رۆژنامەی ھەولێر

دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن
گوڵبارانکردنی تەرمی هۆزانڤان
وەرگێڕان وەک گۆڕینەوەی پارەیە، لە دراوێکەوە بۆ دراوێکی دیکە، وەک چۆن لە گۆڕینەوەی پارەدا، شتێک با کەمیش بێت، زیان دەکەین، لە وەرگێڕانی شیعریشدا شتێکمان لەکیس دەچێت. وەرگێڕان یان حەرفییە، بە مانا پۆزەتیڤەکەی، واتا بە دەستپاکییەوە ئیشەکە دەکرێت، یان ئازادە و وەرگێڕ دەستکراوەیە و ئەوە بە خۆی ڕەوا دەبینێت، بەگوێرەی سەلیقەی خۆی، دەستکاریی دەقە ئۆرجیناڵەکە بکات.

وەرگێڕ هەیە، ئەوپەڕی دەستپاکی ڕەچاو دەکات، هەیشە وەک داهێنەری دەقێکی نوێ، ئازادانە ڕەوتار دەکات. وەرگێڕ هەیە بایەخ بە کرۆکی دەق دەدات، هەیشە شێوازی نووسینی نووسەری ئۆرجیناڵی بەلاوە گرنگە. دەشێت وەرگێڕان لە ژنێکی دەستپاکی ئێسکگران بچێت، یان لە ژنێکی ئێسکسووکی دەستپیس. من لەم هەوڵەمدا، ئازادانە هەڵسوکەوتم کردووە، بەو هیوایە کە دەستم پاک نەبووە، وەرگێڕانەکەم ئیسکسووک بووبێت. هەیە پێی وایە، لایەنی جوانی شیعر، بە دەم وەرگێڕانەوە بزر دەبێت، هەوڵم داوە، خۆم لەو داوە بپارێزم.

١
ئای چەند خۆشە
بەیانییەک
لە خەو هەڵسیت و تەنیا بی
ناچار نەبی
بە کەسێ کە خۆشت ناوێ
بڵێی: ئای چەندم خۆش دەوێی!

ڕیچارد براوتیگان

٢
شیعر نە حەوجەی بە خاڵە
نە پێویستی بە وێرگولە
شیعر نە حەوجەی بە کێشە
نە پێویستی بە سەروایە
ئاخر شیعر
وەک باران و وەک با وایە
شیعر ئەوە نییە شاعیر
بە دەستییەوە ماندوو ببێ
ئاخر شیعر
خۆڕسکانە هەڵدەقوڵێ
ئەگەر شیعر ماندووت دەکا
شیعر مەڵی!
وەکوو چۆن ئیشی جوانی خوا
هیچیان لەوی تریان ناچێ
شیعری جوانیش
لە شیعرێکی دیکە ناچێ
نە تاریک و تەمومژاوییە، شیعر
نە لە خۆبایییە، شاعیر

ئارام سارۆیان

٣
قژت تۆڕێکە
لە مەی هەڵکێشراو
بۆ ڕاوکردنی پەپوولەی دڵم
سەد جارت شکاند
گۆزەی ناسکی
ئەم مێردمنداڵە عەجوولەی دڵم

سام کاشنەر

٤
هێدی هێدی
زەمەن هەر چی
تەڕاییی نێو لەشم هەیە
هەڵی دەمژێ
پیرم دەکات و دەمکوژێ
بەڵام سەگی
زێدە بە ئەمەکی شیعرێ
پاسی ناوبانگم دەکات و
لێ ناگەڕێ ناوم بمرێ

ڕۆبنسن جیفەرز

٥
وەکوو چۆن
کە دەدوێی،
کە زەنگ بۆ/ ناسیاوێ/ لێ دەدەی
پەیامێ/ شک دەبەی/ کە بیڵێی
هۆنراوەیش/ پەیامی/ خۆی پێیە

دۆناڵد هۆڵ

٦
منداڵێ/ باوەشێ/ گیای هێنا و
پێی گوتم/ گیا چییە؟
باشە چی/ پێ بڵێم
کە منیش/ هەر هێندەی
ئەوی لێ/ بزانم!

واڵت وایتمان

٧
ڕەنگە منت پێ هیچ نەبێ
ڕەنگە چی وشەی دزێوە
پێمی بڵێی
ڕەنگە بە چاوی قینەوە
لێم بڕوانی
ڕەنگە پێت خۆش بێ بمکوژی
بەڵام من هەر
بەرەو بەرزایی هەڵدەکشێم

مایا ئەنگیلوو

٨
من شاعیرم
حەقیقەتی ئەو شتانەش
دەخوێنمەوە
کە هێشتا کەس
چاوی پێیان نەکەوتووە
هەر بەو ئاسانییەی پیاوان
مەی نۆش دەکەن
ژین نۆش دەکەم
پێش ئەوەی شەو
بە شمشێرە شینباوەکەی
پرشنگی هەتاو سەر ببڕێ
کیژان دێن و تەرمی منی
هۆزانڤان
گوڵ باران دەکەن

عەزرا پاوەند