یاسین قادر بەرزنجی
هەرچۆن شاری ڕەواندز بە شاری هونەرو داهێنان وجوانی ناسراوەو زۆر لە هونەرمەندان، بە تایبەت موزیکییەکان نەوەی ئەوێن، کاکە ئامانجیش هەر لەوێ چاوی بە دنیا هەڵهێناوەو دەروونی بە ئاوازە ڕەسەنەکانی ئەوێ جۆشدراوە.
ئەو لە ١٩٧٧دا فێری ژەنینی ئامێری عود بووەو بووەتە ئەندامی تیپی پاشای گەورە، ساڵی ١٩٨٥ بە پلەی یەکەم بەشی موزیکی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی موسڵی تەواو کردووەو دواتر یەکەمین بڕوانامەی ماستەری بە پلەی نایاب لە بواری (موزیکۆلۆژی) بەدەستهێناوەو دیسانەوە لە زانکۆی سەلاحەدین هەر بە پلەی نایاب بڕوانامەی دکتۆرای سەبارەت بە (شیکردنەوەی موزیکی هاوچەرخ) بەدەستهێناوە.
ئاوازی بۆ ٣٠ هونەرمەندی کوردستان داناوەو دانەری ١٩ کۆراڵی هونەرییەو موزیکی بۆ ١٨ فیلمی کوردی و بۆ ٨ شانۆگەریی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی داناوە.
ئەم هونەرمەندە خاوەن بەخششە ٨ خولی فێربوونی موزیکی کردووەتەوەو دەیان کۆڕو سیمیناری ساز کردووەو موزیکی بۆ تابلۆکانی محەمەد عارف و نامق عەلی قادرو سەردار سنجاوی و ڕۆستەم ئاغالە داناوە.
لە دامەزرێنەرانی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێرو ئۆرکسترای کوردستان و گروپی سترانەو خاوەنی درێژترین گۆرانییە بە ناوی (کۆچ و باران) کە بۆ کۆڕەوە ملیۆنییەکەی داناوە.
لە ساڵانی ١٩٩٢ تا ٢٠٠٨ لەم شوێنانە مامۆستا یان بەڕێوەبەر بووە:
پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێر، کەلەپووری کورد و بەڕێوەبەرێتی موزیک لە وەزارەتی ڕۆشنبیری.
بەشداریی ڤێستیڤاڵی موزیکی میللی میللەتانی کردووە لە هەر یەک لە فەڕەنساو سویسراو ئەڵمانیاو تا ئێستا مامۆستای کۆلیژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدینە.
سەرپەرشتیی چەندین توێژینەوەی خوێندکارانی بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و دوو ماستەر نامەو یەک نامەی دکتۆرا کردووە لە زانکۆی سەلاحەدین.
بڵاوکراوەکانی دکتۆر ئامانج بریتین لە
١٤ توێژینەوەی ئەکادیمی لە گۆڤارە زانستییەکانی کوردستان و عێراقداو تا ئێستابە ٣ توێژینەوەش بەشداریی سێ کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی کردووە لە هەرێم و عێراق.
هەروەها ئەم هونەرمەندو توێژەرە بە تونایە کتێبی (موزیکی ئەکادیمیی کوردی – شوناس و جونیناسی) لە چاپداوە.
د.سرود فوئاد سەڕاج سەبارەت هونەرمەند وتوویەتی :
[ئامانج غازی لە بواری ژەنینەوە هونەرمەندێکی بەسەلیقەیەو ئەکادیمییە، بە تایبەت لە ژەنینی عودو ڤیۆلۆنسێلدا، وەک موزیک دانەرێکیش هەوڵ دەدات موزیکی کوردی لە نێوان ڕەسەنێتی و هاوچەرخێتی و نوێگەریدا هاوسەنگییەکی بەردەوام بدۆزێتەوە].
خەرمان بەرەکەت و هەمیشە سەرفراز بیت هاوڕێی ئازیز کاک دکتۆر ئامانج غازی، گوڵە گەش و بەدیمەنەکەی گوڵزاری هونەری موزیکی کوردی .

