هاژە مێرگەیی
پێش ئەوەی گوڵە پەمەییەکانی خەونەکانم
بپشکوێن و گۆرانی بڵێن
تۆ بە وەرزێکی ناوەخت هاتی و هەڵت وەراند
پێش پشکۆی مەیلەکانم لە ئامێزی
شنەی هاتنی تۆدا گەش ببنەوە
بە ڕووی پیرۆزی خۆردا پێبکەنن
بە تۆزی ژێر پێی چاوەڕوانیت بوون بە خۆڵەمێش
ئەوەتا دەرگایەکان لەسەر خۆم دادەخەم
نەبا ڕەشەبای خۆزگەکانم ڕابماڵێ و
ڕەشماڵی ئەوینداریم وێران بکات
عەشقێکی درۆیینە بخرێتە ناو زاکیرەی خەونەکانم
ئەوەتا من نیشتەجێی ئەو وێرانەیەم
کە تێیدا عەشق وەک پاشماوەی جەنگێکی سارد
بە چروونکی بێدەنگی
ڕووی پیرۆزی مانگم ڕووشاند و
تا شەو نەبێتە ئاوێنەیەک بۆ بینینی
شکاوی خۆمدا با چیتر نەشکێم
ئەوەتا لەبەردەم ئاوێنەدا بە شانەیەک
داو داو قژەکانی خۆم شانە دەکەم
دەیکەم بە گوڵاوی شیعر
ئەوەنده خۆم بە شاخە سەختەکانی عەشقت هەڵواسی
تۆ گوێت لە گۆرانیم نەبوو
لەبەردەم بارانە پاییزدا خۆم بە ئاوی باراندا شووشت و
بۆنی پیرۆزی ئەم خاکە لە باوەشم دەگرێت
منیش
گۆرانی
بۆ
خۆم
دەڵێم و حەز دەکەم کەس گوێی لە دەنگم نەبێت
نەبا پێم بلێن: ئەو ژنە دەنگی چەندە ناخۆشە؟
ئەی ئەو کەسەی وێنەی خۆشەویستیم
بوون بە بڵقی سەر ئاو لەبەردەمت
دەپرسم ئەمجارەیان لە ڕووت دێت بێیت و
لەبەردەم ئاوێنەی شکاوی بێ ئومێدیم
قژی پەرتی و حەز و خەیاڵەکانم بۆم شانە بکەیت
له ڕووت دێت ئەمجارەیان بێیت و
یەک یەک ئاواتە ڕۆیوەکانم بخەیتە ئامێزی ئارامیی و
ڕایانبژەنی بە سینەتەوە
حەز دەکەم ببمەوە بە منداڵەکەی جاران و ببمەوە بە کچەکەی جاران
لەگەڵ کچان چاوشارکێ بکەم
حەز دەکەم تەوقەیەکی گەرم لەگەڵ ژیان بکەم
پێیبڵێم: چیتر لە زیندانی دۆزەخدا زیندانیم مەکە
با خەمەکانی دوێنێ لەبیر بکەم
خەندە لە لێوەکانم ببارێت و
چیتر فرمێسک لەچاوەکانم نەبارێت
ئەوەتا ژنێتی خۆم لە شیعرێکی جوان مارە دەکەم و
دەیکەم بەکتێبێک و
دەیبەخشمەوە بەسەر دڵدارەکاندا
قەسیدەیەک دەنووسم ناوی لێدەنێم:
ئەو
ژنەی
گۆرانی
بۆ
ژیان
دەنووسێت لەناو بێدەنگی

