رۆژنامەی ھەولێر

کوشتنی ئافرەتان قێزەونترین تاوان

لیا سەیفەدین
کوشتنی ئافرەتان یەکێکە لە قورسترین و ئازاربەخشترین ئافاتە کۆمەڵایەتییەکان کە تا ئێستاش زیانی گەورە لە جەستەی کۆمەڵگە دەدات. ئەم واقیعە تاڵ و دەنگدانەوە ڕۆژانەیەی لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەیبیستین، دەری دەخات کە توندوتیژی دژی ئافرەتان تەنیا کێشەیەکی ناوخۆیی یان خێزانی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی ڕەگداکوتاوی کۆمەڵایەتی و ڕەفتارییە.

کاتێک بکوژ هاوسەر، باوک، یان برا بێت لەم حاڵەتانەدا تاوانەکە زۆرجار پشت بە چەمکی “دەسەڵاتی پیاو سالاری و خاوەندارێتی” دەبەستێت لەناو ڕوانگەیەکی کۆمەڵایەتیی هەڵەدا، کەسە نزیکەکانی خێزان بە مافی خۆیانی دەزانن خاوەندارێتیی بڕیار، جەستە، و ژیانی ئافرەتەکە بکەن و هەر هەنگاوێک بۆ سەربەخۆیی یان سەلماندنی بوونی خۆی وەک بێڕێزی یان بەزاندنی سنووری خێزان تەماشا دەکەن یان کاتێک بکوژ کەسێکی دەرەوەی خێزان بێت هۆکارەکان زۆرجار پەیوەندییان بە توندوتیژیی ڕەگەزی، ڕەتکردنەوەی داواکاری (وەک داوای هاوسەرگیری یان پەیوەندی) تاوانی ڕق یان بەکارهێنانی هێز بەسەر کەسێکی بێبەرگریدا هەیە تاوانبار بەهۆی ئەو تێگەیشتنە هەڵەیەی کە ئافرەت کەسێکی لاوازترە یان ڕەتکردنەوەی قبووڵ ناکرێت، پەنا بۆ توندوتیژیی کوشندە دەبات.

چ هۆکارێک وایکردووە ئەم بازنەیە نەپچڕێت؟
سەیرکردنی ئافرەت وەک ئامانجێکی ئاسان چی لە ناوەوەی خێزان یان لە دەرەوە بکوژەکە پێی وایە کە ئافرەتان لەڕووی کۆمەڵایەتی و فیزیکییەوە پارێزراو نین و سزادانی تاوانباران ڕەنگەسست یان پاشەکشەی تێدا بێت یان شەرعیەتدان بە دەستێوەردان جۆرێک لە ئازادیی کۆمەڵایەتی دراوە بە پیاوان (چی لەناو خێزان یان لە کۆمەڵگەدا) کە خۆیان بە بڕیاردەر یان ڕاستکەرەوەی ڕەفتاری ئافرەتان بزان. یاخود لۆمەکردنی قوربان یەکێک لە قورسترین ئافاتەکان ئەوەیە کە لە دوای ڕوودانی تاوانەکە، لەبری سەرکۆنەکردنی بکوژ، کۆمەڵگە یان میدیا دەست دەکەن بە گەڕان بەدوای هۆکار یان هەڵەی ئافرەتەکە کە ئەمەش بە ناڕاستەوخۆ چرای سەوز بۆ تاوانی دواتر هەڵدەکات.
بە داخەوە زۆرکات پێم دەڵێن جیاوازی نەماوە لە نیوان ئافرەت و پیاو، زۆرجار ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکەن بۆم، ئەوەتا ئافرەتان مافی خوێندن و کارکردنیان هەیە وەک پیاوان! ئافرەتان لە ئێستادا دەچنە زانکۆکان، دەبنە پزیشک، پارێزەر، مامۆستا و کۆمپانیا بەڕێوەدەبەن، بەشداری لە سیاسەت و بڕیاردا دەکەن بوونی ئافرەتان خاوەن مافی خۆیانن بە بوونی کۆتای ئافرەتان لە پەرلەمان، وەزارەتەکان یان ڕێکخراوەکانن!
بە ڵێ منیش ئەوانە دەزانم و دەبینم و دڵخۆشم پێی و شایەنی باسکردن و دەستخۆشیە، مافە یاساییەکان بوونی یاسای بەرەنگاربوونەوە توندوتیژیی خێزانی یان دەستوورێک کە جەخت لە یەکسانی دەکاتەوە.
بە ڵام لە لە واقیعدا هێشتا جیاوازییەکی بەرچاو هەیە چونکە جێبەجێکردنی یاسا لەسەر کاغەز ڕەنگە بڵێت هەردوولا یەکسانن، بەڵام لە واقیعدا عەقڵیەتی کۆمەڵایەتی و نەرێتە نێر سالاریەکە ڕێگە نادەن یاساکە بەتەواوی جێبەجێ بێت. کاتێک تاوانێک بەرامبەر ئافرەتێک دەکرێت، هێشتا فشاری کۆمەڵایەتی هەوڵی داپۆشینی دەدات.