یاسین قادر بەرزنجی
ناوێکی دیاری دنیای شانۆ و درامای کوردییە، سەرەتای حەفتایەکانی سەدەی ڕابردوو بووەتە ئەندامی کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی-مەڵبەندی گشتیی سلێمانی.
کاک ئەنوەر لە سەرەتای کاری نواندنییەوە لە سەرەتای ساڵانی حەفتاوە وەک ئەکتەر بەشدار بووە لە چەند کارێکی به کۆمەڵدا، کە ژمارەیەکی زۆر لە بینەران چوونەتە بینینیان، ئەوانیش : *شانۆگەریی کێچ، نووسینی محەمەد سدیق مەحمود.
*شانۆگەریی شایی خوێناوی لۆرکا، وەرگێڕانی شێرکۆ بێکەس.
شانۆگەریی جەنابی موفەتیشی گۆگۆڵ، وەرگێڕانی ڕەووف حەسەن.
*شانۆگەریی گەلۆری ماکس رینیە.
هەڵبەت ئەو کارانە لە دەرهێنانی هونەرمەندان ئەحمەد سالار و نەوزاد مەجید بوون.
هەروەها لەگەڵ لقی کۆمەڵ لە بەغدا بەشدار بووە لە شانۆگەریی (دکتۆری دێم)ی مۆلێر لە دەرهێنان و نواندنی هونەرمەند ڕەفیق چالاک.
کاک ئەنوەر لە چەند درامایەکیشدا وەک ئەکتەر بەشدار بووە، ئەوانیش:
مناڵەکانمان لە ١٠ ئەڵقەدا، کە هەر خۆیشی نووسیونی.
زنجیرەی ڕۆژژمێری شارێک لە نووسینی د.دڵشاد مستەفا.
کە ئەم دوو زنجیرەیە لە دەرهێنانی هونەرمەند ئەرسەلان دەروێش بوون.
هاوکات نووسەری دوو زنجیرە درامای تەنز ئامێز بووە بە ناوەکانی تەنز و کاری کارتۆن، کە لە دەرهێنانی هونەرمەند هاوڕێ مستەفا بوون.
کاک ئەنوەری هێژا سەر بە نەوەی قۆناغێکە کە هەردوو ئایدیای نەتەوەیی و چەپ و کۆمۆنیستی لە هەڵکشاندا بوون، ئەمیش خوێنەری هەمیشەیی کتێبە بەنرخەکان بووە، بەتایبەت لە کایەکانی هزرو شانۆو ڕۆماندا، ئەوەتا دواتر ئەوانە بە روونی لە نووسین و بەرهەمەکانیدا رەنگیان داوەتەوە.
دیارە یەک لە گرفتەکانی بواری شانۆمان کەمیی قەڵەمی رەخنەیە کە بەمیتۆدی زانستیی لە نمایشە شانۆییەکان بکۆڵنەوە، لە زووەوە تا ئەمڕۆ ژمارەی ڕەخنەنووسانی بواری شانۆمان لە ژمارەی پەنجەکانی دەست تێناپەڕن، بەڵام کاک ئەنوەر یەکێکە لەو ڕەخنەگرانەی بەشێکی ئەو کەلێنەی پڕ کردووەتەوەو بەو پاشخانە ڕوناکبیرییەی کە پێی ناسراوە، لێزانانە چەندین بابەتی ڕەخنەیی لەسەر نمایشەکان خستووەتە بەرچاو و دڵنیام کە بوونەتە مایەی سوود وەرگرتن بۆ شانۆکارانی کورد.
چاپکراوەکانی ئەم خۆشەویستە بریتین لە :
*پێنج وتاری شانۆیی، وەرگێران، بە هاوکاری چوار نووسەر و وەرگێڕی تر،سلێمانی، ١٩٨٠.
*هەردوو شانۆنامەی بەرەو خۆر و گۆمی مەنگ، سوید ١٩٩٩.
شانۆنامەی کەڵەگاکان، سلێمانی، ٢٠٠٧.
*پۆست مۆدێرنەو چەند بابەتێکی شانۆیی سلێمانی، ٢٠١٢.
مایەوە بڵێم، ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە لە تیپی شانۆی سالار گۆڤارێکی شانۆیی سەنگین و گرنگمان بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بە ناوی (شانۆ – المسرح) دەردەکرد، کە بووە نیشانەیەکی درەوشاوەی بواری شانۆو ڕۆژنامەنووسیی هونەری. کاک ئەنوەر یەکێک بوو لە دەستەی نووسەرانی و هەمیشە سوودمەند بووین لە بەرهەمەکانی و سەرنجە جوانەکانی و ڕەوشتە بەرزەکەی و خاکەڕایی و خۆبەکەمزانیی ئەو پیاوە گەورەیە، جێی داخە بە بیانووی قەیرانی داراییەوە ! ئەو گۆڤارە ڕاگیرا، کە بە شەونخوونی و ماندووبوون و خەمخۆرییەوە ئامادە دەکراو دەخرایە بەر دەست.
هەر سەرفراز و خاوەن بەرهەمی خۆت ئاسات بیت هاوڕێ و برا و مامۆستام، کاک ئەنوەر قادر ڕەشیدی زمان شیرین و قەڵەم جوان، کاک ئەنوەری خۆشەویستی هەمووان.

