میدیا سەلاح عوسمان جاف
ڕۆژی جیهانیی منداڵان بۆ ئەوە دانراوە کە جیهان گرنگییەکی زیاتر بە ماف، ژیان و پەروەردەی منداڵان بدات. دوای دووهەم جەنگی جیهانی، منداڵێکی زۆر، هەژار و برسی و بێجگاوڕێگا کەوتن، بۆیە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بە پێویستیان زانی کە ڕۆژێک تایبەت بکرێت بۆ پشتگیری لە منداڵان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی مافەکانیان.
ساڵی ١٩٥٤ نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد کە وڵاتان ڕۆژێکی تایبەت بۆ منداڵان دیاری بکەن. ئەوە بوو ڕۆژی 20ی تشرینی دووەم کرایە ڕۆژی جیهانیی منداڵان و، لە هەمان ڕۆژدا پەیماننامەی مافی منداڵ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کرا.
منداڵان بناغەی هەر کۆمەڵگایەکن و داهاتووی نەتەوەیەکن بە چۆنیەتی پەروەردە و گرنگیدانی پەیوەستە. بۆیە جیهان ڕۆژێکی تایبەتی بۆ منداڵان دیاری کرد تا گرنگی بە ماف، ژیان و داهاتوویان بدرێت. ڕۆژی جیهانی منداڵان بە فەرمی لە 20ی تشرینی دووەمدا یادی دەکرێتەوە، چونکە ئەو ڕۆژە پەیوەستە بە پەیماننامەی مافی منداڵ. بەڵام لە هەندێ وڵات و ناوچە و هەرێمی کوردستانیش، یەکی حوزەیران هەموو ساڵێک وەک رۆژی جیهانیی منداڵان ناسراوە و بۆنەی جۆراوجۆر بە منداڵان، رێک دەخرێت.
گرنگیی منداڵ لە کۆمەڵگەدا
هەر کۆمەڵگایەک پێویستە کە گرنگی بە پەروەردە و فێرکردنی منداڵان بدات، بۆ ئەوەی نەوەیەکی هۆشیار و بەرپرسیار دروست بکات. پەروەردەی باش تەنها بریتی نییە لە خوێندن، بەڵکوو فێرکردنی ڕێزگرتنیش مرۆڤایەتی منداڵان بەهێزتر دەکات.
تەنها خستنەوەی منداڵ نابێتە هۆی خۆشی خێزان، بەڵکوو گرنگتر لەوە پەروەردەی دروست و چاودێرییەکی باش لە سەرەتای ژیانەوە تا گەیشتن بە تەمەن. چونکە بناغەی کەسایەتی و داهاتووی منداڵ لە ناو خێزانەوە دەست پێ دەکات و بەرپرسیارێتی سەرەکی لەوێوە دەست پێ دەکات.
ڕۆڵی خێزان لە پەروەردەی منداڵدا
ئەرکی سەرشانی هەر خێزانێکە، پێش ئەوەی منداڵ بێنێتە سەر دنیا، سەرەڕای بژێوی ژیان، بیر لە پەروەردە و داهاتوویشی بکاتەوە. چونکە منداڵ تەنها پێویستی بە خواردن و جل نییە، بەڵکوو پێویستی بە خۆشەویستی، ئۆقرەی دەروون، فێربوون و پشتگیری هەیە.
ئەگەر خێزانێک نەتوانێت پەروەردە و داهاتوویەکی شایستە بۆ منداڵەکەی دابین بکات، ئەوا ناتوانێت لە سەرەتای ژیانیەوە بناغەی خۆشبەختیی بۆ دابنێت؛ منداڵی دروست و هۆشیار لەگەڵ گەشەکردنی، سەیری شێوازی پەروەردە و هەڵسوکەوتی خێزانەکەی دەکات؛ چونکە خێزان یەکەم قوتابخانەی ژیانە و کاریگەرییەکی گەورە لەسەر دروستبوونی کەسایەتی منداڵ هەیە. ڕەنگە لە لایەکی ترەوە منداڵ هەبێت کە لە سەرەتای ژیانیەوە بایەخی پێ نەدراوە و لە پەروەردە و پشتگیری بێبەش بووە، بەڵام کاتێک دەگاتە تەمەنی هەرزەکاری، هەوڵ دەدات خۆی دروست بکات و شوێنی خۆی لە ناو کۆمەڵگەدا بدۆزێتەوە و ببێتە کەسێکی ناودار و سەرکەوتوو. بۆیە گرنگیدان بە پەروەردە و دابینکردنی خۆشبەختی لە سەرەتای ژیانی منداڵدا، هەنگاوی یەکەمە بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی باش و کەسایەتییەکی تەندروست.
منداڵانی شەقام و نەخوێندەواری
بە پێی پەیماننامەی مافی منداڵ، هەموو منداڵێک مافی ژیان، فێربوون و پارێزرانی هەیە، بەڵام تا ئێستاش لە هەندێ شەقام و شوێنە گشتییەکاندا منداڵان ناچار دەکرێن کار بکەن و لەبەر دژوارییەکانی ژیان لەلایەن هەندێ خێزانەوە لە خوێندن دوور دەخرێنەوە و دەخرێنە بەر کاری سەخت. ئەمەش پێچەوانەی ئەو مافەیە کە شایستەیانە.
پێویستە خێزانەکان، وەزارەتی پەروەردە و هەموو لایەنە پەیوەندارەکان گرنگییەکی زیاتر بە منداڵان بدەن و هەوڵی کەمکردنەوەی دیاردەی منداڵانی شەقام بدەن. هەروەها منداڵان لە نەخوێندەواری و کاری سەخت رزگار بکرێن، بۆ ئەوەی ئەوانەی خولیای خوێندن و گەیشتن بە ئامانجەکانیان هەیە، بتوانن بە ئارامی درێژە بە خوێندن بدەن و داهاتوویەکی باش بۆ خۆیان بنیات بنێن.
پاراستنی منداڵ و گرنگیدان بە مافەکانی تەنها ئەرکی دایک و باوک نییە، بەڵکوو بەرپرسیارێتی هەموو کۆمەڵگایەکە. چونکە منداڵی ئەمڕۆ، داهاتووی سبەینێی کۆمەڵگایە. وەبەرھێنان لە پەروەردەدا دەبێتە هۆی دامەزرانی ئایندەیەکی ڕووناکتر بۆ هەمووان.
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینن لە پاراستنی منداڵاندا، چونکە پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک بە پاراستنی ماف و داهاتووی منداڵەکانی دەسەلمێنرێت. لە وڵاتانی پێشکەوتوودا یاساکانی مافی منداڵ بە جیدی جێبەجێ دەکرێن، بۆیە پێویستە لە هەرێمی کوردستانیش گرنگییەکی زیاتر بە ژیان، خوێندن و پەروەردەی منداڵان بدرێت.
ڕۆژی جیهانی منداڵان لە هەموو منداڵانی جیهان، بە تایبەت منداڵانی هەرێمی کوردستان پیرۆز دەکەم و هیوادارم هەموو منداڵێک لە ژیانێکی ئارام، پەروەردەیەکی باش و داهاتوویەکی ڕووناک بەهرەمەند بێت.

