رۆژنامەی ھەولێر

لە یادەوەرییەکانی کەندێناوە، شەوە فێنکەکەی خەرابە و دەفتەرەکەی خاڵە ئەسعەد

فەرهاد قادر ئۆمەر
ئێوارەیەك بۆ عەسرەچایەك شۆڕ بوومەوە بۆ ماڵە گەورەکەی خاڵە ئەسعەد قادر خەرابەی سیانان. تۆزی بیرەوەرییەکان لەسەر سەکۆی حەوشەکە نیشتبوو، وەك ئەوەی زەمەن لەوێدا ژوانێك بۆ ڕابردوو و ئایندە ڕێک بخات. خاڵە ئەسعەد، پیاوێکی دنیادیتە و قسەخۆشی پێدەشتی کەندێناوەیە، کە ئێستا لە داوێنی پاییزی تەمەنیدایە و، گوفتارەکانی هێندە شیرین بوون، دەتگوت هەنگوینی شانەی دیوەخانە کۆنەکانە و بەسەر ڕەفی بیرەوەرییەکانیدا دەتکێت، بە دەستە وشکەوەبووەکانی بەڵام بە دڵێك پڕ لە گەرمی، دەفتەرە بەرگ‌ئەستوورەکەی سەر مێزەکەی کردبۆوە، وەک ئەوەی پەنجەرەیەك بەرەو ئاسمانی یادگارییەکان واڵا بکات، تاوەکو بەسەرهاتەکانی ڕابردووی خەرابەی کەندێناوە و گوندەکانی دیکە بنووسێتەوە. ئەو دەفتەرە گەنجینەیەکی زیندووی دیوەخانی رەسەنی کوردەواری بوو، ئامانجی ئەوە بوو وەکو ئەزموون و توێشوویەك پێشکەشی نەوەکانی داهاتووی بکات، بەو ئومێدەی ڕۆژێك ڕووناکی چاپی ببینێت و بکەوێتە دەستی خەمخۆرانی مێژوو.. کورد دەڵێت: “قسە، قسەی ڕادەکێشێ”، خاڵە ئەسعەد لاپەڕەیەکی هەڵدایەوە و بەزەردەخەندەیەکەوە دەستی کرد بە گێڕانەوەی بەسەرهاتێکی ساڵی ١٩٨٥، گوتی: “ئەو کاتە لە گوندی خەرابە، شەوەکەی فێنک بوو. لەگەڵ خوالێخۆشبوو عەدەی مینەی لە سەربانی مەکتەبە دووقاتەکەی خەرابە دانیشتبووین. مام عەدە شەروار و کراسێکی سپی بەفری لەبەردا بوو، بە تامی دیوەخان قسەی خۆشی بۆ دەکردم. لەناکاوێکدا بە توندی لەجێی خۆی هەستا و گوتی: وەی بابە..! ئەمنیش لەگەڵیدا هەستامەوە و لایتمان لێدا. سەیر دەکەین مشکێک بە غار ڕادەکات، تومەزە گەزەی لە پەنجەی گچکەی پێی مام عەدەی دابوو..!”
خاڵە ئەسعەد تۆزێک وەستا، وەك ئەوەی دووبارە گوێی لە دەنگی پێکەنینی ئەو شەوە بێت و، درێژەی پێ دا: “دانیشتینەوە، مام عەدە بڕێک داما و تێفکری، پاشان گوتی: ئەسعەد… ئەتوو برێی ئەو مشکە ئەمن بە فەردە ئارد تێنەگەیشتبێت؟!
ئەم کورتە بەسەرهاتانەی کەندێناوە تێکەڵەیەک لە سادەیی، ڕەسەنایەتی و ڕۆحی زیندووی گوندەکانمانن. پیرەمێردی شاعیریش لە پەندە بەنرخەکانیدا هەمیشە تیشک دەخاتە سەر بەهای ئەم ژوانە مەردانە و دەڵێت:
“چەند خۆشە لەگەڵ یەک دوو دۆستی چاک
هەڵسی و دانیشی بە دڵێکی پاک
ئەوسایە بڵێی بەهەشتی دنیا
بە من دراوە بە تاقی تەنیا…”.
خاڵە ئەسعەدیش بەم نووسینە دەشتەکیانەی، تەواوی ئەو بەهەشتە بچووکەی دیوەخانی زیندوەوە، سەلماندی کە یادەوەرییە کۆنەکان، گەوهەرە گرانبەها و ڕەسەنەکانی مێژووی ئێمەن. لەگەڵ کۆتا قۆڕی چاکە و ئاوابوونی خۆری کەندێناوە، لە ماڵە گەورەکەی خاڵە ئەسعەد هاتمە دەرەوە. بەڵام دەنگی پێنووسەکەی وچرپەی وتە بەنرخەکانی دیوەخان لە گوێمدا دەنگیدەدایەوە، دەفتەرێك کە شایستەی ئەوەیە ببینرێت و ببێتە چرای ڕێگای نەوەی داهاتوو.