رۆژنامەی ھەولێر

ئایا بارودۆخە یان ڕەتکردنەوەی خۆیەتی؟

لیا سەیفەدین
دیدی پیاوانە لە په‌راوێزخستنی سەبجێکتێتی ئافرەتدا سەرەڕای جیاوازیی نێوان فرۆید و ئادلەر، بەڵام هەردووکیان لە بنەڕەتدا لە دیدی پیاوانە وە پێناسەی ئافرەتیان کردووە. واتە لە ڕوانگەی ئەوانەوە، (پیاو) وەک پێوەر و نموونەی باڵا سەیر کراوە و ئافرەت لە ڕوانگەی کەمکووڕی یان کاردانەوە بەو پێوەرە پێناسە کراوە. فرۆید ئافرەتی بە بەراورد بە جەستەی پیاو بە (کەم) زانی، و ئادلەریش ناڕەزایەتیی ئافرەتی وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر دەسەڵاتی پیاو خستە ڕوو؛ لە هیچ یەکێک لەواندا ئافرەت وەک بوونێکی سەربەخۆ و خاوەن مانا و ڕەسەنایەتیی خۆی سەیر نەکراوە، بەڵکو هەمیشە وەک (ئەوی تر) یان پاشکۆیەک دەبینرا کە دەبێت خۆی لەگەڵ پێوەری نێرینەدا بگونجێنێت. بۆچوونەکان هەندێک پێمان دەڵێن کۆمەڵگە ئافرەت دەکاتە ئەوی تر کاتێک پێکهاتەی کۆمەڵگە، ئافرەت هان دەدات بنەمای بوونی خۆی لە ڕازیبوونی دەوروبەردا ببینێتەوە، نەک لە بڕیار و ئیرادەی خۆیدا ئەمەش وادەکات فشاری دەرەکی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوام دەبێت، جۆرێک لە دابڕانی ناوەکی لێ دەکەوێتەوە. ئافرەت لەبری ئەوەی بەدوای حەز و ویستەکانی خۆیدا بگەڕێت، خۆی لە ڕێگەی دیدی کۆمەڵگەوە پێناسە دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە قبووڵکردنی خۆی وەک بوونێکی سەربەخۆ و خاوەن ویست دوور بکەوێتەوە.
فرۆید هۆکارەکەی لە جیاوازیی بایۆلۆجی و گەشەی نائاگاییدا دەبینییەوە، لەکاتێکدا ئادلەر هۆکارەکەی بۆ ململانێی دەسەڵات و هەستی کەمتربینیی دروستکراوی کۆمەڵگە دەگەڕاندەوە.

بۆچوونی زیگمۆند فرۆید
فرۆید گەشەی دەروونیی ئافرەت لە ڕوانگەی پێکهاتەی جەستەیی و جیاوازی ڕەگەزییەوە شی دەکاتەوە، فرۆید پێی وابوو کچ لە قۆناغی منداڵیدا هەست بە بۆشایی یان کەمبوونی جەستەیی دەکات بەبەراورد بە کوڕ. ئەم هەستکردنە بە کەمی دەبێتە هۆی ئەوەی ئافرەت لە ئاستی نائاگاییدا هەست بە کەمتریی خۆی بکات بەم پێیە، ئافرەت زیاتر بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە ئۆبجێکتی خۆشەویستی (حەزی لەوەیە خۆشویستراو بێت) لەبری ئەوەی خۆی سەبجێکت بێت (بکەری خۆشەویستیکردن و بڕیاردان) دواتر زۆرێک لە دەروونناسان (لەوانە کارن هۆرنای) ڕەخنەی توندیان لە فرۆید گرت و ڕوونیان کردەوە کە ئەوەی فرۆید سازی کردووە ئەنجامی جیاوازی بایۆلۆجی نییە، بەڵکو ئەنجامی کەلتووری پیاوسالاریی ڤییەننا بووە لە سەدەی نۆزدەهەمدا.

بۆچوونی ئاڵفرێد ئادلەر
ئادلەر تێڕوانینێکی جیاواز و زیاتر کۆمەڵایەتی-دەروونیی هەبوو، و تەرکیزی خستە سەر هەستی کەمتربینی و پەیوەندییەکانی دەسەڵات هەستی کەمتربینی و ژینگەی کۆمەڵایەتی، ئادلەر ڕەتیکردەوە کە هۆکارەکە شێوازی ئانتۆمی و جەستەیی بێت. ئەو پێی وابوو کۆمەڵگە پێگەی پیاوی بەرز کردۆتەوە و پێگەی ئافرەتی نزم کردۆتەوە؛ بەمەش ئافرەت لە منداڵییەوە لە ژینگەیەکدا گەورە دەبێت کە هەست دەکات نێرهێز و خاوەن دەسەڵاتە، ئەمەش هەستی کەمتربینیی تێدا دروست دەکات. ئادلەر ئاماژەی بە چەمکێک کرد بە ناوی (ناڕەزایەتی نێرینەیی) کاتێک ئافرەت دەبینێت لە کۆمەڵگەدا هەموو بڕیار، سەربەخۆیی و پلەو‌پایەیەک بەخشراوە بە پیاو (سەبجێکت)، هەوڵ دەدات یان ڕەفتاری هێرشبەرانە و پیاوانە وەربگرێت بۆ ئەوەی دانسقەیی خۆی بسەلمێنێت، یان بە تەواوی کۆڵ دەدات و جێگەی ژێردەستەیی و پاسیڤبوون قبووڵ دەکات پەروەردە و هاوسەنگی ئادلەر جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە هەستی نەبوونی سەربەخۆیی لە ئافرەتدا ئەنجامی پەروەردە و نایەکسانیی دەسەڵاتە لە کۆمەڵگەدا، نەک سروشتی زاتیی ئافرەت خۆی.

*لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە کێشەی سەرەکی نە بارودۆخی بایۆلۆجییە و نە بێتوانایی زاتی، بەڵکو ونبوونی ناسنامەی ڕەسەنی ئافرەتە لە ناو چوارچێوە دەرەکییەکاندا. بۆیە گرنگترین هەنگاو بۆ ئافرەت ئەوەیە کە چیدی خۆی لە ڕێگەی چاوی کۆمەڵگە پێناسە نەکات.
پێویستە ئافرەت شانازی بە گەورەیی و پیرۆزیی بوونی خۆیەوە بکات؛ شانازی بەو توانایە مەزنە بکات کە لە جەستە و زاتی ڕەسەنیدا هەڵیگرتووە—ئەویش توانای بەخشینی ژیان و گەورەکردنی ڕۆحێکە لە ناو منداڵدانیدا بۆ پێشکەشکردنی بە جیهان. کاتێک ئافرەت لە قووڵایی بوونی خۆیەوە تێدەگات کە سەرچاوەی ئافراندن و بەزەیی و هێزە، ئیتر پێویستی بەوە نابێت ڕەزامەندیی دەوروبەر بەدەست بهێنێت، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ سەبجێکتێکی خاوەن بڕیار، سەربەخۆ و خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایین.