یاسین قادر بەرزنجی
ئەمشەو خەوم پێتەوە دی
لە خەوما بوو بووی بە
پەڕی
وەک فریشتەی بەرگ سپی
دەهاتیتە خوار بە
کپی
پەریزادە، ئەی دەموچاو
فریشتەیی
ساڵێک ڕۆیی، هەواڵێکم
پێ نەگەیی
******
هەرزەکار بووین، چەند هاوڕێیەک لەبەردەمی ماڵی یەکێکماندا لە گەڕەکی سابونکەران شەوانە کۆ دەبووینەوە، کاک فەرەیدوون و کاک سەلاح محەمەد شیعرە ناسکەکانیان دەبوونە گوڵی مەجلیس و کاک ئومێد ئاشناو بەندەش تامەزرۆی گوێگرتن بووین لێیان.
لەگەڵ تێپەڕینی ساڵەکاندا، هەردووکیان بوونە شاعیری ناودار، بەتایبەت شیعرە لیریکییەکانیان بوونە وێردی سەر زمانی کوڕو کچە ئەڤیندارەکان.
من و کاک فەرەیدوون هاوتەمەن و خزم بووین، هەر زوو بووینە هاوڕێی نزیک، باوکیشی مامۆستایەکی دڵسۆز و پیاوێکی بەڕێزو ڕێنمایی نوێنمان بوو. من و شیعری فەرەیدوون و ئەوو شانۆگەرییەکانی من،
دۆستی گیانی بە گیانی بووین.
ساڵی ١٩٧٨ بە پلەی یەکەم بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی کوردیدا لە کۆلیژی ئادابی زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناو دواتر لە ١٩٨٨دا ماستەری لە زارەکانی زمانی کوردیدا لە زانکۆی سەلاحەدین و لە هەمان زانکۆ ساڵی ١٩٩٨ بڕوانامەی دکتۆراشی بەدەستهێنا.
سەرپەرشتیی دەیان نامەی ماجستێرو دکتۆرای لە زانکۆکانی سلێمانی و سەلاحەدین و کۆیەو بەغداو گەرمیان و ڕاپەڕین کردووە، هەرچۆن وەک سەرۆک یان ئەندامی لیژنە بەشداریی گفتوگۆی ١٨٠ نامەی ماجستێرو دکتۆرای لە زانکۆکاندا کردووە.
ئەندامی لیژنەی گۆڤاری زانستیی زانکۆی سلێمانی بووەو هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە وانە وتنەوەوە خەریک بووەو ساڵی ٢٠١٢ پلەی پڕۆفیسۆری وەرگرتووە.
ساڵانی ٢٠٠٣ تا ٢٠١٠ جێگری لقی سلێمانی یەکێتی نووسەرانی کورد بووەو لە زانکۆکان و شارو شارۆچکەکانی کوردستان کۆڕی شیعریی سازکردووە، ئەم پسپۆڕەی زمانی کوردی، وێڕای بوارە زانستییەکەی، هەمیشە لەگەڵ شیعردا ژیاوەو هەڵوەدای شاعیرانی
کلاسیک و شاعیرە نوێخوازەکانی دوای مامۆستا گۆران و نەوەکەی خۆی و گەنجان بووەو هەمیشە بە زمانە هەنگوینییەکەی لە گەڵیاندا دواوەو دڵی ناوە بە دڵیانەوە. خاوەنی دیوانە شیعرییەکانی :
نیگای حەزێکی ئاوارە، ڕۆژان ئەڕواو تۆ هەر خۆشەویستی منی، کە بیر لەتۆ ئەکەمەوە، لەگەڵ کۆمەڵە بەرهەمی شیعریی (دیوانی فەرەیدوون عەبدول بەرزنجی).
بێجگە لە دەیان وتارو لێکۆڵینەوە سەبارەت شیعرو ئەزموونی، کتێبیش لەسەر فەرەیدوونی شاعیر نووسراون، نووسەرانی ئەو کتێبانەش د.زاهیر لەتیف و د.نیان نەوشیروان و د.کەمال غەمبارو د.عەبدولقادر حەمە ئەمین بوون .
د عەبدولقادر سەبارەت بە شاعیرەکەمان دەڵێت:
[هۆکاری تایبەتمەندیی دەربڕین و بۆچوونەکانی لەژێر کاریگەریی داهێنانە مرۆییەکانی تردایە، هەر بۆیە دەرگای شیعرییەتی شاعیر بنەمایەکی پێوانەیی گرنگی شیعرییەو بە زمانێکی هێمایی زیندوو ماناو دەلالەت دەسازێنێت] .
زۆر لە شیعرەکانی کراونەتە ئاوازو گۆرانی جوان و بەسۆز، لەو گۆرانیبێژانەی شیعری ئەمیان پیشکەش دنیای ئاوازو گۆرانیی کوردی کردووە بریتن لە :
کەریم کابان، برایمی خەیات، حەمە عەباس بارام، ئەیوب عەلی زیاد ئەسعەد،پەیمان عومەر عەدنان کەریم، ئەمەل سەعید کوردە، کاروان عوسمان، زەکەریا و بورهان مەجیدو چەند گۆرانیبێژێکی تر.
بە هیوای سەرفرازی و شیعری جوانی دیکەم بۆ هاوڕێی دێرین و برای شیرینم کاک دکتۆر فەرەیدوون.

