواتە بوون و ڕۆڵی ئافرەت لە هەموو کایەکانی ژیاندا ڕەنگدانەوەیەکی ئەرێنیی هەیە، بەڵام پێویستە ئافرەت خودی خۆشی هەوڵ بدات زەمینە بڕەخسێنێت بۆ گەشەکردن و پێشکەوتنێکی زانستی و تەندروست، هەروەها دووربکەوێتەوە لە تەوژمی کاریگەریی ناکولتووریی کوردەواری بە پاساوی گۆڕینی دیدگا چەقبەستووەکان.
جێگەی خۆشحاڵییە کۆمەڵگەی کوردی کراوەترە بە بەراوردکردنی لەگەڵ زۆرێک لە کۆمەڵگەکانی دەوروبەری، بەڵام هێشتا لە هەندێک ڕووەوە پێویستی بە پشتیوانی و هەوڵی زیاتر هەیە بۆ تواناسازی، یەکسانیی جێندەری، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و شکاندنی ئەو سەقفە شووشەیییە نەبینراوەی کە ڕێگری لە ئازادیی ئافرەت دەکات. ئەمەش بە پشتیوانیی هەموو لایەک دێتە دی.