رۆژنامەی ھەولێر

️سەردولکەی بێوەژنێک️

عەبدولڕەحمان فەرهادی
ڕۆژێ دادێ
ئاسۆیی لە دارەبازەیەکت دەنێن
کەس نازانێ سەروکەللەی
سیخناخ بە نھێنییەکانت
دەدەنە دەست کام بستەخاک،
تاھەتایە، سەرزەمین نابینیتەوە.
لەو ژێرزەمینە ڕاکشێ
ئەوانی پێش تۆش ھەر وا بوون
تۆش ئەمەیە چارەنووست.
میلی سەعاتەکەت لە جوولە دەکەوێ
کەسیش گوێی لە دەنگ و سەدای
ڕادیۆ سانیۆکەشت نابێ
کەسێ نابێ زەنگ بۆ مۆبایلەکەت ڕەوانەکات
جلوبەرگ و پێڵاوەکانت عەیامێ
لەناو لاکەوەنتەرەکەی ئەودیو مەتبەخ
تۆز و گەردی زەمانەیان لێ دەنیشێ.
دوای عەیامێ، ژنەکەت دێ
دەیانخاتە ناو شینە توورەگەیەک و
دەیانداتە گەدایەکی بێ ماڵوحاڵ
ئەگەریش نا
لەناو حاویەکەی بەردەرگایان دەئاخنێ..
وردە وردە ھیچ یادگاری و بیرەوەریت
لەم سەردونیایە نامێنێ
ھەمووی دەبن
بە ئاردی ونی ناو دڕک و
سووکەپووشی دەم ڕەشەبا..
ئێستا لەوێ
لە مۆزەخانەی سەرمەستان
وێنەیەکت ھەڵواسراوە
ئەویش تۆز و غوباری زۆر دایپۆشیوە.
بەرەبەیانی هەر ساڵێ
یەکێ زۆر بە حەسرەتەوە دێتە دیارت
ئەو بە جوانی وەسفت دەکات.
ئەویشیان بێوەژنەکەتە
مێشکی لە سەردولکە زیاتر
هیچی تری تێدا نییە.